Fakhradin Ibrahim Mohammad
11 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی.
نێچیرڤان بارزانی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە مستەفا کازمی و شاندی یاوەری کرد و بڕیارە نانی بەیانی بەیەکەوە بخۆن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دۆینێ پێنجشەممە بە یاوەری شاندێکی باڵای حکوومی گەیشتە ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای هەرێم پێشوازیی لێکرا.
دوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەردانێک گەیشتە شاری زاخۆ سەربە پارێزگای دهۆک و سەردانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل-ی کرد.
کازمی هەروەها لە میانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی قەڵای نزارکێی لە شاری دهۆک کرد و تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی قوربانیانی ئەنفال لە قەڵاکە دانا و سورەتی فاتیحەی بۆ گیانی قوربانیانی ئەو تاوانە خوێندووە.
بڕیارە مستەفا کازمی ئەمڕۆ هەینی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەردانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بکات.
ئەم سەردانەی مستەفا کازمی بە یەکەم سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان دادەنرێت لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو.
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم یەکێک بوو لەنێو ئەو لایەنانەی کە پشتیوانی لە مستەفا کازمی کرد بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.