Zana Natık Kerem
23 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
فراكسیۆنی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەكانی حكوومەتی عێراق بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپاتكردەوە و رایگەیاند كە پێویستە پشتیوانی لە دامەزراوەكانی چاودێری بكرێت بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان بۆ لێپچەوانەوە لە گەندەڵكاران بگێرن.
لەمبارەیەوە ئەندامی فراكسیۆنی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد بەلداوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە گرنگترین ئەو تەحەدییانەی كە بەرەوڕووی دەوڵەت بووەتەوە، بوونی گەندەڵییە كە لە سەرجەم دامەزراوەكاندا بڵاوبووەتەوە".
ئاماژەی بەوەیشدا كە پێویستە دامەزراوەكانی چاودێری وەك دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی بەشێوەیەكی بەرچاو رۆڵی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بگێرن و گوتی:
"پشتیوانی لە هەنگاوەكانی حكوومەتی عێراق دەكەین بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".
محەمەد بەلداوی راشیگەیاند كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسیی هەیە لە پێناو ئەنجامدانی چاكسازی و راگرتنی بەهەدەردانی دارایی گشتیی و گێرانەوەی پارە دزراوەكان.
لە 27ی مانگی رابردوودا، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی پێكهێنا، هەروەها ئەركی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە لە گەندەڵی تێوەگلاون بە هێزێكی تایبەت لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران راسپارد.