هەولێر - AA
جێگرى دووەمی سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بەشیر خەلیل حەداد لە هەڤپەیڤینێکدا وەڵامى پرسیارەکانى پەیامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵوی لەبارەى پێکهێنانى کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان لە بوودجەى ٢٠١٩ى عێراق، مەرجى کورد لە حکوومەتى نوێى عێراقدا، سەردانى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ عێراق، چارەنووسى کارمەندە سڕکراوەکانى کۆمیسیۆن و دانیشتنى سبەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، دەداتەوە.
ئاژانسى ئانادۆڵو: سیناریۆکانى پێکهێنانى کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق و سیناریۆکانى بەشدارى کورد لەم کابینەیەدا چین؟
بەشیر خەلیل حەداد: لە ئێستادا هەموو لایەنە سیاسییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان فشار دەخەنە سەر سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى چوارەمى عێراق، عادل عەبدولمەهدى بۆ ئەوەى بە زووترین کات کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق پێکبهێنێت، چونکە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە، پێکهێنانى حکوومەت چەند دوا بکەوێت، رووبەڕووى کێشە و گیروگرفتى زیاتر دەبێتەوە، حکوومەتى عێراق بە سازانى گشت لایەنەکان پێکدەهێندرێت، بۆ بەشدارى کورد لە حکوومەتى نوێى عێراقدا سێ سیناریۆ هەیە، یەکەمیان کە لەم دۆخەدا ئاسان نییە، بریتییە لە بەشداریکردنی کورد بە یەک پاکێج، هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان پێکەوە داواى پشکى خۆیان بکەن لە حکوومەتى نوێى عێراقدا و، دواتر پشکى هەرێمى کوردستان بە رێککەوتنى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێن.
سیناریۆى دووەم بەشداریکردنە بە جیا، هەر لایەنێک رێککەوتن بکات و، داواى پشکى خۆى بکات لە حکوومەتى عێراقدا و سێیەم سیناریۆ بۆ بەشداریکردنى کورد لە کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق بە پێوەرى ژمارەى کورسییەکان و ژمارەى دەنگەکانى بێت کە لە هەڵبژاردن بە دەستیهێناوە، کامە لیست خاوەن زۆرترین کورسییە لە ئەنجوومەنى نوێنەران، پشکى زیاترى بەردەکەوێت.
ئاژانسى ئانادۆڵو: باشترین سیناریۆ بۆ کورد کامەیە؟
بەشیر خەلیل حەداد :باشترین سیناریۆ بۆ بەشداریکردنى کورد لە پێکهێنانى کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق ئەوەیە بە یەک پاکێج لەبەردەم سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق داواى ماف و پشکەکانى هەرێمى کوردستان بکرێت، نەک بە پەرتەوازەیی و بە رێککەوتنى جیا جیا، ئەگەر ئەمە جێبەجێ نەکرا، دەبێت بەپێى ژمارەى کورسییەکان و ژمارەى دەنگدەران، لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان مافى خۆیان وەربگرن.
ئاژانسى ئانادۆڵو: کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق چەند وەزارەت دەبێت و چەند وەزارەت بۆ کورد دەبێت؟
حەداد: لە کابینەى نوێى حکوومەتى عێراقدا ژمارەى وەزارەتەکانى حکوومەتى عێراق گۆڕانکارییان بەسەدا دێت و رەنگە کەم بکرێنەوە، هەموو پێکهاتەکان و، بە تایبەت کورد هەوڵدەدات بۆ ئەوەى لە چوارچێوەى مافەکانى خۆیدا ژمارەیەک وەزارەتى گرنگ لە حکوومەتى نوێى عێراق وەربگرێت.
- بوودجە
ئاژانسى ئانادۆڵو: پشکى هەرێمى کوردستان لە بوودجەى ساڵى ٢٠١٩ى عێراق چەند دەبێت؟
جێگرى دووەمی سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بەشیر خەلیل حەداد: لە ئێستادا رەشنووسى بوودجەى ساڵى ٢٠١٩ى عێراق لە ئەنجوومەنى وەزیرانە، دواى وردبینییەکانى وەزارەت رەنگە گۆڕانکارى تیایدا رووبدات و ئینجا رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بکرێت و دەنگى لەسەر بدرێت، هەر کەموکوڕییەک لە بوودجەى عێراق و پشکى کورد لەو بوودجەیەدا هەبێت رەتیدەکەینەوە و دەینێرینەوە ئەنجوومەنى وەزیران، ئەگەر کەموکوڕییەکان چارەسەر نەکرێت، ئەوکاتە پێکهاتەى کورد لە عێراق دەنگ نادات بۆ پەسەندکردنى بوودجەى ساڵى ٢٠١٩ى عێراق، ئەمەیش کێشەى سیاسى دەهێنێتە ئاراوە.
ئاژانسى ئانادۆڵو: چى دەکەن بۆ ئەوەى پشکى هەرێم لە بوودجەى ٢٠١٩ ى عێراق کەم نەکرێتەوە؟
بەشیر حەداد: داواکاری نەگۆڕى ئێمە لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بوودجەى ساڵانەى عێراقدا، لە سەدا ١٧یە، چونکە رێککەوتنێکى سیاسیی لەسەر ئەم رێژەیە کراوە، ئێمە پێمانوایە ئەگەر سەرژمێرییەک بۆ دانیشتووانى عێراق و هەرێمى کوردستان بکرێت، بە گوێرەى ژمارەى دانیشتووان بوودجە تەرخان بکرێت، پشکى هەرێمى کوردستان لە بوودجەى عێراقدا لە سەدا ١٧ زیاتر دەبێت. بەڵام لەبەر ئەوەى سەرژمێرى نەکراوە، بە رێژەى سەدا ١٧ رازین، لە ئێستادا نەفەقاتى سیادى زیاتر کراوە، بەمەیش ئەگەر رێژەى سەدا ١٧ پشکى هەرێمى کوردستان بێت، کەم دەبێتەوە بۆ سەدا ١٤، جا ئەگەر پشکى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى ٢٠١٩ کەم بکرێتەوە بۆ لەسەدا ١٢ وەکو ساڵى رابردوو، بە لێدەکردنى نەفەقاتى سیادى بەشە بوودجەى هەرێمى کوردستان لەسەدا ٨ دەمێنێتەوە، کە ئەمەیش جێگەى قبووڵکردن نییە و رەتى دەکەینەوە".
ئاژانسى ئانادۆڵو: دەگوترێت حکوومەتى عێراق کار بۆ ئەوە دەکات بەشە بوودجەى پێشمەرگە بە حەشدى شەعبى بدات، ئەمە راستە؟ چۆن رێگری لەمە دەکەن؟
بەشیر خەلیل حەداد: یەکێک لەو خاڵانەى جەختى لەسەر دەکەینەوە و پێداگیرى لەسەر دەکەین، دابینکردنى بەشە بوودجەى هێزەکانى پێشمەرگەیە و بەدەستهێنانەوەى سەرجەم ئەو مافانەى پێشمەرگەیە کە لە ساڵانى رابردوو نەدراون، دەگوترێت نادادپەروەرییەکى زۆر بەرامبەر هێزەکانى پێشمەرگە کراوە لەلایەن حکوومەتى عێراق لە بەشە بوودجەى پێشمەرگە بە حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق دەدات، ئەمانە زانیارى نافەرمین و هیودارین بەم شێوەیە نەنێردرێتە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بەڵام ئەگەر بزانین بابەتێکى وا لە ئارادایە، بێگومان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ رێگاگرتن لە هەنگاوێکى لەم چەشنە، ناهێڵین بە زۆرینە تێپەڕێندرێت. جێگرەوەى زۆرمان هەیە لەبەرامبەر هەنگاوەکانى لەم شێوەیە.
ئاژانسى ئانادۆڵو: مەرجەکانى کورد بۆ بەشداریکردن لە کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق؟
بەشیر خەلیل حەداد: مەرجى کورد و بە تایبەت فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەشداربوون لە کابینەى چوارەمى حکوومەتى عێراق مسۆگەرکردنى مافەکانى پێکهاتەى کوردە لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەیش دەبێت هاوبەشی(شەراکەت)یەکى راستەقینە و سازانێکى گشتی هەبێت کە رێگربێت لە تێپەڕاندنى بابەتە چارەنووسسازەکان بە زۆرینە و هەروەها هاوسەنگییەکى گونجاو بێت لە دابەشکردنى بوودجە و پۆست و پلەکاندا لە حکوومەتى نوێدا، ئەگەر ئەمە نەکرێت پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانمان دەکەین لەگەڵ بەغدا.
ئاژانسى ئانادۆڵو: ئەنجامى سەردانى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق چى بوو؟
بەشیر خەلیل حەداد: سەردانى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ عێراق و ئەنجامدانى زنجیرەیەک کۆبوونەوە و سەردانى بەڕێزیان بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق زۆر گرنگ بوو، لەمیانى سەردانەکەیدا بە تایبەت پرسى ئاو لە نێوان تورکیا و عێراقدا تاوتوێکرا، تێڕوانینى تورکیا بۆ ئاو ئەوە بوو کە ئاو نیعمەتێکى گەورەى خودایە و پێویستە هەموو کەس و وڵاتێک لێى سوودمەند بێت و بۆ ئەوەى زیاترسوود لە ئاو وەربگیرێت، دەبێت پشت بە بەکارهێنانى ئامرازى نوێ ببەستین، هەرچەند تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەبارەى ئاوەوە نەکراوە لە نێوان تورکیا و عێراق، بەڵام نەرمى نواندنێکى دڵخۆشکەر هەیە.
ئاژانسى ئانادۆڵو: نەرمى نواندن بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئاو بەسە؟
بەشیر خەلیل حەداد: پێشبینى دەکەم لە ئایندەیەکى نزیکدا ژمارەیەک لیژنەى هونەرى پێکدەهێندرێن لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ئەوەى نەرمى نواندنەکانى نێوان تورکیا و عێراق بکرێتە ماددەیەکى یاسایی و دەستوورییەوە و رێککەوتنێکى نێودەوڵەتى لە نێوان تورکیا، عێراق و ئێران بکرێت لەسەر پرسى ئاو، بەپێى رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پێویستە هەر وڵاتێک پابەند بێت بە بڕە ئاوى خۆى.
ئاژانسى ئانادۆڵو: دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ژمارەیەکى زۆر لە کارمەندانى کۆمیسیۆن لە کارەکانیان سڕکران، ئەم کارمەندانە دووردەخرێنەوە یان دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە؟
بەشیر خەلیل حەداد: ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە ئایندەیەکى نزیکدا چارەنووسى ئەو کارمەندانەى کۆمیسیۆن یەکلایی دەکاتەوە کە دواى هەڵبژاردن لە کارەکانیان سڕکراون، ئەمەیش هەموو داکۆکییەک دەکەین بۆ ئەوەى ئەو کارمەند و ئەو بەڵێندەرانەى لە چوارچێوەى کارەکانى کۆمسیۆن کاریان کردووە مافەکانیان وەربگرنەوە.
ئاژانسى ئانادۆڵو: دانیشتنى ئەمجارەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەى چییەوە دەبێت؟
جێگرى دووەمی سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بەشیر خەلیل حەداد: بڕیارە سبەى دووشەممە. دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەى پێکهێنانى لێژنە هەمیشەییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بێت، لە دانیشتنەکەدا دەنگ دەدرێت لەسەر ژمارەى لیژنەکان و ژمارەى ئەندامانى لیژنە، رەنگە لیژنەکان زیاد بکرێن و ژمارەى ئەندامانى لیژنەکان گۆڕانکارى بەسەردا دێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

