هه‌ولێر-AA
- بڕیاره 25ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ خه‌ڵكی كوردستانی عێراق یه‌كه‌مین راپرسیی فه‌رمی له‌سه‌ر چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌یان بده‌ن دوای ئه‌وه‌ی له 2005 راپرسییه‌كی دیكه‌یان كرد، به‌ڵام نافه‌رمی، ئه‌وان بۆ جیابوونه‌وه له‌عێراق به‌زۆرینه له‌گه‌ڵدان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌وڵه‌كان ده‌ستی پێكردووه، به‌ڵام هێشتا كێشه و ته‌گه‌ره‌ش له رێگه‌دان و سه‌رۆكی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان نیعمه‌ت عه‌بدوڵا ده‌ڵێت"ئه‌م رێگه‌یه دڕكی هه‌یه"، بڕیارده‌ری كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسیش ئیسماعیل خورماڵی رایده‌گه‌یه‌نێت یه‌ك پرسیار له ریفراندۆم ده‌كرێت كه به چوار زمان ده‌بێت.ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ریفراندۆم زیره‌ك كه‌مال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت وڵاتانی دونیا وه‌كو ئه‌وه‌ی خۆمان چیمان ده‌وێت مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ل ده‌كه‌ن نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت.
كورد، له‌شه‌ڕی داعشه‌وه بۆ ریفراندۆم
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێرشه‌كانی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به "داعش" گورزی كه‌مه‌رشكێنی به‌هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند، سه‌رباری زیانه ئابوورییه‌كانی، بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌زار و 500 پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی ببنە قوربانی، به‌ڵام به‌ڕای شاره‌زایانه‌وه هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش له‌هه‌مان كاتدا سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی هه‌لێكی زێڕین بوو بۆ كورد تا وڵاتانی جیهان زیاتر له‌م هه‌رێمه نزیك ببنه‌وه و راسته‌وخۆتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ولێر بوویه نیازی زۆرێك له شانده پایه بڵنده‌كانی حكوومه‌ته‌كانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا و جیهانیش به‌گشتی، ئه‌وه‌ش رێگه‌ی بۆ كورد كورت كرده‌وه تا هاوكارییه سه‌ربازییه‌كان بۆ یه‌كه‌مین جار و به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ بگه‌نه هه‌ولێر، پێشمه‌رگه‌كان پێش سووپا و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق بوون به قه‌ڵغان شكێنی داعش و سه‌ركرده و سیاسه‌تمه‌دارانیشی له ناوه‌نده جیهانییه‌كاندا زیاتر ده‌ركه‌وتن، ئه‌وه‌ش وڵاته‌كه‌یان "كوردستان"ی خسته جێی چاوتێبڕین و تێڕامانی زۆرینه‌ی جیهان، ئا ئه‌مه‌ش بوو سه‌ركرده‌كانی كورد به هه‌لییان ده‌زانی بۆ نزیككردنه‌وه‌یان له خه‌ونه مێژینهكهیان كه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه.
له‌دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر مووسڵ له 10ی حوزه‌یرانی 2014 و كه‌وتنی شاره‌كه و دواتر كه‌وتنی چه‌ند شار و پارێزگایه‌كی دیكه، له كه‌ركووك فیرقه‌كانی سوپای عێراق له‌و شاره هه‌ڵاتن، ئه‌مه‌ش رێگهخۆشكهربوو تا هێزه كوردییه‌كان شوێنی ئه‌وان بگرن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی نه‌یانهێشت شاره‌كه بكه‌وێته ده‌ستی چه‌كدارانى داعش، به‌وه‌ش كورده‌كان توانییان زیاتر له‌هه‌موو كاتێكی دیكه به‌تایبه‌ت له‌دوای ساڵی 2003 كه‌ركووك بخه‌نه ژێر ركێفی خۆیان.
كورد ئێستا پتر له هه‌ر كاتێكی تر زیاتر باسی ریفراندۆمی گه‌رم كردووه‌ته‌وه، سه‌ركرده‌كانیشی ئه‌وه ناشارنه‌وه سووربوونییان ئه‌مجاره بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆخی ههرێمهكهیانه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستییان به ئاماده‌كارییه‌كان كردووه تا له 25ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا ئه‌و كاره به به‌رهه‌م بگات.
كورده‌كان كه پێیان وایه وڵاته‌كه‌یان له ساڵی 1920 به‌زۆر به عێراق لكێنراوه و كراوه به‌به‌شێك له‌م وڵاته له سه‌رجه‌م دوو پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی دیكه‌ی عێراق"سوننه، شیعه" كه‌وتوونه‌ته به‌ر زه‌بری ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، به‌هۆكاری نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی، هه‌ربۆیه له‌وێ كاته‌وه زۆرترین شۆڕش و راپه‌ڕینیان دژی حكوومه‌ته‌كانی عێراق كردووه.
له‌رووی مێژووییه‌وه مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌نووس و دیاریكردنی ئه‌و مافه له‌ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌ستی پێكردووه كاتێك حزبی رزگاری كورد بۆ یه‌كه‌م جار له‌ساڵی 1945، دواتر حزبی شیوعی عێراق جارێكی تر له‌ساڵی 1949 داوایان كرده‌وه، و ئه‌مه‌ی دوایی دروشمی" دیموكراسییه‌ت بۆ عێراق و مافی ئۆتۆمی بۆ كوردستان" هه‌ڵگرت.
دوای به‌رده‌وامبوونی شۆڕشه‌كان له 11ی ئادار حكوومه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی كورد به رێبه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی رێككه‌وتنی 11ی ئازاریان راگه‌یاند و تێیدا چه‌ند مافێك له‌چوارچێوه‌ی ئۆتۆنۆمی په‌سه‌ندكرا و ئیدی كورد قۆناغێك چووه پێشه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و رێككه‌وتننه به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ نه‌كرا.
له‌ساڵی 1991ه‌وه هه‌رێمی كوردستان خۆی به‌ڕێوه‌ده‌بات، دوای ئه‌وه‌ی كورده‌كان راپهڕینێكیان له‌دژی به‌عسییه‌كان كرد، ئیدی دواتر په‌رله‌مانییان دامه‌زراند و له 1992 بڕیاری فیدڕاڵییان په‌سه‌ندكرد، دواتریش ئه‌نجوومه‌نی حوكمی عێراق بڕیاری دا وڵات له‌سه‌ر سیسته‌می فیدڕاڵی بێت، ئه‌مه‌ش قۆناغێكی دیكه‌بوو بۆ كورد كه وه‌رچه‌رخان بوو له دۆخهكهیدا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م فیدڕاڵییهتهش هێشتا به لای كورده‌كانه‌وه وه‌كو خۆی نییه.
سه‌رۆكی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان نیعمه‌ت عه‌بدوڵا له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "مافی چاره‌ی خۆنووسین و مافی ده‌وڵه‌ت یه‌كێكه له‌مافه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ر پێكهاته و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئه‌م مافه بۆ كوردیش وه‌كو مافی هه‌مووانه بۆ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه، گه‌لی كوردستان به‌درێژایی مێژوو ئه‌گه‌ر ئه‌و 100 ساڵه‌ش نه‌ڵێین له پێشتریش زۆر خه‌بات و تێكۆشانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كردووه، ئه‌م خه‌باته‌ش پاڵپشتمانه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنین، ناشبێت وا بزانیین رێگه‌كه دڕكی تێدا نییه، به‌ڵام له‌هه‌موو شتێك گرنگتر كۆك بوونی نێو ماڵی كورده، ئێستا بۆ نموونه باوه‌ڕناكه‌م عێراق به ئاسانی و بێ ته‌گه‌ره رێگه به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بدات".
سه‌باره‌ت به‌و راپرسییهشی كه هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه ئه‌نجامی بدات ده‌ڵێت "كێشه‌كانمان له‌گه‌ل به‌غدا كه چاره‌سه‌ر ناكرێت ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رای خه‌ڵك و بزانیین بۆچوونی ئه‌وان چییه، رای گه‌ل زۆر گرنگه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت ئه‌وا ده‌توانیین ئه‌و بڕیار و شتانه‌ی ده‌مانه‌وێت بیكه‌ین به‌بێ ئه‌نجامدانی راپرسی، بۆ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش كاری بۆ بكه‌ین". له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ناوبراو روونی ده‌كاته‌وه" ئه‌و وڵاتانه‌ی كه دژایه‌تی خۆیان بۆ مه‌سه‌له‌كه راگهیهنادووه ئه‌وان دژی راپرسی نیین، به‌ڵكو ئه‌وان دژی سه‌ربه‌خۆی كوردن".
ئاماژه بۆ ئه‌وش ده‌كات كه كورد كارتی گرنگی زۆر به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ راپرسی و دواتریش سه‌ربه‌خۆیی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت" به‌داخه‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوكاریی پێشمه‌رگه‌یان له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش كرد، ئێستا زۆر پاڵپشتیی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ناكه‌ن"، ده‌شڵێت" سه‌ربه‌خۆیی بۆ كورد ئاسان نابێت، بۆیه ده‌بێت كورد به‌یه‌كگرتوویی خۆی و نێو ماڵه‌كه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و دڕكانه بداته‌وه".
كورد پێی وایه له سایكس-پیكۆدا سته‌می گه‌وره‌ی لێكراوه كاتێك كه وڵاته‌كه‌ی دابه‌شكراوه، بۆیه له‌دوای ئه‌وه‌ی كورد له عێراقدا كه‌وتنه به‌ر فۆكه‌سی جیهان، ئێستا ئه‌مان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه پێویسته كۆتایی به‌و رێككه‌وتننامه‌یه بهێنرێـت و نه‌خشه‌ی وڵاتان دابڕێژرێته‌وه و له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانیشدا كورد بگات به مافه‌كانی خۆی.
ریفراندۆم له چوار پارێزگای هه‌رێم و سێ پارێزگای عێراقیش ده‌كرێت
بڕیار بوو له ساڵی 2014 ریفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان بكرێت، دوای ئه‌وه‌ی داعش هێرشی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق هێنا، دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم له زیاتر له بۆنه‌یه‌كدا گوتی ریفراندۆم له پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2016ی ئه‌مریكا ئه‌نجام ده‌درێت، دواتر له 23ی ئاداری ئه‌و ساڵه بارزانی گوتی راپرسی له پێش ئۆكتۆبه‌ر ده‌كرێت، له حه‌وتی ئه‌م مانگه‌شدا به‌شی هه‌ره زۆری حزبه‌كانی كوردستان له‌دوای كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ بارزانی راگهیانگهیاند 25ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ واده‌ی ئه‌نجامدانی راپرسی گشتییه له‌سه‌ر چاره‌نووسی كوردستان.
ئێستا له هه‌رێمی كوردستان جموجۆڵێكی سیاسیی ده‌ستی پێكردووه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كه لایه‌نی راسپێردراوه بۆ گرتنه ئه‌ستۆی به ئه‌نجام گه‌یاندنی پڕۆسه‌ی ریفراندۆم ته‌واو سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌كانه.
بڕیارده‌ری كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له هه‌رێمی كوردستان ئیسماعیل خورماڵی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو به‌متمانه به‌خۆبوونێكی ته‌واوه‌وه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه هه‌رێمه‌كه‌ی به‌جیددی به‌نیازه بچێته ریفراندۆمه‌وه، ئه‌و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت" به‌پێی نووسراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆم له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت له‌گه‌ڵ پارێزگای مووسڵ و كه‌ركوك و به‌شێك له پارێزگای دیاله‌ش، بۆ ئه‌مه‌ش پشت به‌و داتایانه دهبهستیین كه له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوو ره‌چاوكراوه و ئه‌و خه‌ڵكانه‌شی ده‌نگ ده‌ده‌ن ده‌بێت خه‌ڵك ره‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه‌ی خۆیان بن". ده‌شڵێت ئه‌و شوێنانه‌شی راپرسییه‌كه ده‌یانگرێته‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌ی كوردستانن له كه‌مپه‌كاندا سهندوقییان بۆ داده‌نرێت".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمیسیۆن جیاوازیی نێوان ریفراندۆمی ساڵی 2005 و ریفراندۆمی ئه‌مساڵدا ده‌ڵێت چونكه كۆمیسیۆنهكهی ئه‌وان پێی هه‌ڵده‌ستێ ئه‌وا زیاتر فه‌رمی بوونی پێوه‌دیار ده‌بێت و ئه‌وه‌ی پێشتر نا فه‌رمی بوو.
سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌شی كه له كارتی ریفراندۆمدا ده‌كرێت و كاره‌كانی ئه‌وان بۆ دروستكردنی كارت و دابینكردنی پێویستییه‌كان ئیسماعیل خورماڵی بۆ ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت" له‌كارتی ریفراندۆمدا یه‌ك پرسیار هه‌یه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی ئایا ده‌ته‌وێت كوردستان ببێته ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ، دوو بژارده‌ش هه‌یه به‌ڵی و نه‌خێر، ئه‌و كارته‌ش به زمانی كوردی، عه‌ره‌بی، سریانی و توركمانی چاپ ده‌كرێن، ئێستا چاوه‌ڕوانیین كه له‌رووی یاساییه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێم پاڵپشتییمان بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌زوویی كاره‌كانی تهندهریین ته‌واو بكه‌ین و گرێبه‌سته‌كان به‌زوویی به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێت و پێویستییه‌كان بده‌ین به كۆمپانیاكان بۆ دروستكردنییان".
هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئه‌گه‌رچی له‌رووی یاسای و ده‌ستوورییه‌وه هێشتا به‌شێكه له باكووری عێراق، به‌ڵام هه‌رێمێكی خاوه‌ن شێوه سه‌ربه‌خۆییه‌كه به‌تایبه‌ت له‌دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق له‌ساڵی 2003، خاوه‌نی 83 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی رووبه‌ره، ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه به شه‌ش ملیۆن كه‌س ده‌بێت، هه‌رێمی كوردستان سنووری له‌گه‌ڵ ئێران، توركیا، سووریادا هه‌یه، ئه‌گه‌ر له عێراقیش جیاببێته‌وه ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌وا ژماره‌ی دراوسێیه‌كانی ده‌بن به چوار، پایته‌ختی هه‌رێم شاری هه‌ولێره كه یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین شار و چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم.
هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی چه‌ندین جار باجی مل نه‌دانی بهرژێمهكانی عێراق داوه، كیمیابارانكردن، ئه‌نفالكردن كه له‌هه‌ردووكیاندا زیاتر له 200 هه‌زار مرۆڤی كوردستانی وه‌كو هه‌وڵێك بۆ قڕكردنی كورد له‌ناوبران، هه‌زاران گوند و چه‌ندین شارۆچكهشی له‌گه‌ڵ زه‌وییدا ته‌ختكراوه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می رژێمی پێشووی عێراق كه سه‌دام حوسێن سه‌ركردایه‌تیی ده‌كرد.
هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی نه‌وتێكی زۆره كه به بڕی نزیكه‌ی 50 ملیار به‌رمیلی جێگیر داده‌نرێت و پێشبینی دوو هێنده‌ی لێ ده‌كرێت له‌كاتی بوونی رووماڵی زیاتر و پشكنین و به‌دواداگه‌ڕانی پتر بۆ ئه‌م نه‌وته. جگه له بوونی 110 تریلیۆن پێ سێ جا له غازی سرووشتی.
كورده‌كان له‌ساڵی 1991 ده‌ستییان دایه راپه‌ڕین له‌دژی حكوومه‌تی به‌عس و ئه‌وێ كات توانییان هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك له‌ده‌ستی ده‌ربهێنن و دواتر ئه‌م ناوچه‌یه‌یان كه‌وته به‌ر سیسته‌می"نۆ فلای زۆن" و ئیدی كورده‌كانی عێراق بۆ یه‌كه‌م جار له‌مێژووی خۆیاندا بوون به خاوه‌نی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی خۆیان، ئێستا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی په‌رله‌مانێكه 111 كورسیی هه‌یه، مه‌سعود بارزانی كه له‌ساڵی 2005 هه‌ڵبژێردراوه به سه‌رۆكی هه‌رێم دیاریكراوه.
كوردستان له ریفراندۆمی له نافه‌رمییه‌وه بۆ فه‌رمی
له‌پاش داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه له2003 و كه‌وتنی به‌غدا ژماره‌یه‌ك رۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دار و چالاكوان بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێكی نافه‌رمییان دا و ئه‌وه‌بوو داوای جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانییان له عێراق ده‌كرد، ئیدی دواتر ئه‌مه به"بزووتنه‌وه‌ی ریفراندۆم" ناوبرا و له ساڵی 2005 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ په‌رله‌مانی عێراق سه‌ندوق بۆ ریفراندۆمیش دانرا.
دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی ریفراندۆم له 17ی 10ی ساڵی 2003 راگه‌یه‌نرا، له 25ی 12ی ساڵی 2003 كۆنفڕانسی گشتی له‌ژێر دروشمی ئێمه‌ش له‌ژێر دروشمی "ئێمه‌ش خه‌ونمان هه‌یه" له‌شاری هه‌ولێر به‌ست.
به‌پێی ئه‌نجامه كۆتاییه‌كانی ئه‌و ریفراندۆمه رێژه‌ی 98,98 له‌سه‌دی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگییان به به‌ڵی بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له عێراق دا، به‌و پێیه له‌كۆی یه‌ك ملیۆن و 988 هه‌زار و 61 كه‌س، یه‌ك ملیۆن و 973 هه‌زار و 412 كه‌س ده‌نگییان به به‌ڵێ بۆ جیابوونه‌وه، و 20 هه‌زار و 251 كه‌سیش به‌نه‌خێر واته به رێژه‌ی 1,02 ده‌نگییان پێدا، كاغه‌زی سپی و ده‌نگی رهتكراوهش بریتی بوو له چوار هه‌زار و 398 ده‌نگ كه ده‌كاته رێژه‌ی 0,22 له‌سه‌دی ده‌نگده‌ران. جگه له هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، ده‌نگدان بۆ ریفراندۆم له كه‌ركووك و خانه‌قینیش به‌ڕێوه‌چوو.
رێژه‌ی ده‌نگده‌رانی كه‌ركووك رێژه‌ی 99,88 له‌سه‌د بۆ جیابوونه‌وه له‌عێراق ده‌نگییان دا، له نه‌ینه‌واش بریتی بوو له 99,93 له‌سه‌د، له دیاله‌ش بریتی بوو له 98,28، له سلێمانی 99,12 له‌سه‌د و له هه‌ولێر 98,23 له‌سه‌د و له دهۆكیش 99,39 له‌سه‌د بوون.
یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌ران و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی باڵای ریفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان كه له‌ساڵی 2005 ریفراندۆمی یه‌كه‌می له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد زیره‌ك كه‌مال له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه ژماره‌یه‌ك له رۆشنبیران وئه‌دیبان و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسه‌تمه‌داری دیار له‌هه‌رێمی كوردستان پێشبینی ئه‌وه‌مان كردبوو كه عێراق نابێته ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه سیاسه‌تمه‌دار و حزبه‌كانی ئێمه ئه‌و هیوایان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو و له‌ساڵی 2003ه‌وه چوونه‌وه بۆ بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له‌پاش رووخانی رژێمی به‌عس، به‌ڵام ئێمه بزووتنه‌وه‌ی ریفراندۆممان كرد به‌و شوێنه‌ی كه ویستمان ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستانی لێوه بزانیین".
زیره‌ك كه‌مال باس له جۆش و خڕۆشی ئه‌وێ كاتی خه‌ڵك ده‌كات بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی پڕۆسه‌كه و باس له‌وه ده‌كات كه به‌هه‌زاران كه‌س له‌سه‌رجه‌م توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئاماده‌ی كاركردن بوون بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه.
بۆ ریفراندۆمی ئه‌مساڵیش ناوبراو باس له‌وه ده‌كات كه هه‌موو حزبه‌كانی كوردستان یه‌كده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته كورد ریفراندۆم بكات بۆ جیابوونه‌وه و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام به قسه‌ی ئه‌و جیاوازیی له میكانیزمی جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ریفراندۆمه هه‌یه، ده‌شڵێت "پێویسته عه‌قڵییه‌تی حزبایه‌تی دابنێین و شانمان بده‌ینه به‌ر پرسێكی له‌م شێوه‌یه و دوور بكه‌وینه‌وه له ململانێی حزبایه‌تی".
زیره‌ك كه‌مال به‌ده‌م گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی ئه‌وێ كاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ریفراندۆمه‌ی تێدا كرا ده‌ڵێت كه چوونه‌ته لای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له‌ساڵی 2004 ئه‌و یه‌كسه‌ر پێیگوتوون" منیش ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی ریفراندۆمم"، و ئه‌وه‌ش وه‌كو هه‌ڵوێست ده‌گێڕێته‌وه.
ناوبراو له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی وڵاتانیشه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و راپرسییه بۆ ئانادۆڵۆ ده‌ڵێت "له ئێستادا ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئێران به توركیاشه‌وه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وان چی‌یان ده‌وێت، به‌ڵكو به‌وه‌ی ئێمه خۆمان چۆنمان ده‌وێت به‌و مه‌رجه‌ی ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و یه‌ك ده‌نگ له‌ژێر ئاڵای كوردستان ئه‌و پرسه ئه‌نجام بده‌ین، ئه‌و وڵاتانه‌شی به‌ره‌سمی ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا نیین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێمه دا ده‌كه‌ن وه‌كو دیفاكتۆ، چونكه ئێمه راپه‌ڕینمان كرد پرسی كه‌سمان نه‌كرد، دروشمی فیدراڵییهتمان به‌رزكرده‌وه و پرسی كه‌سمان نه‌كرد، ئێمه هه‌ڵبژاردنمان كرد پرسی كه‌سمان نه‌كرد، به‌ڵام ئێمه موجازهفهمان كرد و گو‌ێشمان به‌وه نه‌دا، راسته گرنگه وڵاتانی دونیا له‌گه‌ڵمان بن، به‌ڵام كه نه‌بن ناچارین هه‌ر بڕۆین".
ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی گه‌وره نه‌یه‌نه پێشه‌وه هه‌رێمی كوردستان له 25ی ئه‌یلولدا راپرسی له‌سه‌ر چاره‌نووسی "ناوچه كوردستانییه‌كان" ده‌كات، بۆ ئه‌مه پشت ئه‌ستوره به نه‌وت به پله‌ی یه‌كه‌م، به بوونی هێزی پێشمه‌رگه، به‌هاوسۆزی ژماره‌یه‌ك وڵات له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كورد، له‌گه‌ڵ خراپتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا، كورده‌كان ئێستا به‌كاتی گونجاو بۆ "به‌ده‌وڵه‌ت بوون" ده‌زانن، به‌ڵام به‌لای هه‌ندێكه‌وه هێشتا كوردستان كێشه‌ی زۆری هه‌یه و به‌ده‌ستی زۆر ده‌رده‌وه ده‌ناڵێت له‌نێویاندا گه‌نده‌ڵی، قه‌رزێكی زۆر كه له‌سه‌رییه‌تی، ناكۆكی نێو ماڵی كوردستانی، له پاڵ رێگریی وڵاتانیش.
news_share_descriptionsubscription_contact

