Sarmand Hameed
30 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ماوەی چەند مانگێک بوو چاودێری بەناو واڵی عێراقی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان کردووە و، ھەرجارێک کە ھەوڵی کوشتنییان داوە رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.
مستەفا کازمی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا پێشوازیی لە کەسوکاری قوربانیانی ھەردوو تەقینەوە خۆکوژییەکەی گۆڕەپانی تەیەرانی بەغدای کرد و فەرمانیدا بە بەداوادچوونی بەپەلە بۆ داواکارییەکان و جێبەجێکردنیان لەلایەن تیمی کار لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و دەزگای شەھیدان بکرێت.
کازمی لە گوتەیەکدا کە لە میانی پێشوازییەکەدا پێشکەشی کرد رایگەیاند، "پێییانگوتم دەبێ بەشداریی لە پرسەی شەھیدانی تەیەراندا بکەم.. منیش گوتم کە من باوک و برای ھەموو ئەو کەسانەم کەبێ تاوان لە شەقامەکانی بەغدا بوونە قوربانی، ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی منە کە گەڕانێکی دادپەرەوانەم ھەبێت".
کازمی لەبارەی کوژرانی بەناوی والی داعش لە عێراق گوتی: "ماوەی چەند مانگێک بوو چاودێری بەناو واڵی عێراقی چەتەکانی داعشمان دەکرد، ھەرجارێک کە ھەوڵی کوشتنیمان دەدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبووینەوە، دوای رووداوەکەی گۆڕەپانی تەیەران و ھێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە سەڵاحەددین، لەبەردەم عێراقییەکان بەڵێنی ئەوەم دا کە خوێنی ئەو قوربانییە بێتاوانانە بەفێڕۆ ناچێت.. بەھای ئەو خوێنە کوشتنی سەرکردەیەکی داعش نییە لێرە یان لەوێ. بەڵکو سەری ئەو چەتە تاوانکارەیە".
کازمی رووی قسەکانی کردە کەسوکاری قوربانییەکان و گوتی: "برایانتان لە ھێزەکانی ئەمنیی و ھەواڵگریی و سەربازیی درێخییان نەکرد، شەو و رۆژیان خستەسەریەک بۆ چاودێریکردنی ئەو تاوانبارە و ئەوانەی کە لەگەڵیدابوون کە پلانداڕێژەر و ئەنجامدەر و تێوەگلابوون لە رشتنی خۆینی کەسوکارمان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "کاتێک کاتژمێری سفری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە دیارییکرا، دوو رکات نوێژی سوپاسگوزارییم بۆ خودا کرد و فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەم دا، سوپاس بۆ خودا ئەنجامەکەی کوژرانی سەرانی رێکخراوەکە بوو".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "پەیامی من وەک سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە عێراقی مەزن ئەوەیە: خوێنی عێراقی بەبەھایە و ھەرکەسێک بە رشتنی خوێنی عێراقی تێوەبگلێت سزای خۆی وەردەگرێت، ئەمە تەنھا بۆ شەھیدانی تەیەران و سەڵاحەددین نییە، بەڵکو بۆ گشت شەھیدانی عێراقە بە شەھیدانی تشرینیشەوە"، ئەمەش (وەک ئاماژەیەک بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ کە بەھۆیانەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا).
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "خوێنی مستەفا کازمی یان ھەر بەرپرسێکی عێراقی لە خوێنی چایچییەک یان عەلی و عومەر و حوسێن لە گۆڕەپانی تەیەران یان لە خوێنی شەھیدانی حەشدی شەعبی لە سەڵاحەددین، یان شەھیدانی عێراق لە گۆڕەپانی تەحریر یان حەبوبی یان بەسڕە، بە بەھاتر نییە".
کازمی گوتیشی: "بەسە موزایەدەکردن و ئیستیغلالکردنی ھەستی خەڵکی لەپێناو پڕۆژەی سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، لێرە ھەرکەسێک ئیستیغلالی خوێنی شەھیدانی کردبێت بووتە فەرمانڕەوا و ملیاردێر و خاوەنی کوشک و ئۆتۆمبێل.. داعش و ئەوانەی لەیاسا دەرچوون ھەردووکیان وەبەرھێنان بەخوێن دەکەن بۆ دەستکەوتنی پارە و خواستەکانیان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند: "وشەی شەھید چەندین ساڵە یاوەری عێراقییەکانە، گەیشتینە قۆناغی پۆلینکردنی شەھیدان، شەھیدانی جەنگی سەدام.. شەھیدانی بەرگریی لەدژی سەدام.. شەھیدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.. شەھیدانی خۆپیشاندانەکان.. ئیتر بەسە.. خوێنی ھەر عێراقییەک کە بڕژێت شەھیدە لە عێراق و ھەمان مافی دەبێت.. پڕۆژە یاسایەکمان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە و ھیوادارین پەسەندی بکات.. شەرمە خوێنی عێراقییەکان پۆلێن بکرێت.. خوێن خوێنی عێراقییە و ئەمەش خەونی گەورەی بەرپرسیارییەتی ئەخلاقییمانە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی گوتەکانیدا دووبارە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و خودی خۆی کرد و گوتی: "لەبەردەمتاندا وەستاوم تاوەکو بڵێم.. بەھا و دەستکەوتی خوێنی ھەر عێراقییەک دەوڵەتە.. ئەگەر ئەو ھەموو خوێنەمان دابایە و نەگەیشتباینایە بە دەوڵەت ئەوا مێژوو نەفرەتی لێدەکردین، دەوڵەت بەرپرسە لە خوێنی ئێوە و خوێنی من و خوێنی ھەموو عێراقییەک، پێویستە ھەموومان کاربکەن بۆ بنیاتنانی عێراقێکی بەھێز و ئازاد".
جێی ئاماژەیە، رۆژی پێنجشەممە رێککەوتی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، دوو تەقینەوەی خۆكوژی لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا روویاندابوو و لە ئاكامدا، ٣٢ كەس كوژران و ١١٠ی دیكەیش برینداربوون و رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو کردە تیرۆریستییە راگەیاند.
هەروەها رۆژی شەممە رێککەوتی ٢٣ی تشرینی یەکەم، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین ھێرشی كردە سەر لیوای ٢٢ی حەشدی شەعبی.
لە ئاكامی ھێرشەكەدا، فەرماندەی فەوجی سێ سەربە لیوای ٢٢ی حەشدی شەعبی، ئەبو عەلیا حەسناوی و ١١ چەكداری حەشدی شەعبی كوژران.