Zana Natık Kerem
31 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
لیژنەی رێکخستنی پاڵپشتی و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای لە لایەنگرانی خۆی کرد کە سبەی ئێوارە دووشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٢ لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا خۆپیشاندانی ئاشتییانە ئەنجام بدەن.
لیژنەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "داوای لە لایەنگرانی خۆمان دەکەین کە ئێوارەی سبەی دووشەممە لە ناوچەی سەوز خۆپیشاندان ئەنجام بدەن بە ئامانجی بەرگرتن لە سووکایەتییکردن بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و رێگایش نەدەن پڕۆسەی دیموکراسی تیایدا ھەڵبوەشێندرێتەوە".
دوێنێ شەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، بۆ جاری دووەم لایەنگرانی رەوتی سەدر دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، چوونە ناوچەی سەوز، دواتر ھەڵیانکوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستیان بە مانگرتن کرد کە تا ئێستا بەردەوامە.
لەئێستادا ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان ترسی ئەوەیان ھەیە رەوشەکە بۆ خوێنڕشتن سەربکێشێت.
ھەروەھا ژمارەیەک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی لە عێراق وای بۆ دەچن ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات، سەرەتایەکە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی و چاکسازی راستەقینە.
بەڵام بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی ھۆشداریی دهدهن کە ئەگەری ھەیە بەھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی شەڕ لەنێو ماڵی شیعەدا رووبدات.