hemn husain
29 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2016
باڵیۆزی یەکیەتی ئەورووپا پاتریک سایمۆند هەرچەند ماوەیەکی کورتە لە بەغدا دەستبەکاربووە بەڵام لەم ماوەیەدا کۆمەڵیک سەردان و دیداری ئەنجامداوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەردان و دیدارەکانی خستەڕوو.
پاتریک سایمۆند لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی و راوێژکاری ئەنجوومەنی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی و وەزیری ناوخۆ کەریم شنگالی کۆبووەتەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، باڵیۆزی یەکیەتی ئەورووپا پاتریک سایمۆند تیشکی خستە سەر سەردان و کۆبوونەوەکانی لەماوەی دەستبەکاربوونی و گوتی: "لە سەردانەکەمدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند تەوەرێکمان باسکرد کە بریتی بوون لە تەوەری کاروباری ئاسایش و سیاسیی و ئابووری و تەندروستی و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەگەر لە بواری ئاسایشەوە دەست پێ بکەم حەز دەکەم بڵێم کە کوردستان لە پێشەوەی بەرەکانی شەڕە کە رووبەڕووی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووەتەوە، هەروەها کاتێک سەردانی بەرەکانی جەنگم کرد، رێز و ستایشی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە کرد و ستایشی ئەو ئازایەتییەی هێزی پێشمەرگەم کرد کە گیانی خۆیان کردووەتە قوربانی و دژی ئەم رێکخراوە تیرۆریستە دەجەنگن و هیوادارم ئەو هەماهەنگییەی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەکانی عێراقیدا هەیە ئەوا پتەوتر بێت، بێگومان هێزی پێشمەرگە شەڕ دەکات بۆ پاراستنی کوردستان و لە جیاتی ئێمەش شەڕ بۆ ئەورووپا دەکات".
سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆکانییان لەگەڵ سەرکردایەتی کورد بە تایبەت تەوەری سیاسیی، پاتریک سایمۆند گوتی: "ئێمە ئاشناین لە دونیای سیاسیی و دەزانین رێکنەکەوتن هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان بە دیالۆگ باسی کێشە و جیاوازییەکانی خۆیان بکەن، هەروەها خۆشحاڵ بووین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی دەمانەوێت ئاشتبوونەوەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین".
سایمۆند گوتیشی: "من لێرەوە وەکو چاودێر سەیر دەکەم و دەست لەکاروباری لایەنە سیاسییەکانی هەرێم وەرنادەم، بەڵام سەقامگیری لایەنە سیاسییەکان زۆر گرنگە هەروەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش باسی کرد دەبێ رووبەڕووی ئەو تەحەدییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەی هەرێمی کوردستان ببنەوە، ئێمە رەخنە لە کەس ناگرین و پێویستە ئێوەش شانازی بەوە بکەن کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و چەندین هەنگاوی گرنگتان هەبووە و پێشکەوتنێکی گەورەتان هەبووە، هەروەها لەماوەی رابردوودا ئێوە پیشەسازییەکی گەورەی نەوت و گازتان دروست کرد و کەش و هەوایەکی گونجاوتان درووست کرد بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان، بەڵام بەداخەوە ئێستا دۆخی ئابووری زۆر خراپە و بێگومان لەم دۆخەش ئێوە بەرپرسیارنین، چونکە ئەم شەڕەی کە ئێستا دەکرێ خەرجییەکی زۆری تێدەچێت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت و لە هەمانکاتیشدا ژمارەیەکی زۆر ئاوارەتان لەخۆ گرتووە، گرنگە کە ئیستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بگونجێنی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە ئابوورییە و خۆشحاڵم کە حکوومەت هەنگاوی چاکسازی ناوە".....