Rewa Mahmood Hasan
09 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئامادەكارییەكان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ حكوومەتی عێراق، كۆبوویەوە.
ئەمڕۆ نۆی حوزەیرانی ٢٠٢٠، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی شاندی باڵای دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لەگەڵ حكوومەتی عێراق و دوا قۆناغی ئامادەكارییەكان تاوتوێ کران.
لە كۆبوونەوەكەدا كار و راپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەكانی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان تاوتوێ کران.
شاندی حكوومەتی ھەرێم لە كۆبوونەوەكەدا، جەختی كردەوە كە ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، لەسەر پرسە ھەڵپەسێردراوەكان.
پێشتر شاندی حكوومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی مانگی نیسان و سەرەتای ئایاری ٢٠٢٠دا، دووجار سەردانی بەغدایان كردووە، لەو سەردانانەش زنجیرەك كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی باڵای گفتوگۆی عێراق ئەنجامدران.
لە گفتوگۆكانیشدا بناغەیەك بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا دانران كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو دەست پێ بكەنەوە.