Azad Muhammet
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
پارێزگارى نەینەوا، نەوفل سوڵتان حەمادى رایگەیاند: "روون نییە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ چەند دەخایەنێت، بەڵام ئاشکرایە داعش لە شکستى بەردەوامدایە لەسەر دەستى هێزەکانى سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە چەندین ناوچەى گرنگ لە داعش پاککراوەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکانیش بەردەوامن".
پارێزگارى نەینەوا، نەوفل سوڵتان حەمادى لە هەڤپەیڤینێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو رایگەیاند: "سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە چەندین ناوچەى گرنگ و کاریگەریان لە چنگ تیرۆریستانى داعش رزگار کردووە، پێشمەرگە لە چەند رۆژى رابردوودا شارەدێى باشیک و ناوچەکانى دەشتى نەینەوای لە تیرۆریستانى داعش پاککردووەتەوە و ساڵێک لەمەوبەر شارۆچکەى شنگال، سنوون، زوممار و رەبیعەى لەژێر دەسەڵاتى داعش ئازاد کرد، لەلایەکى دیکەشەوە سوپاى عێراق شارۆچکەى گەیارە، شۆرە، حەمدانیە، بەرتلە و ژمارەیەک گوندی لە سنوورى نەمروود و ژمارەیەکى زۆر لە گەڕەکەکانى ناوەندى مووسڵ لە بەرەى چەپى مووسڵ، ئەمانە هەموو ئاماژەى داڕمانى هەیکەلى رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى ناسراو بە داعشن لە عێراق".
حەمادی راشیگەیاند: "ئەو شارۆچکانەى کە ماون لە داعش پاکبکرێنەوە و بخرێنەوە ژێر کۆنتڕۆڵى هێزە عێراقییەکان، بریتین لە شارۆچکەى تەلەعفەر، بەعاج و حەزەر و سنوورى ئەو شارۆچکانەیە، سوپای عێراقیش پلانى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەم ناوچانەشى داڕشتووە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەى تەواوى ناوچەکان لە تیرۆریستانى داعش رزگار بکەن، پێشڕەوییەکانیش سەرکەوتنێکى گەورەن و مژدەى دڵخۆشکەرى بۆ هاووڵاتییان پێیە".
سەبارەت بەوەى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ چەند کات دەخایەنێت؟ پارێزگارى نەینەوا لە وەڵامدا گوتى: "دیار نیە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ چەند دەخایەنێت، تەواوبوونى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ پەیوەستە بەو هێزانەى لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدارن پەیوەستیشە بە پابەند بوونى هێزەکان بەو پلانانەى بۆیان داڕێژراوە، خۆشبەختانە سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکان لە تۆمارکردنى سەرکەوتنى بەردەوامدان بەسەر تیرۆریستانى داعش. دواى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ ورەى تیرۆریستانى داعش بە شێوەیەکى دڵخۆشکەر داڕووخاوە".
لەبارەى ژمارەى چەکدارانى داعش لە تەواوى پارێزگاى نەینەوا، نەوفڵ حەمادى دەڵێت: " ژمارەى تیرۆریستانى داعش لە پارێزگاى نەینەوا بە رێژەیەکى یەکجار زۆر کەمبووەتەوە، هەرچەند لە ئێستادا بە ووردى ئامارى چەکدارەکانى داعشمان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام داعش ئەو هێزەى نەماوە کە پێشتر بانگەشەى بۆ دەکرد، چەکدارانى داعش لە کەسى عەرەب و بیانییەکان پێکهاتوون ئەوانەیش زۆربەیان کوژراون و بەشێکیشیان لە عێراق هەڵاتوون".
"هاوکاریکردنى ئاوارەکانى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ، کارى سەرەکیمانە"
لە بەشێکى دیکەى هەڤپەیڤینەکەى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو پارێزگارى نەینەوا، نەوفل سوڵتان حەمادى تیشکى خستەر رەوشى ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵەوە ئاوارەبوون و پاراستى هاووڵاتییانى سڤیل لە کاتى بەڕێوەچوونى ئۆپەراسیۆنەکە و لەوبارەیەوە گوتى : "حکوومەتى خۆجێیی نەینەوا لەوپەڕى ئامادە باشیدایە بۆ پێشوازى کردنى ئاوارەکانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ و پێشکەشکردنى هاوکاریی و دابەشکردنى پێداویستییەکان بەسەر ئاوارەکاندا، تا سەرووى تواناى خۆمان لە هاوکارى ئاوارەکان بەردەوام دەبین".
حەمادى گوتیشى: "لە چوارچێوەى خزمەتکردن بەو هاووڵاتییانەی لەکاتی ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ ئاوارە دەبن، لە باشوورى شارۆچکەى گەیارە زیاتر لە ٤ هەزار خیوەتمان بۆ ئامادەکردوەن و، بەردەوامیش لە پەیوەندیداین لەگەڵ هێزە عێراقییەکانى بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەکە، بۆ ئەوەى ئاوارەکان بگواسترێنەوە بۆ کەمپەکان و داوتر جێگیریان بکەین پاشان هاوکارییەکانیان پێ بدەین".
لە بارەى پاراستنى هاووڵاتییانى سڤیل لەکاتى بەڕێوەچوونى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ، پارێزگارى نەینەوا گوتی: "پاراستنى گیانى هاووڵاتییانى سڤیل خاڵێکى گرنگە و بە جددی کارى لەسەر دەکەین و، هەموو هێزە عێراقییەکانیش رێنمایی کراون کە لەکاتى جەنگدا گیانى هاووڵاتییان بپارێزن، بەخۆشحاڵییەوە تا ئێستا لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە هیچ سەرپێچییەک لە بەرامبەر هاووڵاتییانى سڤیل ئەنجام نەدراوە، بەداخەوە تیرۆریستانى داعش دەست لە گیانى هاووڵاتییان سڤیل ناپارێزن و بەردەوامن لە بۆردوومانى هەڕەمەکى بەسەر هاووڵاتییانى پارێزگاى نەینەوا و، بەهۆی گولـلە هاوەنەکى داعشەوە تا ئێستا چەندین هاووڵاتى سڤیل شەهید و بریندار بوونە".
پارێزگارى نەینەوا باس پەیوەندى نێوان دانیشتووانى مووسڵ و هێزە عێراقییەکان دەکات و دەڵێت: " هاووڵاتییان و هێزە عێراقییەکان بەشێوەیەکى زۆر دڵخۆشکەر دوور لە جیاوازى نەتەوەیى و ئایینى و مەزهەبى هاوکارى یەکتر دەکەن، هاووڵاتییان لە پێدانى زانیاریى بە هێزە عێراقییەکان بەردەوامن، لە هەمان کاتیشدا دەستوەرنادەنە کاروبارى سوپاى عێراق تا پلانەکانى سوپا کوتایى دێت".
"بڕیارى دابەشبوونى مووسڵ لە دەست خەڵکى شارەکەیە".
لە کۆتایى هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو پارێزگارى نەینەوا، نەوفل سوڵتان حەمادى باسى لە بە هەرێم کردنى پارێزگاى نەینەوا و دابەشبوونى پارێزگاکەى کرد و گوتى: "بەپێى دەستوورى عێراق هەموو پاریزگایەک بۆی هەیە ببێتە هەرێم، بەڵام بە هەرێم بوونەکە لە چوارچێوەى یاساى عێراقى دابێت و هەموو مەرجەکانی بە هەرێم بوونیش لە پارێزگاکە بوونى هەبێت، بۆ بە هەرێم کردنى پاریزگاى نەینەوا پێویستە سنوورى هەرێمەکە دیاری بکرێت و بارى ئابوورى لەبەر چاوبگیرێت و دواتر بە راپرسى دانیشتووانى شارەکە پڕۆژەى بە هەرێم کردنە بخرێتە قۆناغى جێبەجێکردن و پارێزگاى نەینەوا مووسڵ، بڕیارێکى بەجێگەیاندى پڕۆژەى لەمجۆرە ناکرێت ئەگەر هەموو رێوشوێنێکى ئەمنى نەگرێتەبەر. بەهیچ شێوەیەک رەوا نییە هەندێک سیاسی داواى بە هەرێم کردنى پارێزگاى نەینەوا بکەن، لە کاتێکدا هێشتا پارێزگاکە لەژێر دەسەڵاتى تیرۆریستانى داعشە".
حەمادی لە درێژەدا گوتیشى: "تورکیا و ئێران وەک دوو وڵاتى دراوسێ هیچ دەستوەردانیان نییە لە پڕۆژەى بە هەرێم بوونى پارێزگاى نەینەوا، لە بنەڕەتشیدا ئەمە بابەتێکى ناوخۆیى تایبەتە بە مووسڵ ودانیشتووانەکەى، نەک هێزێکى دیکەى دەرەکى".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەربارەت بەوەی کە لە پاڵ پرسى بەهەرێم بوونى پارێزگاى نەینەوا پرسى دابەشبوونى پارێزگاکەیش لە ئارادا هەیە، تۆ وەک پارێزگارى نەینەوا پێتوایە ئەو پارێزگایە دابەش ببێت بۆچەند پارێزگایەک؟ لە وەڵامدا نەوفل حەمادى ئاماژەى بەوەدا کە دواى رزگار کردنى مووسڵ بڕیارى دابەشبوونى پارێزگاى نەینەوا لە دەستى خەڵکى شارەکەیە، ئەگەر خەڵکى شارەکە لە راپرسى و هەڵبژاردن دەنگ لەسەر دابەشبوونى شارەکە بدەن هەموومان پێیەوە پاپەند دەبین، بەڵام پێموانییە پارێزگاکە دابەش بێت بۆ چەند پارێزگایەک، چونکە لە ئێستادا ٣٠% خاکى پارێزگاى نەینەوا لەژێر دەسەڵاتى تیرۆریستانى داعشە".
نەوفل سوڵتان حەمادى دەڵێت: "سیاسەتى شکسخواردووى کابینەى پێشووى حکومەتى عێراق، پارێزگاى نەینەوا و دانیشتووانەکەى کردە قوربانى. لەم قۆناغەدا دەبێت هەموو رێککارێک بگرینەبەر بۆ ئەوەى دواى رزگار کردنى مووسڵ لە ژێر دەسەڵاتی داعش، سوپا لە شارەکە جێگیر بکەین و مووسڵ لە هەموو روویەکەوە پارێزراو بێت و جارێکى دیکە نەبێتەوە قوربانى".
لەبارەى سووربوونى کوردانى ئێزدى و شەبەک لەسەر دروست کردنی پارێزگایەکى نوێ لە دەشتى نەینەوا، پارێزگارى نەینەوا، نەوفل سوڵتان حەمادى گوتی: "ئەم بابەتە دەکەوێتە قۆناغى دواى رزگارکردنى مووسڵ لە دەست تیرۆریستانى داعش، لە داهاتوودا خەڵکی شارەکە بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن".