Hamza mansur
25 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2016
بەغدا
سەرۆكی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر رایگەیاند، یەكەم قۆناغی چاكسازی نێوخۆی دەستپێكرد و لەو چوارچێوەیەدا بڕیاریدا، سەرجەم نووسینگەكانی شەهید سەدر لە هەموو پارێزگاكانی عێراق جگە لە پارێزگای نەجەف نەبێت، دابخرێن و شوێنی نووسینگەكان بكرێنە شوێنی نیشتەجێبوون.
لە بەیاننامەیەكدا سەدر داوای كردووە، بەرێوەبەرانی نووسینگەكانی شەهید سەدر لەگەڵ لیژنەیەكی تایبەتدا كار بكەن ئەو نووسینگانە بكەنە شوێنی نیشتەجێكردنی ئەوانەی بێ ماڵ و حاڵن.
هەر لەو بەیاننامەیەدا سەدر بڕیاری دا، "باڵەخانی دەزگاكانی لە نەجەف كە دەكەوێتە بەرامبەر شارەوانی چۆڵ بكرێت و بۆ نیشتەجێكردنی ئەوانەی بێ ماڵن، بەڵام بەو مەرجەی ئەوانەی ئەو شوێنانەیان بۆ نیشتەجێ بوون پێدەدرێت، هیچ مووچەیان نەبێت و بێ كاربن و خاوەنی موڵک نەبن".
هەروەها موقتەدا سەدر داوایكردووە: "دەستبەجێ بارەگای دەستەی سیاسی لە بەغدا چۆڵ بكرێت و وەك شوێنی نیشتەجێ بۆ هەندێک لە خێزانە ئاوارەی ناوچە داگیركراوەكان تەرخان بكرێت".
لە كۆتایی بەیاننامەیەكەدا، سەرۆكی رەوتی سەدر جەخت كردووەتەوە: "لە دوای بەرواری راگەیاندنی ئەم بڕیارانە، دەبێت لە ماوەی كەمتر لە مانگێك بڕیارەكان جێبەجێ بكرێن و دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، قۆناغی دووەم چاكسازی رادەگەیەنرێت".