Serdar Bıtmez,Halime Afra Aksoy
23 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
دۆحە - AA
میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئیدانەی لاوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بەرامبەر هەڵوێستی سەرسەخت و قیرچسمەی ئیسرائیل دژبە فەڵەستینییەکان.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گوتارێکی پێشکەش بە ٧٥هەمین ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەمساڵ بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە ئۆنڵاین بەڕێوەدەچێت.
میری قەتەر لە گوتارەکەیدا رایگەیاند ''هاوڕاییەکی نێودەوڵەتی لەبارەی رەوایی دۆزی فەڵەستین هەیە. سەرەڕای ئەو هاوڕاییە، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لاوازە بەرامبەر هەڵوێستی سەرسەخت و قیرچسمەی ئیسرائیل کە بەردەوامە لەسەر داگیرکاری خاکی فەڵەستین و عەرەب، گەمارۆی خنکێنەری سەر کەرتی غەززە و بەردەوام فراوانکردنی سیاسەتی یەکەکانی نیشتەجێبوون و هیچ هەنگاوێکی کاریگەر ناگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی. ئەوانەش پێشێلکاری روونی بڕیارە شەرعییە نێودەوڵەتییەکان و چارەسەری دوودەوڵەتییە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوڕایە لەسەری".
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئاشتیی دادپەروەر و خوازراو تەنها بەوە دەبێت کە ئیسرائیل پشت بە هەوڵی ئاشتیی عەرەب ببەستێت و تەواو پەیوەست بێت بەو بڕیار و پشتیوانییە شەرعییە نێودەوڵەتییانەی لەلایەن عەرەبەکانەوە پەسەندکراوە، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش کرد بەرپرسیارێتیە یاساییەکانی بەجێبگەیەنێت، فشار بکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە و سەرلەنوێ پرۆسەی ئاشتیی دەستپێبکاتەوە ئەویش لە رێگەی دانوستانە جێمتمانەکانەوە کە پشت ئەستوور بێت بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان نەک هێز.
میری قەتەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە داگیرکاری لە ماوەیەکی دیاریکراودا کۆتایی پێبێت، دەوڵەتێکی فەڵەستینی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سنوورەکانی ١٩٦٧ دابمەزرێت و داگیرکاری ئیسرائیل لەسەر هەموو خاکی عەرەبی کۆتایی پێبهێنرێت.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە گوتارەکەیدا هەروەها باسی لە قەیرانی کەنداو کرد و گوتی: ''دوای ئەو گەمارۆ نایاسایی و نادادپەروەریەی ماوەی سێ ساڵە خراوەتە سەر قەتەر، بەڵام لە چەندین بواری جۆراوجۆردا بەردەوامین لەسەر پێشکەوتن و فراوانبوون''.
میری قەتەر باسی لەوە کرد کە دیالۆگێکی بێ مەرجی پشتبەستوو بە رێزگرتن لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەروەری دەوڵەت رێگاچارەی ئەو قەیرانەیە کە بەو گەمارۆ نایاساییە دەستیپێکرد، لەبەرئەوە دەستپێکی چارەسەرەکە بە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە دەبێت.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی هەروەها بە پێویستی زانی لە سووریا، لیبیا، لوبنان و سوودان چارەسەری سیاسیی بۆ قەیرانەکان بدۆزرێتەوە.