Zana Natık Kerem
15 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
دۆحە ــ AA
سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە رێورەسمێكی فەرمی لە لایەن میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی لە شاری دۆحەی پایتەخت، پێشوازی لێکرا.
سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە مارشی نیشتمانی هەردوو وڵات و نمایشی پاسەوانی شەرەف كە لە دیوانی میریی بەڕێوەچوو لە لایەن میری قەتەر پێشوازی لێکرا.
دوای رێورەسمی پێشوازیكردنەوە، میری قەتەر و سەركۆماری توركیا بە مەبەستی دیداری دووقۆڵی بەرێككەوتن كە دواتر بەشداری لە لووتكەی توركیا-قەتەر و كارەكانی كۆبوونەوەی خولی سێیەمی لیژنەی باڵای سترایجی نێوان قەتەر و توركیادا دەكەن.
پێشتر باڵیۆزی توركیا لە دۆحە، فیكرەت ئۆزەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە بڕیارە لە میانی كۆبوونەوەكاندا، ١٠ رێككەوتنی هاوكاری و یاداشتنامەی لێتێگەیشتن لە بوارە گرنگەكانی وەك ئابووری و رۆشنبیری، واژوو دەكرێن.
فیكرەت ئۆزەر روونی كردبووەوە كە لە نێوان رێككەوتنەكاندا، رێككەوتنی پاراستنی وەبەرهێنان لە نێوان بەندەری نێودەوڵەتی حەمەد و بەندەرەكانی توركیا لەگەڵ بوارەكانی دیكە وەك راگەیاندن، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و گواستنەوە واژوو دەكرێت.
لە میانی گەیشتی بۆ هوڵی وەزاری لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەمەد، سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لایەن وەزیری بەرگری قەتەر، خالید عەتییە و باڵیۆزی قەتەر لە ئەنقەرە، سالم بن موبارەك ئالشافی و باڵیۆزی توركیا لە دۆحە، فیكرەت ئۆزەر و بەرپرسانی دیكە لە باڵیۆزخانەی توركیا لە دۆحە پێشوازی كرا.
لەو كاتەی قەیرانی كەنداو سەری هەڵداوە ئەمە دووەمجارە سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی قەتەر دەكات.
هەریەكە لە ئەمینە ئەردۆغانی هاوسەری و سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا، خولوسی ئاكار و وەزیری داد، عەبدولحەمید گول و وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو یاوەریی ئەردۆغان دەكەن لە گەشتەكەیدا.