Muhammet Ali Kemal
27 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2017
دۆحە - AA
وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی رایگەیاند کە ئەمریکا پشتیوانیی لە چارەسەرکردنی قەیرانی کەنداو بە رێگەی ئاشتییانە دەکات.
محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە، لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، رێکس تیلەرسن ئاماژەی بەوەکردووە کە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشنیازەکانی واشتنۆنیان کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانەکە پێشکەشیکردبوو، تاوتوێکردووە.
ئالسانی باسی لەوەکردووە ئەو وڵاتانەی گەمارۆیان بەسەر قەتەردا سەپاندووە، وەڵامی پێشنیازەکانی ئەمریکایان نەداوەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکیشی سەبارەت بە پێشنیازەکان ئاشکرا نەکرد. ئاشکراشی کرد ئەمریکا خوازیارە قەیرانەکە کۆتایی بێت و پشتیوانیی لە چارەسەرکردنی بە رێگەی ئاشتییانە دەکات.
قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی، رۆژی ٥ی حوزەیرانی رابردوو دوای پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە لایەن هەریەک لە سعوودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن، دەستی پێکرد. ئەو چوار وڵاتەی کە گەمارۆیان خستبوویە سەر قەتەر، لیستێکی داواکاریی ١٣ خاڵی کە خاڵێکیان باس لە ''داخستنی کەناڵی ئەلجەزیرە'' دەکات، بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان پێشکەشی حکوومەتی دۆحە کردبوو، لای خۆیشییەوە قەتەر رایگەیاندبوو هیچ داواکارییەک کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات، پەسەند ناکات.