Ramal Mahmood
16 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2016
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو، گوتی: " پێشنیارێکمان پێشکەش کرد لەمەڕ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ شاری حەلەب. داوامان کرد کە کاروانێکی ھاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتی پێکبھێنرێت. بەم شێوەیەش ئەمە دەبێتە سیمبۆلێک و ھێرشیش ناکرێتە سەر کاروانەکە".
چاوشئۆغڵو لە دوای کۆبوونەوەکەی شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا لەبارەی سووریاوە، لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسەکانی ئاگربەست لە شاری حەلەب و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی کردووە.
چاوشئۆغڵو گوتیشی: "لەبەر ئەوەی کۆبوونەوەی گرووپی پشتیوانی نێودەوڵەتی سووریا نەبوو، ھیچ بڕیارێک دەرنەکرا. بۆچوونی جیاواز لە کۆبوونەوەکە ھەبوو. ئێمە وەک تورکیا بۆچوونی خۆمان بە روونی لەبارەی ئاگربەست لە سووریا و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی خستەڕوو. پێویستە چی زووە بۆرردومانەکان و هەموو جۆرە هێرشەکان بوەستێنرێن و بە کرداری پێکدادانەکان رابگیرێن".
چاوشئۆغلو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە بەبێ ئەوەی زیاتر کات بەفیڕۆ بدرێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێتە حەلەب، جەختیشی لە گرنگی ئەوە کردەوە کە بەبێ جیاکاری هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرێنە جێی مەبەست. ئەوەیشی خستەڕوو لەوبارەیەوە تورکیا پێشنیازێکی هەیە، گوتی: "پێشنیارێکمان پێشکەش کرد لەمەڕ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ شاری حەلەب. داوامان کرد کە کاروانێکی ھاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتی پێکبھێنرێت. بەم شێوەیەش ئەمە دەبێتە سیمبۆڵێک و ھێرشیش ناکرێتە سەر کاروانەکە".
چاوشئۆغڵو وەبیری هێنایەوە کە تەنانەت لەجەژنیشدا بارهەڵگرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکاری مرۆییان هەڵگرتبوو کرانە ئامانجی هێرشەکان، بەپێویستیشیزانی بەر بەو هێرشانە بگیرێت و دەرفەتی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی. دووپاتیشی کردەوە کە بەدڵنیاییەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە دانوستانی سیاسیی دەست پێبکاتەوە، گوتی: "هەرچەند هێنانەدی ئەوە سەختیش بێت، ئەمڕۆ هەموو لایەنەکان لەبارەی پێویستی دەستپیکردنی دانووستانی سیاسیی بەزووترین کات هاوڕان. پێویستە رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەسەر یەک مێز کۆببنەوە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی داھاتووی سووریا بخەنەڕوو. ئۆپۆزسیۆن بۆچوونی خۆی لەبارەی ئاییندەی سووریاوە بۆ ئێمە و هەموو جیهان خستووەتەڕوو. لەبارەیەیشەوە بەراستی خۆیان سەلماندووە. پێویستە رژێمیش هەمان تێگەیشتنی هەبێت. چونکە تەنها بە خستنەرووی بۆچوونی ئۆپۆزسیۆن چارەسەر نابێت".