Ibrahim Ramadan,Sarmand Hameed
20 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2020
بەغدا - AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگای کەرکووک، رەت دەکاتەوە
گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەربە وەزارەتی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لەبارەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی عێراق لەسەر گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووک، لێدوانێکی دا.
تەحسین خەفاجی لە لێدوانەکەیدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە "هێزەکانی پێشمەرگە نەگەڕاوەتەوە کەرکووک".
خەفاجی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەرکی کۆنتڕۆڵکردن لە ئەستۆی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە و ئەوەش لە رێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای کەرکووک ئەنجام دەدرێت.
گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان نەیشاردووەتەوە کە هەماهەنگی زۆر باش لەنێوان هێزەکانی فیدڕالی و پێشمەرگە لەسەر دۆخی ئێستای کەرکووک هەیە.
تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوە کردووە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان تیڕوانینی ستراتیژی هەیە بۆ چۆنییەتی مامەڵکردنی دۆخی ئەمنیی لە کەرکووک.
پێشتر بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان بۆ سنووری پارێزگای کەرکووک رەت کردبووەوە.
مانگی رابردوو، حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەسەر دروستکردنی چوار ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەددین، نەینەوا و کەرکووک بە ئامانجی وشێکردنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەمنیی و هەواڵگریی تایبەت بە جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەدا.
تاوەکو ئێستادا هیهچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ کردنەوەی ئەو ناوەندە هاوبەشانە نەنراوە.