Abdullah Shukur
29 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2015
سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو لە کۆبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی لە شاری دیاربەکر گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە ھێرشی تیرۆریستی کراوەتە سەر سەرۆکی ناوەندی ھەماھەنگی ھەڵبژاردن و ھاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی سندووقەکان لە شارۆچکەی نسێبین.
داودئۆغڵو گوتی: "ئێستا ھاتوونە و دەڵێن ئێوە ھاوکاری داعشتان کردووە. ئێمە دژی ھەموو جۆرە تیرۆرێکین. سەیری ئەوە ناکەین کە لە کێوە ھاتووە. بۆ ئێمە ھەموویان دڕندەن و بکوژن. تیرۆر لە ھەر کێیەکەوە بێت ئەوە تاوانی مرۆڤایەتییە".
ناوبراو ئاشکراشی کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش چەند خانووێکی وەک جبەخانەیان دەستبەسەردا گرتووە و دژی چالاکییەکانی پەکەکەش لە ناوچەی سوور ئۆپەراسیۆنیان دەست پێ کردووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "با بزانن کە لە ٢ی تشرینی یەکەم ئێمە دووبارە دێینەوە سەر دەسەڵات. منیش لێرەوە پەیمانتان پێ دەدەم لە مزگەوتەکان تەنھا دەنگی بانگدان بێت و لە ئاسمانی دیاربەکر ھیچ دەنگێکی دیکە بەدەر لەمە نەبیسترێت".
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە ئەوانەی گەنجەکان ھەڵدەخەڵەتێنن و دەیانبەن بۆ چیاکان و پاشان بە ئایدۆلۆژیای ھەڵە وایان لێ دەکەن ھێرش بکەنە سەر تورک و کورد، زازاکی ئەوا ئەمانە بکوژی راستەقینەن.
جێگەی باسە سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو لە درێژەدا رایگەیاند کە ئەو بۆ بانگھێشتی ئاشتی، ئاسوودەیی، برایەتی، یەکڕیزی ھاتووەتە دیاربەکر.