Heman Hussein Yaseen
01 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2020
ههولێر - AA
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەدەغەی ھاتوچۆی بۆ ماوەی شەش رۆژ راگەیاند و ھاتوچۆ بەشێوەیەکی تەواو لەنێوان گشت پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان قەدەغەیە و ھەر کەسێک سەرپێچی بکات سزادەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە کە دوای راوێژکردن لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیری تەندروستی، بڕیارماندا بە، راگرتنی ھاتوچۆ بەشێوەیەکی تەواو لە نێوان گشت پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان لە ٣١\٥\٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو تا ٦\٦\٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە راگرتنی ھاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل لەناو گشت پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان لە ٣١\٥\٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو تا ٦\٦\٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری راگرتنی دەوامی فەرمیی لە گشت فەرمانگەکانی حکوومەت داوە جگە لە وەزیرەکان و ستافی نووسینگەکانیان.
ھەر لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە گشت ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی ھاووڵاتییان رێگاپێدراون، دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەی ئێشکگر کراوە دەبن، نانەواخانەکان لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ١٢ی نیوەڕۆ کراوە دەبن، پێویستە نان بە دیلیڤەری بدرێت بە ھاووڵاتییان و نابێت نان لە نانەواخانەکان بفرۆشرێت، ھەر نانەواخانەیەک سەرپێچی بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، رێگا بە ئەمبولانس و ھێزە ئەمنییەکان و رۆژنامەنووسان دراوە، ھاوکات عەلوەکان دەکرێنەوە و ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن لە چوارچێوەی رێنماییە تەندروستییەکان سەوزە و میوە بگەیەننە ناو گەڕەکەکان.
ھەروەھا وەزارەتی ناوخۆ سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی تا ٧\٦\٢٠٢٠ راگرتووە و، ھاوکات دەروازە سنوورییەکانی باشماخ، پەروێزخان، ئیبراھیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، پشتە سەرزێرێ، سەیرانبەند و تەوێلە بەرووی گەشتیاران دادەخرێت تا ٦\٦\٢٠٢٠ کتژمێر ٢ی شەو.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان و پارێزگاکان بەردەوام دەبێت جگە لە مەرزی باشماخ بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر رادەوەستێت، بە مەبەستی رێکخستنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی.
ھەر لە بڕیارەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ داخستنی گشت شوێنە ئایینی و پەرستگاکانی راگەیاندووە و دووپاتیشی کردووەتەوە کە ھەر کەس و لایەنێک لێدوان دژ بە رێکارەکانی خۆپارێزی بدات، ئەوا لە رێگای داواکاری گشتییەوە رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.