Azad Muhammet
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
ئەندامی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و نوێنەرى کوردانى ئێزدى لە ئەنجوومەنەکە، ڤیان دەخیل رایگەیاند: "هۆکارى سەرەکى ئاوەدان نەکردنەوەى شنگال و دەستپێنەکردنى خزمەتگوزارییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بوونى پەکەکە لە شنگال، چونکە ئامادەیى بوونی چەکدارى لەو چەشنە هەڕەشەیە لەسەر پڕۆژەکانى حکوومەت و رێکخراوە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکان".
نوێنەرى کوردانى ئێزدى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڤیان دەخیل لە هەڤپەیڤینێکى تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو رایگەیاند: "هەرچەندە زیاتر لە ساڵێکە شارۆچکەى شنگال لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، بەڵام لەڕووى خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوەى شارۆچکەکەدا تا ئێستا وەک پێویست کارەکان نەکراون، هۆکارى سەرەکى ئەمەش بوونى هێزەکانى پەکەکەیە لە شنگال، چونکە بوونی ئەو هێزانە هەڕەشەیەکى جددین لەسەر تەواوى پڕۆژە و خزمەت گوزارییەکان، ئەمەیش ناکرێت تا سەر بەردەوام بێت".
دەخیل راشیگەیاند: "ئەگەر چەکدارانى پەکەکە لە رابردوودا شەڕى دژى داعشیان کردبێتە بیانوو بۆ مانەوەیان، ئەوا لە ئێستادا هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەیان لە شنگال نیە، چونکە زیاتر لە ساڵێکە شارۆچکەکە ئازاد کراوەتەوە و لە تیرۆریستانى داعش پاککراوەتەوە و لە بنەڕەتیشدا جگە لە هێزەکانى پێشمەرگە، شنگال پێویستى بە هیچ هێزێکى دیکە نییە بیپارێزێت، پەکەکەیش لە قۆناغى ئێستا نەک شارۆچکەکە ناپارێزێت، بەڵکو هۆکارى کێشەکانە لە ناوچەکەدا".
ئەو نوێنەرەى کوردانى ئیزدى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەى ئاوەدانکردنەوەى شنگال و گەڕانەوەى ئاوارەکان گوتى: "لە مێژە کارى لەسەر ئاوەدانکردنەوەى شنگال دەکەین و لەسەر داواى ئێمە تا ئێستا لەلایەن حکوومەتى عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڕێک پارە بۆ ئاوەدانکردنەوەى شارۆچکەکە تەرخانکراوە، بەڵام بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال بوودجەیەکى زۆر زیاتر پێویستە، چونکە شارەکە سەد لەسەد وێران بووە و بەهیچ شێوەیەک جێگەى ژیان ئاسایی تێدا نەماوە، پێویستیشە شارۆچکەکە بە زووترین کات ئاوەدان بکرێتەوە و نابێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەندە بیانووگر بن".
هەروەها گوتیشى: "بەڕاستى بوونى پەکەکە لە شنگال و سنوورى شارەکە و بە تایبەت سەر چیاى شنگال، بووەتە هەڕەشەیەکى گەورە لەسەر ئاوەدانکردنەوەى شارۆچکەکە، چونکە زۆرینەى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى هێزەکانى پەکەکە لە ناوچەکە بە مەترسیدار دەزانن و هیچ گەرەنتییەک بۆ ئەو رێکخراوانە نییە کە تووشى هیچ مەترسییەک نەبن لەلایەن پەکەکەوە، بە هەمان شێوەیش حکوومەتى عێراقیش بۆ زۆرینەى پڕۆژەکان بوونى هێزەکانى پەکەکە لە شنگال دەکاتە بیانوو بۆ نەگەیاندنی خزمەت گوزارییەکان".
لە درێژەى هەڤپەیڤینەکەدا ئەو نوێنەرەى کوردانى ئێزیدى ئەوەیشى گوت: "نەبوونى خزمەتگوزارى، ئاوەداننەکردنەوەى شنگال، بوونى پەکەکە لە شارۆچکەکە و ئاژاوەگێڕییەکانى ئەو هێزە هۆکارن بۆ ئەوەى خەڵک نەگەڕێنەوە بۆ شارۆچکەکە، چونکە هەرکەسێک بگەڕێتەوە بۆ شارەکە پێویستە لە کەشێکى ئارامدا ژیان بەسەر ببات و لانى کەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیشى بۆ دابین بکرێت".
"داعش کچ و ژنانى ئێزدى گواستووەتەوە بۆ چەند ناوچەیەکى نادیار".
لە بەشێکى دیکەى هەڤپەیڤینەکەى نوێنەرى کوردانى ئێزدى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڤیان دەخیل گوتى: " لەگەڵ دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ لە کۆى زیاتر لە ٣ هەزار و ٦٠٠ کوردى ئێزدى کە تاکو ئێستا لەژێر دەستى داعش ماون، تەنها توانیوومانە چوار ژن و دوو کچ لە دەست ئەو رێکخراوە رزگار بکەین، ئەمەیش دڵۆپێکە لە دەریایەک، داعش کچ و ژنانى کوردانى ئێزدى لە مووسڵەوە بۆ چەندین شوێنێکی نادیار لە عێراق و سووریا گواستووەتەوە، بۆیە تاکو ئێستا لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ کچ و ژنانى کوردانى ئیزدى رزگار نەکراون، ئەوەش برینى دڵى ئێمەى قوڵتر کردووە".
دەخیل دەڵێت: "تا ئێستا زیاتر لە هەزار ٨٠٠ کوردى ئێزدى لەدەست تیرۆریستانى داعش رزگار کراون، ئەو کچ و ژنانەى لە ژێر دەستى داعش رزگار کراون لەبەر ئەوەى داعش بەشێوەیەکى نامرۆڤانە و دڕندانە مامەڵەى لەبەرامبەردا کردوون بارودۆخى دەروونییان باش نییە، ژمارەیەکیش لە رزگار کراون بۆ چەند بەرنامەیەکى تایبەتى تەندروستى رەوانەى ئەڵمانیا کراون".
ئەو نوێنەرەى کوردانى ئێزدى دەشڵێت: "هەر ژن، کچ، منداڵ و پیاوێکى کوردى ئێزدى لە دەست داعش رزگار کرابێت و لە داهاتووشدا رزگار بکرێت، پێویستە چارەسەرى پزیشکى و دەروونى و کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت تاوەکو بگەڕێنەوە دۆخێکى ئاسایی و بتوانن ژیانێکى ئاسایی لە ناو کۆمەڵگادا بەسەر ببەن، چونکە ئەو کارەساتەى بەسەر کوردانى ئێزدى هاتووە بە رۆژێک و دوو رۆژ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ماوەیەکى دوور و درێژى پێویستە بۆ ئەوەى لایەنى دەروونى و کەسایەتییان جێگیر بێت".
ناوبراو ئاماژە بە بوونى پڕۆژەى چارەسەرى پزیشکى کرد بۆ چارەسەرى کوردانى ئێزدى و گوتى: " ناڵێم پڕۆژەى چارەسەرى پزیشکى بۆ رزگارکراوانى ژێر دەستى داعش نییە، بەڵکو پڕۆژەى پزیشکى هەیە و کارەکانیش بەردەوامن، بەڵام وەک پێویست نییە، ئەگەر ئەو قەیرانە داراییەى کە رووى لە هەرێمى کوردستان کردووە نەبووایە و لە تواناى حکوومەتى هەرێمیشدا بووایە، بێگومانین زۆرترین خزمەتى بۆ کوردانى ئیزدى دەبوو، بەڵام ئەرکە لەسەر حکوومەت پاڵپشتى دامودەزگاکان بکات و هەروەها رێکخراوە ناحکومییەکانیش دەتوانن هاوکاربن و رۆڵییان هەبێت لە بابەتى چارەسەرى تەندروستى رزگارکراوانى ژێر دەستى داعش".
ئەو نوێنەرەى کوردانى ئیزدى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دێتە سەر باسى بە جینۆساید ناساندنى کەیسى کوردانى ئێزدى و دەڵێت: "بەداخەوە چەندین جارە داوا لە حکوومەتى عێراق دەکەین ببێتە ئەندام لە دادگاى نێودەوڵەتى لاهاى، بەڵام تا ئێستا نەبووەتە ئەندام لەم دادگایە ئەمەیش یەکێکە لە بەربەستە هەرە گەورەکان لەبەردەم بەجینۆساید ناساندنى کەیسى کوردانى ئێزدى، هیوادارین حکوومەتى عێراق کارێک بکات بۆ ئەوەى ببێتە ئەندام لە دادگاى نێودەوڵەتى بۆ ئەوەى ئەو تاوانانەى بەسەر کوردانى ئێزدىدا هاتووە هەروا بە ئاسانى تێپەڕ نەبێت و لەبەر چاوى جیهان ون نەبێت".
دەشڵێت: "دەیان کۆنفرانس و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى ناوخۆیی و بیانى هەروەها لەگەڵ رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان هێندەى ئەوە سوودى نابێت عێراق ببێتە ئەندام لە دادگاى نێودەوەڵەتى، ئەگەر ئەم بۆشاییە یاساییە پڕ نەکرێتەوە کۆنفراس و کۆبوونەوەکان بەفیڕۆدانى کات و ماندوو بوونێکى بێ ئەنجامە".
سەبارەت بە پارێزگا بوونى شارۆچکەى شنگالیش، ڤیان دەخیل گوتى: "ئێمە وەک کوردى ئێزدى سوورین لەسەر بەپارێزگا کردنی ىشنگال و هەموو هەوڵەکانمان بەو ئامانجەیە کە شنگال ببێتە پارێزگایەک لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، هەرچەند ژمارەیەک پەرلەمانتارى عەرەبى شۆفێنى هەن دژى بە پارێزگا کردنى شنگال و گەڕانەوەى بۆ سەر هەرێمى کوردستان دەوەستنەوە، بەڵام ئێمە گوێ بەو دەنگە ناشازانە نادەین و بەردەوام دەبین لە داکۆکی کردنى ئەو مافەمان، ئەوانەشى دژى بە پارێزگابوونى شنگالن با ئاوڕێک لە رابردووە پڕ لە کارەسات بارەکانى شارۆچکەکە بدەنەوە و مرۆڤانە بیر بکەنەوە".