Hemin Hüseyin
20 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
هەولێر-AA
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ١٢ هەزار وێستگەی دەنگدەران هەیە کە بەسەر دوو هەزار بنکە دابەشکراون و ئاشکرایشی دەکات کە دەنگدانەکە تەنها یەک رۆژە و دەنگدانی تایبەت ناکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، شۆڕش حەسەن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەناو هەر بنکەیەکی دەنگدان چەندین وێستگە هەیە، تا ئەو ئامارەی ئەمڕۆ لەبەردەستدایە، دوو هەزار و ٦٢ بنکەی دەنگدان هەیە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەناو ئەو ژمارەیەش ١٢ هەزار و ٧٢ وێستگەی دەنگدان هەیە، لە هەر وێستگەیەکدا سندوقێک دادەنرێت، کە ئەو سندوقە پڕ بووەوە ئەوا سندوقێکی دیکە دادەندرێت".
شۆڕش حەسەن ئاشکرایشی دەکات کە شوێنێک بۆ راگەیاندکاران و پلە تایبەتەکان تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی لەوێ دەنگ بدەن و گوتی: "بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان راگەیاندکاران و پلە تایبەتەکان کە لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەسەرەوە دەتوانن لەو بنکەیە دەنگ بدەن لە هەموو شارێکیش چەند وێستگەیەک دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی راگەیاندنەکان رووماڵی پەخشی راستەوخۆی لێ بکەن".
سەبارەت بە دەنگدانی ئەو پێشمەرگانەی کە لە هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جەنگن، شۆڕش حەسەن گوتی: "ئەو پێشمەرگانە هەر لەبەرەکانی جەنگ دەنگ دەدەن، چونکە دەنگدانەکە یەک رۆژە و دەنگدانی تایبەت نەما و دەگەڕێنەوە لە هێڵی دواوە دەنگ دەدەن و لەوێ بنکەیان بۆ دادەندرێت".
شۆڕش حەسەن گوتی: "تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ دەزگای راگەیاندنی بیانی خۆیان تۆمارکردووە، زیاتر لە ١٠ تیمی چاودێریی نێودەوڵەتیش خۆیان تۆمارکردووە، داواکاری دیکەش زۆرە، زیاتر لە ٦٠ دەزگای راگەیاندنی ناوخۆییش خۆی تۆمار کردووە، زیاتر لە ٧٠ تیمی چاودێری ناوخۆییش خۆی تۆمار کردووە".
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە میدیاکاران کۆبووەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکەش پێدانی چەند رێنمایی و زانیارییەک بوو بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان لە میانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفراندۆم بتوانن کارەکانییان بە ئاسانی بەڕێوەببەن.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی داتاکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کاروان جەلال گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی بە پێی دواین ئامار، ژمارەی دەنگدەران پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسە بە بێ رەوەندی کوردستانی لە ئەورووپا. ئەو ژمارەیەش بەسەر چەند پارێزگایەک دابەشبوون و لە پارێزگای هەولێر، یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار و پارێزگای سلێمانی، یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار و پارێزگای کەرکووک، ٧٥٠ هەزار و پارێزگای دهۆک، ٨٠٠ هەزار و پارێزگای هەڵەبجە ٨٠ هەزار و دەشتی نەینەوا ٧٥٠ هەزار دەنگدەری هەیە".
کاروان جەلال گوتیشی: "ئەوانەی فۆڕمی خۆراکیان لەسەر پارێزگایەک بووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە و لەوێش بەدواداچوونی بۆ ناوەکەی خۆی نەکردووە، ئەوا ناتوانێت دەنگ بدات، پێویستە ئەوەش بڵێین کە ژمارەیەک کەمپ سندوقی دەنگدانی لێ دادەندرێت، ئەو کەمپانەی کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی لێ نیشتەجێیە بە شێوەیەکی کاتی".
کاروان جەلال ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر نەخۆشخانەیەک ١٠٠ نەخۆشی تیادابێت، ئەوا دەکرێتە بنکەی دەنگدان و سندوقی لێ دادەنێن، هاوکات باسی ئەوەیشی کرد کە ئەوانەی کەم ئەندامن، دەستەکانییان نییە و ناتوانن دەنگ بدەن، ئەوا بەڕێوەبەری بنکەکان دەتوانن بۆچوونییان وەرگرن و لە بەرچاوەی خۆیان، فۆڕمەکەیان بۆ پڕ بکەنەوە".