Hemin Hüseyin
02 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2017
هەولێر- AA
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی (حەماس)، خالید مەشعەل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەنجامیدا، بەیاننامەی دیدی سیاسی نوێی بزووتنەوەکەیانی ئاشکرا کرد کە ئامانجی گەیاندنی دیدی نوێیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لادانی دەستەواژەی ئیخوان موسلیمینە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی بزووتنەوەکە.
لە بەیاننامەکەدا، خالید مەشعەل دیدی نوێی سیاسیی حەماسی نیشانداوە کە ئاماژە بە دیاریکردنی دەوڵەتێک دەکرێت لە چوارچێوەی سنووری ساڵی ١٩٦٧ کە مەبەست لێی دەوڵەتی فەڵەستینە.
چاودێرێکی سیاسییش ئاماژە بەوە دەکات کە بەیاننامەکە پەیامێکە بۆ ئیدارەی ترەمپ کاتێک ئەوان باسیان لە قودس دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی ئیسرائیل و پێی وایە کە حەماس دەیەوێت دوو دەوڵەت دروست بکرێت.
مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر ساڵح مەلا عومەر سەبارەت بەم بابەتە لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە پەیامێکە بۆ ئیدارەی ترەمپ بە تایبەت بۆ ئەو ئیدارە نوێیەی ئەمریکا چونکە ترەمپ باسی لەوە دەکرد کە قودس دەبێت ببێتە پایتەختی ئیسرائیل، ئێستا ئەو گۆڕانکارییەی بزووتنەوەی حەماس ئاماژەیە بۆ نیشاندانی توانای گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ ئیسرائیل تەنانەت لەگەڵ ئەمریکاش ئەگەر پڕۆژەیەک هەبێت کە ئەو کێشانە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، بە گشتی دەتوانین بڵێین دەیانەوێت دوو دەوڵەت دروست بکرێت، دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی فەڵەستین، بەڵام ئەگەر وەک ئەوەی ترەمپ دەیەوێت کە قودس و ئیسرائیل ببن بە یەک دەوڵەت و لەژێر دەستی ئیسرائیلدا بێت، ئەمە فەڵەستیانییەکان قبووڵی ناکەن".
دکتۆر ساڵح مەلاعومەر گوتیشی: "رەنگە هەوڵێک هەبێت کە ترەمپ بیەوێت لە قۆناغی سەرۆکایەتی خۆیدا، گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەست پێ بکات بە تایبەت دوای سەردانەکەی شای ئوردن بۆ ئەمریکا".
مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر ساڵح مەلا عومەر پێی وایە کە بزووتنەوەی حەماس دەیەوێت کێشەکانیان لە کێشەکانی سووریا و میسر جیابکەنەوە و وای نیشان بدەن کە ئەوان وەکو موسوڵمان کێشەیان لەگەڵ جوولەکە هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی وڵاتانی موسوڵمان بۆ خۆیان رابکێشن، هاوکات سەبارەت بە لادانی دەستەواژەی ئیخوان موسلیمین لە بەیاننامەکەی بزووتنەوەی حەماسدا ساڵح مەلا عومەر گوتی: "حەماس دەیەوێت کێشەی خۆی وەکو کێشەی دەوڵەتی فەڵەستین لە کێشەی ناوخۆی سووریا و میسر و دەوڵەتەکانی دیکە جیابکاتەوە چونکە شێوازێکی وا نیشان دەدەن کە فەڵەستین وەکو موسوڵمان کێشەی لەگەڵ جوولەکەدا هەیە بەمەش دەیانەوێت وڵاتانی دیکەی ئیسلامیی یارمەتیان بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، چونکە ئەگەر ئێمە وەکو ئیخوان موسلیمین سەیری بکەین دەبینین بەشێک لەو وڵاتانەی لەناو بەهاری عەرەبین ئەوا جۆرە تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ ئیخوان موسلیمین هەیە بۆیە نایانەوێت دەستەواژەی ئیخوان موسلیمین کاریگەری هەبێت لەسەر دەوڵەتی فەڵەستیندا بە تایبەت لەو کاتەی دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ".
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر گوتیشی: "بە بۆچوونی من فەڵەستین دەیەوێت خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل دەست پێ بکات بە ناوبژیوانیکردنی ئیدارەی ترەمپ و دەوڵەتەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەو دەوڵەتانەش دەتوانن بە شێوەیەکی گشتی یارمەتی فەڵەستینییەکان بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەرچەندە ئەوەیان کێشەیەکی قووڵە و بە بۆچوونی من دەبێت سەرەتا گۆڕانکاری لەناو ئیدارەی ترەمپدا بکرێت".
مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر ساڵح مەلا عومەر پێی وایە کە ئیدارەی ترەمپ لەماوەی ئەو چوارساڵەی حکومڕانیدا ناتوانێت کاریگەری پێویستی هەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل و ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت گۆڕانکاری لەو ئەقڵیەتەدا بکرێت کە ئێستا لەناو ئیدارەی ترەمپدا هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "من پێموایە کە ئیدارەی ترەمپ ناتوانێت لەماوەی ئەو چوار ساڵەی حکومڕانیدا کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام ئەو هەنگاوەی حەماس دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەوە هەبێت کە ئەقڵیەتێکی رادیکاڵ دژی فەڵەستین لەناو ئیدارەکەیدا دروست نەبێت، واتا ئەو ئەقڵیەتەی لەناو بانگەشەکانی هەڵبژاردندا دۆناڵد ترەمپ قسەی لەسەر دەکرد کە بە پێی بانگەشەکە بێت ئەوا دەبێت سیاسەتی ترەمپ دژی فەڵەستینییەکان بێت، بەڵام ئەو هەنگاوەی حەماس لەسەر ئاستی جیهان نیشان دەدرێت کە ئەوان ئامادەییان تێدایە بە شێوەیەکی ئاشتییانە گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانییان".
لە پڕۆژە سیاسییە نوێیەکەی بزووتنەوەی حەماسدا راگەیەنراوە کە دیاریکردنی دەوڵەتێک لە چوارچێوەی سنووری ساڵی ١٩٦٧، پێدانی خەڵات نییە بە گەلی فەڵەستین. ھاوکات سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، خالید مەشعەل لەبارەی بۆچوونی سەرکردە باڵاکانی حەماس پەیوەندیدار بەم بەڵگەنامە سیاسییە رایگەیاندووە کە ئەو بەڵگەنامەیە رەنگدانەوەی بۆچوونی گشت سەرکردە و دامەزراوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی حەماس دەنوێنێ و بزووتنەوەکەیان سەرجەم ئەو ھەوڵ و پڕۆژانە رەتدەکاتەوە کە ئامانج لێی فەرامۆشکردنی پرسی پەنابەرانی فەڵەستینییە.
بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی (حەماس) بزووتنەوەیەکی بەرگری و نیشتمانی فەڵەستینییە و لە لایەن شێخ ئەحمەد یاسین و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دیکەی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لە فەڵەستین و ژمارەیەک لە بانگخوازانی جیھانی ئیسلامی لە ٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧ دامەزراوە.