Hawkar Yaseen
27 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
هەولێر AA
ئێوارەی دوێنێ 26ی ئاب، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیارە بەجیا لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق کۆبێتەوە و لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش-یش دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.
دوای کۆتایی هاتنی دیدار و کۆبوونەوەکانیشی لە بەغدا، وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بگاتە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، ئاشکرای کردووە کە ئێوارەی دوێنێ گەیشتووەتە بەغدا و ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئاب دەست بە دیدار و کۆبوونەوەکانی دەکات.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان، پارلی گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە دەکات کە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان پێشتر لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێی کردبوون، لەوانە شەڕی دژبە داعش و بەردەوامی هاوکارییەکانی فەرڕەنسا لە رووبەڕووبوونەوەکانی تیرۆر و بارودۆخی ناوچەکە.
وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی دوێنێ بەرلە سەردانەکەی بۆ بەغدا لە تویتێکدا رایگەیاندووە "نامەکەمان بە سادەیی: ئەولەویەت بۆ گفتوگۆ و هاوکاری دیپلۆماسییە تاوەکو رۆژهەڵاتی ناوەڕست ببێتە ناوچەیەکی سەقامگیر و رێزلێگیراوی یاسا نێودەوڵەتییەکان، نابێت ناوچەکە ببێتە جێگای تەماحکاری هەندێک، ئەمە بەرژەوەندی گشتییە".
لە میانی شەش هەفتەی رابردوودا، ئەمە دووەمین وەزیری فەڕەنسییە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، مانگی تەمووزی ساڵی رابردووش سەرۆکایەتی فەڕەنسا بڵاوی کردەوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا، سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی عێراق دەکات، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ میدیا عێراقییەکان ئەوەی درکاندووە سەردانەکەی ماکرۆن بۆ عێراق هەفتەی داهاتوو دەبێت.