Zana Natık Kerem
24 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2017
بەغدا ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد كە لەدوای تیرۆركردنی لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی گەندەڵی بەردەوامبن و دووپاتیكردەوە كە بەهۆی داواكانی بۆ پڕۆژەی چاكسازی نامەی هەڕەشەی كوشتنی بەدەست گەیشتووە.
ئەمڕۆ هەینی لەبەردەم دەیان هەزار كەس لەلایەنگرانی لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا،سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر گوتارێکی پێشكەشی كرد.
موقتەدا سەدر گوتی: "لە هەندێك خاڵی گرنگ ئاگادارتان دەكەمەوە كە لەسەری بەردەوام بن، یەكەمیان بەردەوامیدان بەشۆڕشی چاكسازی بێ ماندبوون و سڵ کردنەوە تەنانەت ئەگەر كوژرام، دووەم پارێزگاریكردن لە ئارامبوونی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكان تاوەکو كۆتایی، رازی نابم خۆپیشاندانەكان بەئاراستەیەكی دیكەدا ببردرێت".
لە گوتەكەیدا سەركردەی رەوتی سەدر دووپاتیكردەوە بەهۆی بەردەوامی دان بەخۆپیشاندانی ناڕەزایی جەماوەری دژی گەندەڵی لەلایەن هەندێك لایەنەوە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە.
موقتەدا سەدر گوتیشی: "مانەوەی ئەم کۆمیسیۆنە بەمشێوەیە تاوانە و درێژەدانە بە تاوان، چونکە لە رێگەی ساختەکارییەوە هەوڵدەدرێت ئەمجۆرە روخسارانە لەسەر دەسەڵات بهێڵدرێنەوە ، ئێمە فەرمان دەدەین ئەگەر ئەمانە گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت بەهێچ شێوەیەک بەشداریی هەڵبژاردنەکان نەکەن. دوایین بڕیاریش بۆ ئێوەیە، یان ئەوەتا سەردەکەون، یان گەندەڵەکان سەرکەوتوو دەبن کە ئێمە ئەوەمان ناوێت".
سەركردەی رەوتی سەدر داوای لەلایەنگرانی كرد پشتیوانی هێزەكانی سوپای عێراق بكەن و دووپاتشیكردەوە كە پێویستە هێزەكانی ئەمن دوور لە هێزی بیانی یان داگیركەر خۆیان ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان بپارێزن.
لە كۆتایی گوتەكەیدا، موقتەدا سەدر داوای یەكگرتوویی لە گەلی عێراق كرد.
ئەمڕۆ هەینی، بەهەزاران كەس لە لایەنگرانی سەربە رەوتی سەدر لە گۆرەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا كۆبوونەوە و ناڕەزاییان لەدژی گەندەڵی دەربڕی و داوای چاكسازییان كرد.