هەولێر
هاتنی كرێكار لەو وڵاتانەی نەخۆشی ئیبۆڵایان تێدا بڵاوبووەتەوە قەدەغەكراوە.
*قەیرانی دارایی و هێرشەكانی داعش چەند بێكاری لە هەرێمی كوردستان زیادكرد؟
- هەڵبەتە رێژەی بێكاری لە كوردستاندا پێش سەرهەڵدانی قەیرانەكانی ئەمساڵ 6,5% بووە بەڵام هێشتا ئامارێكی نوێ لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە نەكراوە تا بزانرێت رێژەكە تا چ رادەیەك زیادی كردووە بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كاتێك ژمارەی ئاوارە زیاد دەكات بێكاریش زیاتردەبێت، ئێستا بەهۆی سەقامگیرییەوە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 750 هەزار ئاوارە روویان لە هەرێم كردووە ئەوەش رێژەی بێكاری زیاتر كردووە، جگە لەوەش ئەو قەیرانە داراییەی كە بەهۆی بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانەوە لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە دروست بوو بەشێك لە پرۆژەكانی وەستاندووە و رێژەیی بێكاری زیاتر ببێ، چونكە لە ئەنجامدا بەشێك لە كۆمپانیاكان ناتوانن درێژە بەكارەكانیان بدەن و كرێكارەكانیان كەم دەكەنەوە، بۆیە بەگشتیی ئێستا رێژەكە لەوەی پێشتر كە باس كرا زیاترە.
*بەپێی تۆماری ئێوە چەند كەس لە كوردستاندا بێكارن؟
- ئەو تۆمارانەی لای ئێمە هەن رەنگە زۆر ورد نەبن، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە چوار هەزار بێكار ناوی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی كاریان بۆ بدۆزینەوە و ئێمەش زیاتر لە چوار هەزار هەلی كارمان دۆزیوەتەوە، ئێمە سەنتەری هەلی كارمان هەیە و هەر بێكارێك دەتوانێت ناوی خۆی بنوسێت بۆ ئەوەی كاریان بۆ بدۆزینەوە.
*هاتنی كرێكاری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغەكراوە، چەند كرێكاری بیانی لە هەرێم هەن؟
- ژمارەی كرێكاری بیانی لە هەرێم تا 25 هەزار كرێكار دەبن، هیچ بڕیارێكمان دەرنەكردووە بۆ قەدەغەكردنی هێنانی كرێكاری بیانی تەنها لەو وڵاتانە نەبێت كە نەخۆشی ئیبۆڵایان تێدا بڵاووبووەتەوە ئەوانیش بە زۆرینە وڵاتانی ئەفریقیان، جگە لەوە پێمان وایە لە ئایندەدا پێویستە ئەو وڵاتانە دیاری بكەین كە كرێكاریان لێ دەهێنین بە شێوەیەك لەگەڵ كۆمەڵێك مەرج و پێوەری ئێمە بگونجێن، ئێستا پێوەرەكان دیاری دەكەین و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی پەیوەندیدار لە هەماهەنگیداین و لێژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ دەركردنی رێنمایی لەوبارەیەوە.
* یاسای كار تا چەند بەگرنگ دەزانن، ئەو یاسایە چی لێهاتووە؟
- یاسای كار زۆر گرنگە لە هەندێ بوارەوە كە پێویستە هەموار بكرێتەوە لەنێویاندا دەستەبەری تەندرووستی و دەستەبەری بیمەی بێكاری و دەبێ بێمە بەو بێكارانە بدرێ تا كاریان بۆ دەدۆزرێتەوە، بۆیە پێویستیی یاسای كار وا دەخوازێت لە زووترین كاتدا یاساكە هەموار بكرێتەوە و ئەو مەرجانە بخرێنە نێو یاساكەوە، پڕۆژەیاساكە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كراوەتەوە بۆ هەموار كردنەوە و دواتریش بۆ پەرلەمان دەنێردرێت بۆ پەسەندكردنی، یەكێكی تر لە خاڵەكانی ئەوەیە دەبێ رێژەی كرێكاری خۆماڵی لە كەرتەكاندا دیاری بكەین، چونكە ئێستا زۆرینەی ئەو كرێكارانەی لە كەرتی تایبەت كاردەكەن كەم دەكرێنەوە و كرێكاری بیانیان لەجێ دادەنرێن، ئەوەش كێشە بۆ كرێكاری خۆماڵی دروست دەكات كە نابێ ببێت.
*بەگشتیی لە بارودۆخی كرێكاران لە هەرێم رازین؟
- بارودۆخی كرێكاران كۆمەڵێ كێشەی خۆی هەیە، ئێمە لە قۆناغی چارەسەركردنی ئەوانەین، بیرمان لەوە كردووەتەوە بەڕێوەبەرایەتییەك دروست بكەین بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ سەلامەتی پیشەیی كرێكاران بكات، هەروەها خانەنشینی وەكو پێویست نییە، بیمەی تەندروستی وەكو پێویست نییە، بۆیە پێمان وایە دەبێ كاری زیاتر بكەین بۆ ئەوەی بارودۆخییان باش بكەین.
*لە ئەمساڵدا چەند كرێكار بەهۆی كارەكانییان گیانیان لەدەستداوە؟
- هێشتا رێژەیەكی دیاریكراو لای ئێمە تۆمارنەكراوە، ئەوانەی كەمئەندام دەبن بەهۆی كارەكانییانەوە پێویستە بێنە وەزارەت و خۆیان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافەكانیان بكەین، هەندێكی كەمیان دەچنە دادگەكان و لەو رێگەیەوە كاری خۆیان دەكەن.
* لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان چەند كەس گیراون؟
- لای ئێمە ئەوانە گیراون كە حوكمیان بۆ دەرچووە و سزای كۆتایی دراون، ژمارەی ئەوانەش بەپێی دوایین ئامار كە هی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵن لە چاكسازییەكانی ئێمە 2700 بەندكراوی نێر و 134 بەنداروی مێ هەن، رەوشی چاكسازی لە هەرێم دەبێ چاكسازی بێ و پێویستە گرنگی بدەین بەو كەسانەی لە زیندانەكانن بۆ ئەوەی رایان بهێنین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ كۆمەڵگە، بۆ ئەوەش پڕۆژەیەكی دیاری كراومان لەگەڵ دەزگایەكی چاكسازی سویدی واژۆ كردووە و لە قۆناغی جێبەجێ كردندایە كە بەو پێیە كۆمەڵێك كادیر رادەهێنن بۆ ئەوەی كار لەسەر كەسایەتی زیندانییەكان بكەن و كار بۆ راهێنانەوەیان بكەین، ئەگەر پرۆژەمان نەبایە دیارە رازی بووین لە بارودۆخی ئەوان، بۆیە پرۆژەمان هەیە واتە رازی نین.
* چەند كەس لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن؟
- رێژەی ئەو كەسانەی لە وەزارەتی كار وەكو كەم ئەندام مووچە وەردەگرن 111 هەزار كەسن، دوو جۆر مووچەی كەمئەندامیش هەیە، ئەوانەی كە كەمئەندامن و كاریان نییە بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرن، ئەوانەشی كەمئەندامن و كاریان هەیە بڕی 100 هەزار دینار وەردەگرن، رێژەی ئەو كەسانەشی كە لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن لە سەروو 84 هەزار كەسەوەن، بەدەر لەوەش هەر كەسێك مووچە وەربگرێ ئێمە مووچەكانیان دەبڕین.
ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو كەسانە دەكەین كە لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن، بەشێكیان پێشتر لادراون لەوانەی موستەحەق نین، ئێمە داتا بەیسێكی دیاریكراومان لەسەرانسەری كوردستاندا داناوە و هەموو ئەو كەسانەی سوودمەندن لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەراوردیان دەكەین و هەر ناوێكی وەهمی یان دووبارە یان دوو مووچەیی هەبێت دیاری دەكەین و لە پرێس كۆنفڕانسێكدا دواتر ژمارەی ئەو كەسانە دیاری دەكەین.