Dmitri Chirciu
31 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2022
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ رایگەیاند لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە بۆ ئێستا چوار هەزار و ١٩٥ تانک و زریپۆشی سەربە سوپای ئۆکراینایان لەناو بردووە.
کۆناشینکۆڤ، زانیاری لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئاشکرای کرد لە ئەنجامی هێرشێک بە چەکی زۆر هەستیار بۆسەر ئەو ناوەندەی کە لیوای ٧٢هەمینی میکانیکیی سوپای ئۆکراینا بەشێوەیەکی کاتی لە ناوچەی دۆنێتسک-ی ئۆکراینا بەکاریدەهێنا نزیکەی ٥٠ سەرباز و ١٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی لە رێگەی سستەمی تۆپهاوێژی جۆری " Msta-B " لەناوبران و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ناوچەی خارکیڤ نزیکەی ٣٥٠ ئەندامی گرووپی "کارکەن" لە چالاکی خراون.
کۆناشینکۆڤ، جەختی لەوەش کردەوە کە هێرشی هێزەکانی رووسیا بۆسەر سەربازەکانی ئۆکراینا بەردەوامە و زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٣ ناوەندی بەڕێوەبردن و چوار کۆگای تەقەمەنی لەناوبراون .
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتی:"تاکو ئەمڕۆ، ٢٦١ فڕۆکە، ١٤٥ ھێلیکۆپتەر، ھەزار و ٦٤٩ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٦١ سستەمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی، چوار ھەزار و ١٩٥ تانک و زریپۆش، ٧٧٣ راجیمە، سێ ھەزار و ٢٢٠ تۆپھاوێژ و ھاوەن، چوار ھەزار و ٦١٩ ئۆتۆمبیلی تایبەتی سەربازیی ئۆکراینا لەناوبراون".
ئەوەش راگەیەندرا کە رووسیا بانگهێشتنامەیەکی بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ناردووە بۆ ئەوەی پسپۆران بەشداربن لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەو هێرشی مووشەکییەی کە لە ٢٩ی تەمووز کرایە سەر گرتوخانەیەکی ناوچەی نیشتەجێبوونی ئۆلینیڤکای ئۆکراینا کە سەربازی ئۆکراینی تێدا بە دیل گیراوبوون.