رێبه‌ری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند: "ئەو شۆڕشە خۆڕسکە ئاشتییانەیە، وەک قۆناغی یەکەم ناوچەی سەوزی ئازادکرد و ئێستا دەرفەتێکی گەورە بۆ کۆتاییھێنان بە ستەم، گەندەڵیی و تاکڕەویی دەسەڵات ھاتووەتە ئاراوە".
موقتەدا سەدر پەیامێکی لەبارەی خۆپیشاندانی لایەنگرانی لە شاری بەغدا بڵاوکردەوە کە تیایدا خۆپیشاندانەکانی بە "شۆڕش" لەقەڵەمداوە و رایگەیاندووە: "ئەو شۆڕشە خۆڕسکە ئاشتییانەیە کە وەک قۆناغی یەکەم ناوچەی سەوزی ئازادکرد، دەرەفەتێکی زێڕینە بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە بە ئاگری ستەم، تیرۆر، گەندەڵی، داگیرکاریی و پاشکۆیەتیی سووتاون".
ھەروەھا رێبه‌ری رەوتی سەدر نووسیوویەتی: "ھیوادارم ئەم دەرفەتە زێڕینە وەک دەرفەتە زێڕینەکەی ساڵی ٢٠١٦ لەدەست نەدرێت، چونکە ئەمە دەرفەتێکه بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم، گەندەڵیی و تاکڕەویی دەسەڵات، ھەروەھا ھاوسۆزی بۆ ده‌ره‌وه و پشکپشکێنە که لە رۆژی داگیرکردنییه‌وه تا ئەمڕۆ به‌سه‌ر عێراقدا سه‌پێنراوه".
موقته‌دا سه‌در باسی لەوەش کردووە، ئێستا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستمی سیاسی، دەستوور و ھەڵبژارندا هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه: "ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئەگەر ھەڵبژاردن ساختەکاری تێدا بكرێت له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تی قووڵ ئه‌وا ده‌بێته ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، بەڵام ئەگەر ھەڵبژاردنێکی پاک و پێگەرد ئەنجامدرا كه ببێته ھۆی راماڵینی گەندەڵکاران، ئەوا ده‌بێته هه‌ڵبژاردنێكی ساخته و له‌لایه‌ن گه‌نده‌ڵكاران و له‌لایه‌ك بانگه‌شه‌كاره فێڵاوییهكان ده‌ستی تێوه‌رده‌ده‌ن".
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "گەلی عێراق لەگەڵ چاكسازیی، دیموكراسیی، هاووڵاتییبوون، یاسا، سه‌ربه‌خۆیی، سه‌روه‌ریی و شكۆ و ئه‌وه‌یه كه چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت، ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز كه به‌ر له ھەژارەکان یاساکان بەسەر خودی خۆیدا جێبەجێبكات و جیاوازی نه‌كات لەنێوان دەسەڵاتداران، میلیشیا و خەڵکی ئاسایی‌دا".
موقتەدا سەدر ئەوەیشی نووسیووە: "ئێوە ھەمووتان بەرپرسن، بەرپرسیارێتیتان لەژێر تاقیکردنەوەدایە، یان عێراقێکی باڵا له‌نێو وڵاتاندا یاخود عێراقێکی شوێنکەوتە کە گەندەڵان و شوێنكه‌وته‌كان و ئەوانەی خاوەنی ته‌ماحی ئه‌م دنیایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بن تێیدا و لە لایەن دەستی خۆرئاوایی و خۆرھەڵاتییەوە دهجوولێنرێن".
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "ئەو کەسەی کە گوێی لە ھۆشیارکردنەوە له‌پێناو چاکسازیی بوو، و ھەوڵی سەرخستنی نەدا، ئەوا دیلی توندوتیژی، میلیشیا، رفاندن، تەماحكاریی، تۆقاندنن، په‌راوێزخستن، هه‌ژاریی، ژێرده‌ستیی و له‌ناوبردنی شكۆیه، بۆیە ھەمووتان خۆتان ئامادە بکەن و داوای چاکسازیی بکەن".
موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە: "داوا لە ھەمووان دەکەم، پشتیوان بن بۆ سەرخستنی شۆڕشگێرانی چاکسازیی، چونکە ئەوەی ئێستا ھەیە دەرفەتێکە و ئەگەر لەدەستتان دا، ئەوا لۆمەی من نەکەن، چونکە من بەردەوام داوای چاکسازییم بۆ ئێوە کردووە، ئێوەیش نیشتمان و شكۆی خۆتان رزگار بکەن".
دوێنێ شەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، بۆ جاری دووەم لایەنگرانی رەوتی سەدر دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، چوونە ناوچەی سەوز، دواتر ھەڵیانکوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستیان بە مانگرتن کرد کە تا ئێستا بەردەوامە.
لەئێستادا ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان ترسی ئەوەیان ھەیە رەوشەکە بۆ خوێنڕشتن سەربکێشێت.
ھەروەھا ژمارەیەک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی لە عێراق وای بۆ دەچن ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات، سەرەتایەکە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی و چاکسازی راستەقینە.
بەڵام بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی ھۆشداریی ده‌ده‌ن کە ئەگەری ھەیە بەھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی شەڕ لەنێو ماڵی شیعەدا رووبدات.