Muhammet Ali Kemal
16 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2016
لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆردوومانی بنکە و بارەگاگانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەهەردوو ناوچەی ئەرشاف و دابق لە باکووری سووریا کرد و 2 پێگەی بەرگریی رێکخراوەکە، 3 ناوەندی فەرماندەیی و چاودێریی کردن و تاوەرێکی بەخشینی زانیارییان خاپوور کرد. لەئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییشدا بۆسەر هەمان ناوچە، 7 چەکداری رێکخراوەکە کوژران.
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بەمەبەستی لەناوبردنی هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و لەسەروو هەموویانەوە، هەڕەشەکانی داعش و دەستەبەرکردنی ئاسایش لەسەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە و پشتیوانییکردنی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، دەستیپێکراوە، درێژەی هەیە.
لەوچوارچێوەیەشدا لە 54 ـەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزێکی تایبەت لەچەکدارانی ئۆپۆزسیۆن، بەپشتیوانیی بۆروومانی چڕی ئاسمانیی و زەمینیی، کۆنترۆڵی هەریەک لەناوچەکانی غەیتوون و گەیلانییەیان لەرۆژهەڵاتی مارع کرد و هێرشی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەرشاف درێژەی هەیە.
دوێنێش لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش کوژران، 9 چەکداری سوپای سووریای ئازاد گیانیان لەدەستدا و 28 چەکداری دیکەیان برینداربوون. هاوکات 84 پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەناوبران.
لەئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆدا بۆ سەرناوچەی ئەرشاف و دابق، هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا شەش بۆمبیان ئاراستەی شەش ئامانجی داعش کرد، لەو چوارچێوەیەشدا 2 پێگەی بەرگریی رێکخراوەکە، 3 ناوەندی فەرماندەیی و چاودێریی کردن و تاوەرێکی بەخشینی زانیارییان خاپوور کرد.
هاوکات هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، 8 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ژمارەیەک پێگەی دەستنیشانکراوی داعش ئەنجامدا. لەهێرشەکاندا 7 چەکداری رێکخراوەکە کوژران و 2 پێگەی بەرگری لەناوبران.
دوێنێ تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب و تەقەمەنی کە پشتیوانیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، مینێک و 24 بۆمبی دەستکردیان پووچەڵ کردووەتەوە. لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا 29 مین و 180 بۆمبی دەستکردی چێنراو پووچەڵ کراونەتەوە و تەقێنراونەتەوە.
لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە تاکو ئێستا نزیکەی هەزار و 130 کیلۆمەتر دووجا لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵکراوەتەوە.