Sangar Hamad Azeez,Mazın Asad
05 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2017
پاریس - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، لەبارەی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "تاکو ئێستا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام گرنگە کە کاتێک دیاری بکرێت، ئەگەر لەو کاتەدا ئەگەر بییەوێت هەنگاو بنێت، هەنگاو دەنێت ئەگەرنا ئەوکات ئێمە بە گرنگییەوە هەڵسەنگاندن بۆ داواکانی حکوومەتی ناوەندی عێراق دەکەین".
چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی، ژان ئێڤ لۆ دریان ، لێدوانی بۆ میدیاکانی تورکیا دا.
سەبارەت بە نێوەندگیری سەرکۆماری فەڕەنسا ماکرۆن لە کێشەی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و حکوومەتی ناوەندی عێراق چاوشئۆغڵو گوتی: "ئێمە پشتیوانی هەموو جۆرە هەنگاوێک دەکەین بۆ چارەسەری کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر بەڵام گومانم هەیە کە تەنیا یەک وڵات بتوانێت نێوەندگیری نێوان ئەو دوو لایەنە بکات".
چاوشئۆغڵو لە درێژەدا گوتی: "ئەمڕۆ لە فەڕەنسا لەبارەی ئەو بابەتەوە دواین، هاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بۆ فەڕەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن و وەزیری دەرەوە، دیاری دەکات کە فەڕەنساش پشتیوانی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات. ئێمە داوامان وایە ئەو کێشەیە لە ژێر رۆشنایی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت".
چاوشئۆغڵو گوتیشی: "ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستانی عێراق بە گوێرەی دەستوور مافەکانی وەرنەگرتبێت ئەوا دەتوانێت لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، ئێمەش پشتیوانیان دەکەین، ئێمە زۆر لەمەو پێش لەبارەی ئەو بابەتە گفتوگۆمان لەگەڵ بارزانی کرد. پێمان راگەیاند کە پشتیوانیان دەکەین بە سەندنی مافەکانیان بە پیێ دەستووری عێراق. بەڵام ئەوەشمان پێ راگەیاندبوو کە ئێمە دژی گشتپرسین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە لە پێناو گەڕانەوە لەو ھەڵەیە پێویستە ئیدارەی ھەرێمی کوردستان گشت ھەوڵێک بخاتەگەڕ و گوتیشی: "پێویستە ھەموو لایەک ھەڵوێستی وەک پێش ریفراندۆم بە بەھێزی بپارێزێت. ئەمڕۆ بە بەرپرسانی فەڕەنساشمان گوت. رەنگە بارزانی پاشگەزببێتەوە. بە گوێنەدان بە بانگەوازییەکانی پێش ریفراندۆم، ئایندەی عێراق بە تایبەتیش ئایندەی کوردەکانی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام پێویستە گوێ بەم بانگەوازییانە بدات و لە ھەڵەکەی پاشگەز بێتەوە".
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی لەوەش کردەوە کە لەسەر ئاستی باڵا بانگەوازییان کردووە کە سەرکۆماریش کردوویەتی و راشیگەیاند دوێنێ ئەو پرسەیان لەگەڵ ئێرانیش تاوتوێ کردووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "ھیواخوازم لەم ھەڵەیە پاشگەز ببنەوە. ئێمە چەند بڕیارێکمان داوە و گوتوومانە ئەگەر لە ھەڵەکانیان پاشگەز نەبنەوە، ئەوا لەمەودوا موخاتەبی ئێمە بەغدایە. ھەنگاوەکانی ئێمە و ئەو ھەنگاو و بڕیارانەی بەغدا دەیدات، بنەمایەک پێک دەھێنێت، چونکە موخاتەبی سەرەکی ئێمە ئیدارەی عێراق و بەغدایە".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا کە تورکیا گشت رێککەوتنە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ بەغدا کردووە و راشیگەیاند سنوورەکانیش سنووری نێوان عێراق و تورکیایە نەک سنووری نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان.
راشیگەیاند بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە، پێویستە دەستبەجێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا کاتێکی دیاریکراو بە ھەرێمی کوردستان دراوە، چاوشئۆغڵو گوتی: "ئەم ھەنگاوانە پێویستە بە ھەماھەنگی بھاوێژرێت. ئێمە چەند بڕیارێکمان داوە. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە و پێشنیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ھەیە و لە پەرلەمانیش مۆڵەتی درێژکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی لە دەرەوەی سنوور دراوە. پێویستە ئیدارەی عێراق سەرپەرشتی ئەمە بکات. ھێشتا نەگەیشتووینەتە ئەم قۆناغە، بەڵام گفتوگۆی لەسەر دەکەین. عەبادی و بەڕێز سەرۆکوەزیرانمان بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کردبوو. لەم قۆناغەدا پێش ھاوێشتنی ھەنگاوەکان، وادەیەک دیاری دەکرێت، بەڵام لەسەرخۆ بۆ ئەم قۆناغە دەڕۆین. تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام گرنگە کە کاتێک دیاری بکرێت، ئەوکات لەو کاتەدا ئەگەر بییەوێت هەنگاو بنێت، هەنگاو دەنێت ئەگەرنا ئەوکات ئێمە بە گرنگییەوە هەڵسەنگاندن بۆ داواکانی حکوومەتی ناوەندی عێراق دەکەین".