Hemin Hüseyin
12 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکیان لەسەر ئاستی باڵا لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێجیرڤان بارزانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، شاندەکەی بزووتنەوی گۆڕان-یش پێکهاتبوون لە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.
دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا راگەیەندراوێکی هاوبەشی سێ خاڵیان بڵاوکردەوە کە تیایدا جەختیان لەسەر پتەوبوونی پەیوەندییەکانیان کردووەتەوە و لەسەر ئەوەش کۆک بوون کە بژێوی خەڵکی کوردستان باشتر بکرێت و ریفۆڕمی پێویست لە بوارە جیاجیاکاندا ئەنجام بدرێت.
دەقی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان:
یەکەم: توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێکخستنەوەیان بە گوێرەی قۆناغەکە، ھەلومەرجی سیاسی و ئابووریی کوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ھەروەھا پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و، وڵاتانی دەورووبەر کە بە شێوەیەکی گشتی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە لە خزمەت پێشکەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتماندا بێت.
دووەم: پێکەوە ھەوڵی دروستکردنی یەکگوتاریی کوردستان بدرێت بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانەوە ھەیە و چارەسەری دۆخی ئێستا بکرێت بە شێوەیەک لەگەڵ دەستوور بگونجێت و مافی ھەموو لایەک پارێزراو بێت.
سێیەم: سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نۆیەم و ئۆرگانەکانی دیکە، گفتوگۆ کرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە و ھەردوولا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە قۆناغەکە و ھەلومەرجەکە یەکڕیزی و مشوورخۆریی ھەموو لایەکی پێویستە و دەبێت بە ئاراستەی جددی بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان و ریفۆرمی پێویست لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ دابینکردنی زیاتری سەقامگیری و دڵنیایی و بەھێزبوونی ھەرێم بۆ بەرگەگرتنی تەحەدییەکان، ھەنگاوی گونجاو ھەڵێنرێت.