سياسەت

پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەسەر پرسى لامەرکەزییەت کۆبوونەوە

شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لەبارەی پرسی لامەرکەزییەت گفتوگۆیان کرد، رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە ئایندەیەکی نزیکدا بە راپۆرتێک تێڕوانینی گۆڕان لەبارەی لامەرکەزییەتەوە بۆ حکوومەت دەنێرن.

Sarmand Hameed  | 02.12.2020 - نوێکردنەوە : 02.12.2020
پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەسەر پرسى لامەرکەزییەت کۆبوونەوە

Arbil

هەولێر - AA

شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لەبارەی پرسی لامەرکەزییەت گفتوگۆیان کرد، رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە ئایندەیەکی نزیکدا بە راپۆرتێک دید و تێڕوانینی گۆڕان لەبارەی لامەرکەزییەتەوە بۆ حکوومەت دەنێرن.

شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە پێکھاتبوو لە سەرۆکی تیمی پارتی لە حکوومەت و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و سەرۆکی تیمی گۆڕان لە حکوومەت و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڤاڵا فەرید و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران، یوسف گۆران سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان-یان کرد و لەلایەن رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە، عومەر سەید عەلی و سکرتێری جڤاتی نیشتمانی، عەدنان عوسمان و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانەوە پێشوازییان لێکرا.

رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان، چۆمان محەمەد سەبارەت بە ھاتنی شاندەکەی حکوومەت و گفتوگۆی نێوانیان بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە: "مەبەستی ھاتنی شاندەکە گفتوگۆکردن بوو لە بارەی پرسی لامەرکەزییەت و زانینی بۆچوونی گۆڕان لەسەر ئەو پرسە، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا بەچڕی ئەو بابەتە گفتوگۆی لێوەکرا و بەتایبەت لەوەی کە لامەرکەزییەت بەشێکی گرنگی رێککەوتننامەی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتییە بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت و لە کارنامەی کابینەکەشدا جەختی لێکراوەتەوە".

چۆمان محەمەد راشیگەیاندووە "پێکھێنانی ئەو لیژنەیە لەلایەن حکوومەتەوە بە ھەنگاوێکی گرنگ دەزانین و بەنیەتێکی باشی دەبینین بۆ ھەنگاونان بە ئاراستەی پرسی لامەرکەزییەت".

ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئەوان لە بزووتنەوەی گۆڕان لامەرکەزییەت بەیەکێک لە بژاردە گرنگەکانی دەزانن بۆ حکومڕانی و ئیدارەدان، چونکە نموونە و مۆدیلێکی نوێیە و بە گوتەی ئەو "کارئاسانی بۆ حکوومەت و ھاووڵاتییان دەکات و رۆتینیات کەمدەکاتە".

چۆمان محەمەد، جەختی لەوە کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا "دید و تێڕوانینی بزووتنەوەکەیان لەبارەی لامەرکەزییەوەتەوە بۆ شاندەکە روونکردنەوە و بڕیاریشە بە پڕۆژەیەک ئەو دید و تێڕوانینە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەین".

رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەیان خستەڕوو کە لامەرکەزییەت پڕۆژەیەکی گرنگ و نیشتمانییە و پێویستە دوور لە زبری و خوێندنەوەی سیاسی کاری لەسەر بکرێت و تایبەتیش نەبێت بەناوچەیەکی دیاریکرا و بەڵکو پێویستە بکرێتە پڕەنسیپێک بۆ حکومڕانی و ئیدارەدان بۆ ھەموو ناوچە و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.

جێی ئاماژەیە، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرسی لامەرکەزییەت وەک ئەوەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا هاتووە.

لیژنەکە لە نوێنەرانی پارتی و یەکێتی لە حکوومەت پێکهاتووە کە ئەندامانی پارتی لە لیژنەکە بریتین لە سەرۆکی تیمی پارتی لە حکوومەت و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڤاڵا فەرید و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح، هەروەها ئەندامانی یەکێتی لە لیژنەکە بریتین لە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم و بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران، یوسف گۆران.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın