واشنتۆن
ناوەندی بیپارتیسان پۆلیسی سەنتەری ئەمریکی لە واشینتۆن پانێلێکی لە ژێر ناوی تورکیا، کورد و داعش رێکخست كه ژمارهیهكی زۆری مامۆستایانی زانكۆ و سیاسهتوانان بهشداریان تێدا كرد.
لەو پانێلەدا مامۆستای بهشی پهیوهندییه نێودهوڵهتییهكانی زانكۆی لیی، هنری بارکی گوتی: "ماوەیەکی درێژە یەپەگە شەڕ لهگهڵ داعش دەکات بە تایبەت لە کۆبانێ زیاتر لە یەک مانگە شەڕێکی قۆرس لە نێوان یەپەگە و داعشدا لە ئارادایە. ئهمهش لهبهر ئهوهی کۆبانێ خاوەن ھەڵکەوتهیهكی زۆر ستراتیژیکە."
بارکی ههروهها گوتی: "لەسەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریاوە تا ئەمڕۆ گەورەترین پرس بۆ تورکیا رژێمی بەشار ئەسەد بووە و دواجار لەگەڵ ھێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ و بەھێزبوونی یەپەگە لە ناوچەکەدا، ئەو ناوچەیەیش بۆ تورکیا بووەتە پرسێکی گرنگ. بەرپرسانی تورکیا لە دژی دروستبوونی ناوچەیەکی سەربەخۆی کوردین لە باکووری سوریا. بەرخۆدان و خۆڕاگری کۆبانێ واتا و مانای یەکجار زۆری بۆ کورد ھەیە. داعش ھەوڵ بۆ داخستنی رێگای ھاوکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆبانێ دەدات. بەرخۆدانی کۆبانێ بووەتە سیمبولێک بۆ کورد و ئەگەر ھێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ بەردەوام بن، ئەوا بەرخۆدانی کۆبانێش فراوانتر و بەھێزتر دەبێت و دواجار کۆبانێیەکی بەھێز دێتە پێش. وردە وردە پەیەدە بۆ ناوچەکە و جیھان بۆته سیمبول."
بارکی کیمیابارانی ھەڵەبجەی وەبیر ھێناویهوه و گوتی: "ھەر چەنده خەڵکی کۆبانێ بەرخۆدانێکی زۆر گرنگ دەکات، بەڵام ئەگەری ئەوە ھەیە لە کۆبانێ کارەساتێکی وەکو کارەساتەکەی ھەڵەبجە دووبارە ببێتەوە."
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئەریک ئەدەلمانیش لە گوتەیەکدا باسی لە رێکنەکەوتنی تورکیا و ئەمریکا کرد و گوتی: "کاتێک سەیری کێشەکانی نێوان واشنتۆن ئەنقەرە دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە نەتەنیا لەسەر ئەو پرسانەی رێککەوتوونە ناکۆکی ھەیە، بەڵکو لەسەر ئەو پرسانەیش کە رێکنەکەوتوون ناکۆکییان ھەیە.
ئەدەلمان باسی دڵساردی تورکیا لە بەرامبەر بەشداریکردن لە ھاوپەیمانی جیھانی دژی داعشی کرد و بەھۆی پرسی بەدیلگرتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەی تورکیا لە موسڵ لە لایەن داعشەوە بۆ ماوەیەک دەست و باڵی تورکیا بەسترابوو، بەڵام ئەگەر پرسی دیلەکان پرسی سەرەکییە، ئەوا ھێشتا نازانرێ ئەو بەدیلگیراوانە چۆن ئازاد کراون. بەکار ھێنانی ناوەندی سەربازی ئینجهرلیک یەک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکایە و ئەگەر بێتۆ تورکیا دەرفەتی بەکارھێنانی ئەو ناوەندە بە ئەمریکا بدات، ئەوا زۆر باش دەبێت.