14 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2017
سلێمانی - AA
پاش كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەمڕۆی بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەسەر پێشنیازەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان تایبەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی هەرێم، لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا وەڵامیان دایەوە، تێیدا هاتووە "ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین كە لە دوای 12ی ئۆكتۆبەری 2015 وە جەختمان لەوە كردۆتەوە كە بۆ چارەسەری كێشە یاسایی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و چارەسەری قەیرانی دارایی و باشكردنی بژێوی و گوزەرانی هاووڵاتیان پێویستە پەرلەمانی كوردستان بەو دەستە سەرۆكایەتییە هەڵبژێردراوەی ئێستایەوە دەست بە كارەكانی بكاتەوە. پەرلەمانی كوردستان وەك باڵاترین مەرجەعی یاساییو شەرعی هاووڵاتیانی كوردستان ئەركی تاوتوێكردنی هەمو ئەو بابەتانەیە كە پەیوەندی بە ژیانی خەڵك و ئایندەی گەلەكەمانەوە هەیە".
لە راگەیەندراوەكەی گۆڕاندا هاتووە: "هەر شێوازێكی تری ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە بە دەستبەكاربونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبولكراو نییە. چونكە هۆكاری سەرەكی ئیفلیجكردنی پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتییەكەی نییە، بەڵكو كۆتاییهاتنی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەوڵی پەرلەمان بو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم. بۆیە هەر هەنگاوێك بەبێ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی و چاكسازی ریشەیی لە بوارەكانی دارایی و كارگێڕی و چاودێری وردی كارەكانی حكومەت نەك چارەسەر نین، بەڵكو پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەباو گەلەكەمان پتر نائومێدو ئەزمونەكەمان و ئاییندەشمان دەخاتە بەردەم ئەگەرو مەترسی گەورەترەوە".
لە كۆبوونەوەی رۆژی 13-6-2017ی نێوان مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی رازی بوو پەرلەمان كارابكرێتەوە و یوسف محەممەد سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن بكات، پاشان دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستنیشان بكرێ و گۆڕان كەسێكی دیكە لەجێگەی یوسف محەممەد دابنێت، ئەو پەیامەش بە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندرا.
لە كۆبوونەوەی رۆژی رابردووی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر، هەردوولا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە پەرلەمانی كوردستان دوای زیاتر لە ساڵێك هەشت مانگ لە راوەستانی كارەكانی كارا بكرێتەوە.
لەو بارەیەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریان داوە كە پەرلەمان كارا بكرێتەوە بە هەمان دەستەی سەرۆكایەتی پێشوو لە كۆبونەوەی یەكەمدا.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان دیاری دەكرێ لە بزووتنەوەی گۆڕان و دەستەیەكی سەۆكایەتی نوێ دیاری دەكرێن، لەپاڵ ئەوەشدا وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە سەر پۆستەكانیان.