Hemin Hüseyin
18 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
فەرماندەی میحوەری مەخموور-گوێڕ، سیروان بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە لەماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق پێویستی بە هێزی پێشمەرگە هەبووە و هاوکاریمان کردوون بۆیە هەڕەشەکانی هەر لایەنێک هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت و بە دووریشی دەزانێت کە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و لایەنەکانی دیکەی عێراقدا دروست بێت.
فەرماندەی میحوەری مەخموور-گوێڕ، سیروان بارزانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە بۆچوونی من حەشدی شەعبی هێرش ناکاتە سەر هیچ شوێنێکی کوردستان و هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەو هەڕەشانەی کە دەیکەن، من بە دووری دەبینم کە هیچ شتێک رووبدات، لەگەڵ ئەوەش بە بێ رەزامەندی وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێک مافی ئەوەی نییە کە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە ببڕێت، چونکە لەماوەی رابردوودا، پێشمەرگە هەم کوردستانی پاراستووە هەم عێراقیش، بۆیە هیچ پێویستیمان بە هێزی عێراقی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوان پێویستیان بە هێزی پێشمەرگە هەیە کە لە شەڕی مووسڵ هاوکاریمان کردوون و لە شەڕی حەویجەش ئامادەین هاوکارییان بکەین".
دوێنێ یەکشەممە، ئەم فەرماندەیەی پێشمەرگە لەمیانی بەڕێوەچوونی دیداری پێشمەرگە کە کۆمەڵێک فەرماندەی سەربازیی دید و تێروانینی خۆیانیان خستەڕوو سەبارەت پرسە سەربازییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دەبێت ئەوە بڵێین کە پێشمەرگە ئیسپاتی کرد کە ھیچ ھێزێک نییە پێشمەرگە تێکبشکێنێت و ئێستا تۆکمەترە و جیاوازە لەوکاتەی کە داعش ھێرشی کرد، شەڕەکە بۆخۆی مەشقێک بوو بۆ پێشمەرگە، چونکە پێشتر حکوومەتی عێراق ئەو بوودجەیەی نەدا کە پێشمەرگە مەشق بکات، ھەتا ئێستاش عێراق رێگا نادات کە ھەرێمی کوردستان چەک بکڕێت، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە زۆر گۆڕاوە و دڵنیایی تەواو دەدەینە ھاووڵاتییان کە ھێزی پێشمەرگە زۆر بەھێزترە لەو کاتەی کە داعش ھات و دڵنیایی دەدەین کە تا یەک پێشمەرگە مابێت، کەس ناتوانێت دەست بۆ ھەرێمی کوردستان درێژ بکات".
سیروان بارزانی راشیدەگەیەنێت، پێویست بەوە ناکات هیچ لایەنێک هەڕەشە بکات و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە باوەڕ ناکەین هیچ بارگرژییەک رووبدات لەگەڵ ئەوەشدا هاوپەیمانان لێرەن و بڕوا ناکەم هیچ کێشەیەک دروست بکرێت و خەڵکیکش بۆ ریفراندۆم ئازادە و بڕیاری خۆی دەدات".