Hemin Hüseyin
12 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند رێکخراوێک و ژنانی چالاکوان، بە رەچاوکردنی بارودۆخی کوردستان، سێیەمین لووتکەی دیداری ژنانی سەرکردەیان ئەنجامدا کە تیایدا پۆلێک ژن لە دەنگ و رەنگ و پلە و پایە جیاوازەکان بەشداریان تیایدا کرد و ئامانج لەم دیدارەش زیاتر دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانە لە بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی سیاسیی و ئەکتیڤکردنی رۆڵی ژنان لە دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری.
ئەم دیدارە پێنج تەوەری سەرەکی لەخۆ گرتبوو کە بریتیی بوون لە بەشداری ژن لە ناوەندی بڕیاردا، تەوەری یاسایی، ئابووری و دارایی، پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەوەری تەندروستی. ژنانی بەشداربووی دیدارەکەش دەنگ و رەنگی جیاوازیان لە روواڵەتیدا هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ھەمان مەبەستیان ھەیە ئەویش دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانە لە کایەی سیاسییدا، ئەندامێکی دەستەی گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە، ئاماژە بەوە دەکات کە دەیانەوێت هاوشێوەی رێژەی بەشداری ژن لە پەرلەمان، ئەو رێژەیە بگوازنەوە بۆ ناو دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و راشیدەگەیەنێت ئەوەی لە رابردوودا هەبووە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەوان نەبووە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، تانیا تاهیر جەلال لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی سێ ساڵ دەبێت گرووپی ئاشتی بەپێی بارودۆخی هەرێمی کوردستان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی دیدارێک و ئەمساڵیش بە هۆی ئەوەی لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانین و کاتی دانوستانەکان دەستیپێکردەوە، ژنانی سەرکردە لە پارتە سیاسییەکان بە پێویستی دەزانن کە لە دیدارێکی وا کارنامەیەک بۆ حکوومەتی هەرێم ئامادە بکەن کە رێژەی بەشداری ژنان لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دیاریبکرێت".
تانیا تاهیر گوتیشی: "ئەوەی لە رابردوودا هەبووە، لەئاست چاوەڕوانی و تموحی ئێمەدا نەبووە، ئامانجمانە ئێمە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەم لە رووی ئەجێندای کار و ستراتیجییەتی حکوومەتەکەوە رۆڵی کاریگەرمان هەبێت و بتوانین رەنگدانەوە و داخوازییەکانی ژنانی تێدابێت، هەم لە رووی بەشداریکردنی ژنان بە شێوەیەکی کرداری کە رێژەکەی بەرزتر بکەینەوە یان هەر هیچ نەبێت بتوانین رێژەی بەشداری ژن لە کابینەکانی پێشوو جیاوازتر بێت".
لەبارەی ئەنجامی راسپاردە و پێشنیازەکانی دیدارەکانی پێشووتریش، تانیا تاهیر گوتی: "ئەگەر پێشنیاز و راسپاردەکانمان وەربگیرێت یان نا، ئێمە بەردەوام دەبین، بەداخەوە هەندێک جار کولتووری عەقڵیەتی سیاسیی لە هەرێم وایە کە درەنگ بەبیریان دێتەوە کە ژن بەشێکە لە کۆمەڵگا و بەشێکە لە دەسەڵات، گرنگ ئەوەیە دەتوانین وجوودی خۆمان هەبێت و پێشنیاز و راسپاردەکانمان دەخەیەنەڕوو".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان دەیانەوێت هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان، رێژەی بەشداری ژن لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بکەنە لەسەدا ٣٠ و جەختیشی لەوەکردەوە کە پێویستە لەم کابینەیەدا رەچاوی رێژەی بەشداری ژن بکرێت.
گرووپی ئاشتی ژنان لە کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە و ئەمە سێیەمین دیدارە لە نێوان ژنانی سەرکردە و پەرلەمانتاران ئەنجامی دەدات و تیایدا ژنانی سەرکردە لە پارتە سیاسییەکان وپەرلەمانتاران و چالاکوانانی بواری ژنان بەشداری تێدا دەکەن.