ھەولێر - AA
لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەھدی لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دژبە حکوومەت کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستی پێکردبوو، پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕی.
لە سەرەتادا محەمەد تۆفیق عەللاوی و پاشانیش عەدنان زورفی وەک کاندیدی نوێی سەرۆکوەزیران دیاریکران، بەڵام بەھۆی ناکۆکی و ئەنجامنەدانی دانوستان لەلایەن لایەنە سیاسییەکان، ھیچ کام لەم کاندیدانە سەرکەوتوو نەبوون و نامەی پاشەکشەیان ئاراستەی سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح کرد.
دواتریش نوێنەرانی ھاوپەیمانی دەوڵەتیی یاسا، رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، پارتی فەزیلەت لە ماڵی سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح ھادی عامری کۆبوونەوە و رێککەوتن کرا لەسەر دیاریکردنی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانیی عێراق، مستەفا کازمی وەک کاندیدی نوێی سەرۆکوەزیران.
ئەوەی جێگەی باسە، مستەفا کازمی سەربە ھیچ لایەنێکی سیاسیی نییە و ھەردوو بەرەی ئێران و ئەمریکاش گلۆپی سەوزیان بۆ کاندیدکردنی ناوبرا داگیرساندبوو.
لە دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە ٦شەشی ئایاری ٢٠٢٠ لە دانیشتنێکدا لە کۆی ٢٠ کاندیدی وەزیرانی کابینەکەی، متمانەی بە ١٥ وەزیر دا، مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەست نیشان کرا.
بەمەیش کازمی ئەرکێکی قورسی کەوتە سەر شان لەمەڕ پێویستی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق و پرسی خۆپیشاندانی ھاووڵاتییان لە دژی حکوومەت کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وە دەستی پێکرد و بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بۆ ماوەیەک راگیرا. لەمەودواش ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بریتی دەبێت لە بنەمای ئەو سیاسەتەی کە حکوومەتی نوێی عێراقی پەیڕەوی دەکات.
دانوستان لەسەر دیاریکردنی کازمی وەک کەسێک کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و جیھانی عەرەبی زۆر باشە و لەم کۆتایانەیش پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران رێکخستووەتەوە، دەرخەری ئەو راستیەیە کە ھەردوو ئیدارەی تاران و واشنتۆن دەیانەوێت گرژیییەکانی نێوانیان لە گۆڕەپانی عێراق کەم بکەنەوە. بە تایبەتی لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بەسەر ئێران، ئەو وڵاتەی ناچار کرد کە سازش بکات لەبەرامبەر ئەمریکا و قبوڵی ئەمری واقیع بکات.
پێویستە ئەوەیش لە بیرنەکرێت کە تا ئێستا بەشێکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران متمانەی تەواویان بە مستەفا کازمی نییە و ئەگەری پێکدادانی زیاتر لە نێوان حکوومەتی عێراق و ئەو گرووپە چەکدارانە لەسەر دیاریکردنی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری لە ئارادایە.
- دیاریکردنی نەخشەڕێگای سیاسیی عێراق لەلایەن مستەفا کازمی
مستەفا کازمی بەھۆی ئەوەی ئەزموونی تەواوی لە بواری ھەواڵگریدا ھەیە و نووسەرێکی بە توانای پاراستنی مافەکانی مرۆڤە، بۆیە دەتوانێت بە ئاسانی خواست و داواکاری خۆپیشاندەران بخوێنێتەوە کە پێشتر کورسی دەسەڵات بەھۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە لە عادل عەبدولمەھدی وەرگیرابووەوە.
کازمی لە میانی ١٥ رۆژی یەکەمی بوونی بە سەرۆکوەزیران، ئاماژەی ئەوەی نیشاندابوو کە سیاسەتێک لەسەر خواستی خۆپیشاندەران دەگرێتەبەر، بە جۆرێک ھەوڵیداوە کە ئەو بەڵێنانەی داویەتی لە وتارەوە بیانکاتە کردار. ھەر بۆیەش لە یەکەم ھەنگاودا بەمەبەستی راکێشانی ھاوسۆزی خۆپیشاندەران، بڕیاری گەڕاندنەوەی عەبدولوەھاب ساعدی وەک فەرماندەی ھێزی دژە تیرۆری عێراق دەرکرد کە لە سەردەمی عادل عەبدولمەھدی-دا لەو پۆستە لادرابوو.
دەستەبەرکردنی سەروەری نیشتمانیی و پاراستنی شکۆ یەکێکە لە داواکارییەکانی دەنگی شەقامی ناڕازیی عێراق، ھەربۆیە مانەوەی مستەفا کازمی لە ریزی خۆپیشاندەران و ھەنگاونان بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، لەوانەیە ئەگەری دروستبوونی گرژی لە پەیوەندی نێوان ئێران و حکوومەتی عێراق لە داهاتوودا بهێنێتە ئاراوە.
لە چوارچێوەی پێشھاتە گەرمەکانی عێراق، کازمی ھەرلە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە دوو بژاردەی سەرەکی کەوتە بەردەم، یەکەمیان بریتی بوو لە پاراستنی ھاوسەنگی لەنێوان داواکارییەکانی شەقام و کاردانەوەکانی ئێران، ئەوەی دووەمیشیان پەیوەندی ھەبوو بە جێبەجێکردنی خواستی شەقامی عێراق و بەرەنگاربوونەوە لە دژی کاردانەوە و کردارەکانی ئێران لە بەرامبەر ئەمەدا پشتیوانی دارایی و سیاسیی ئەمریکا گرنگی زۆری دەبێت بۆ کازمی لە رووبەڕوبوونەوەی گوشاری ئابووریی و ئەمنیی ئێران، ھەربۆیەش پرۆسەی رێککەوتنی ستراتیجیی لە نێوان ئەمریکا و عێراق دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ و کاریگەر بۆ مستەفا کازمی لە دیاریکردنی نەخشەڕێگای سیاسیی عێراق لە بەرامبەر ئێران.
دیوێکی دیکەی دراوەکە لە دیاریکردنی نەخشەڕێگای سیاسیی عێراق و پاراستنی ھاوسەنگی لەنێوان ئەمریکا و ئێران، بریتییە لە دۆخی ئابووریی عێراق، بە جۆرێک کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت گورزێکی گەورەی لە ئابووری ئەو وڵاتە وەشاند. ھەر بەپێی راپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ئاستی ئابووریی عێراق لە پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە جۆرێکە کە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێت رووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە کە لە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا دێنە ئاراوە. ئەمەیش بە مانای ئەوە دێت کە رەھەندی چاوەڕوانکراوی قەیرانی ئابووریی و دارایی لە عێراق و دەربازبوون لەو قەیرانانە بە تەواوی پەیوەست دەبێت بە پەیوەندی سیاسیت و رەھەندی رێککەوتنی ستراتیجیی نێوان ئەمریکا و عێراق.
- رێککەوتنی ستراتیججی نێوان ئەمریکا و عێراق
دیدار و کۆبوونەوەکانی ھەردوولایەنی ئەمریکی و عێراقی لەسەر رێککەوتنی ستراتیجیی لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دەستی پێکردبوو، کۆبوونەوەکە لەڕێگەی تەلە کۆنفرانسەوە ئەنجامدرا و تیایدا بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق درا.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی سیاسیی و ئابووریی نێوان ھەردوو لایەن کرا و تەوەری سەرەکیش بریتی بوو لە پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. لە دوای کۆتایی ھاتنی راوندی یەکەمی کۆبوونەوەکە، راگەیەندراوێکی ھاوبەش بڵاوکرایەوە و تیادا ئاماژە بەوە کرا کە کۆبوونەوەی داھاتوو لە مانگی تەمووز لە واشنتۆن ئەنجام دەدرێت.
ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ یەکەمین جار لە دوای رێککەوتنی ئەمنیی و ستراتیجیی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەنێوان عێراق و ئەمریکا واژوو کرابوو، گرنگی خۆی ھەیە، بە جۆرێک کە بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان چاوەڕوان دەکەن ئەم کۆبوونەوانە ببنە نەخشەڕێگای رزگارکردنی عێراق لە قەیرانی ئابووریی، شەپۆڵی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراق، دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی گرژی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق.
لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس لەلایەن ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، دووبارە پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن فراکسیۆنە شیعەکان لە پەرلەمان خرابووە رۆژەڤی پەرلەمانەوە و لە ئەنجامی ئەمەیش لە پێنجی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاری دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزە بیانییەکانی دیکەیان لە عێراق دەرکردبوو، ھەربۆیە بەھەند وەرگرتنی پرسی کشانەوەی بەشێکی ھێزەکانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ھەردوو ئیدارەی واشنتۆن و بەغدا، رۆڵێکی گرنگی ھەیە لە کەمکردنەوەی گرژی نێوان ھەردوولایەن لە گۆڕەپانی عێراق، ھەڵبەتە ئەم ھەنگاوە بووە ھۆی سووککردنی گوشاری لایەنە شیعەکان لەسەر مستەفا کازمی کە ماوەیەکی زۆرە داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەکەیان دەکەن. کازمی دووبارە بەم ھەنگاوە ھەوڵی راگرتنی ھاوسەنگی لەنێوان ھەردوو ھێزی دا و ئەمەیش بۆ ماوەیەکی کاتی بە قازانجی کابینەی حکوومەتەکەی دەبێت.
- بۆچی ئاراستەی سیاسی مستەفا کازمی زیاتر رووەو واشنتۆنە؟
لە پەنای باسکردنی پرسەکانی ئەمنیی و سیاسیی لە دانوستانەکانی ھەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی دیالۆگی ستراتیجیی، ئەمریکا جەختی لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی عێراق و پێشکەشکردنی ھاوکاری مرۆیی کردبووەوە. ئەمەش وەک بەدەست هێنانی دڵی شەقامی ناڕازیی عێراق لێکدەدرێتەوە. لە پاڵ ئەمەیش ئەمریکا لە راگەیەندراوی ھاوبەشی کۆبوونەوەکە بەڵێنی ئەوەی دابوو کە لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھاوکاری عێراق دەبێت لە ئامادەکردنی زەمینەسازیی پێویست بۆ ھەڵبژاردنەکان و پاراستنی سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە.
لە لایەکی دیکەیشەوە، بەپێی راپرسییەک کە لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن نوێنەرایەتی کۆمپانیای راوێژکاری گالوپ لە عێراق کە سەربە ئەمریکایە ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمە بۆ یەکەمین جارە لە دوای ماوەیەکی درێژ، بۆچوونی ئەرێنی عێراقییەکان لەبەرامبەر ئەمریکا بە دووھێندە بەرزبووەتەوە بە گوێرەی پشتیوانیکردنی ئێران لەو وڵاتەدا، بە جۆرێک کە لە ھەرسێ ھاووڵاتی عێراقی یەک کەسیان پشتیوانی لە مانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتەکەیان دەکەن. ئەمەیش لەوانەیە فاکتەرێکی گرنگ بێت بۆ مستەفا کازمی کە ئاراستەی سیاسەتەکانی زیاتر رووە و واشنتۆن بێت.
- لە شەوی ئۆپەراسیۆنەکەدا چی رووی دا؟
ھەروەکو پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوە کردبوو کە ھەوڵی گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و کەمکردنەوەی ھەژموونی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق و دیاریکردنی ھێڵی سوور بۆیان دەکات، لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، تیمێک لە ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر کۆگایەکی دروستکردنی مووشەکی کاتیوشای سەربە کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەی دۆرەی بەغدا ئەنجامدا و تیادا ژمارەیەک لە فەرماندە و چەکدارەکانی ئەو گرووپەیان دەستگیرکرد.
ھەڵبەتە ئەمە لە عێراق بۆیەکەمین جارە ھەنگاوێکی لەم چەشنە لە ئاستی فەرمی بھاوێژرێ و ھەڵسەنگاندنی ئەوەی بۆ دەکرێت کە مستەفا کازمی لە چوارچێوەی بەڵێنی "کۆکردنەوەی چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەی کە لە دەرەوەی ئیرادەی حکوومەتن" ئەم ھەنگاوەی ناوە. ئەمە لە کاتێدا کە مستەفا کازمی لەوەو پێش بەڵێنی ئەوەیشی دابوو کە ئەو گرووپانەی بەرپرسیارن لە ھاویشتنی مووشەک بۆسەر ناوچەی سەوز، دەستگیریان بکات و رادەستی دادگایان بکات.
ئەم ھەنگاوەی مستەفا کازمی لە شەقامی عێراقی بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێکرا و ھاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ حکوومەت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازیی کرد.
ھەر لە دوای ئەو جموجۆڵە سەربازییەی عێراق، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە زانیاری وردیان لەسەر ئەو چەکدارانە بەدەست گەیشتووە بەوەی کە ئامادەکارییان کردووە بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز، بەم ھۆیەوە ١٤ کەس دەستگیرکراوە و دەستبەسەر دوو سەکۆی مووشەکی داگیراوە کە ئاراستەی ناوچەی سەوز کرابوون بەمەبەستی ھەڵدانی مووشەکی کاتیوشا.
راشگەیەندرا کە زانیاری ھەستیار لەسەر ئەو کەسانە بەدەست گەیشتووە کە پێشتر بەرپرس بوون لە ھێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
لە بەرامبەردا بەشێک لە گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران داوایان لە لایەنگران و چەکدارەکانیان کرد کە بڕژێنە سەر شەقامەکانی بەغدا و رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان ببنەوە، لەم روانگەیەشەوە ھەوڵی ھێرشکردنە سەر بارەگای دژە تیرۆری عێراق لە بەغدا درا.
بەڵام ھۆشداری توندی ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراق، وایکرد کە گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی شەقامەکانی بەغدا خاڵی بکەن و بکشێنەوە بارەگاکانیان.
- ھەڕەشەکردن لە مستەفا کازمی
دوو کاتژمێر لە دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، فەرماندەیەکی سەربازیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا بە ناوی ئەبو عەلی عەسکەری ھەڕەشەی توندی لە کازمی کرد و رایگەیاند کە کازمی ئەو کارەی بە ئاسانی بەسەردا تێپەڕ نابێت.
لەلایەکی دیکەش سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی لە تویتێکدا رایگەیاند کە "پێویستە لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن و رێز لە حەشدی شەعبی بگیرێت و شکۆی نەشکێندرێت". ئەمەیش بە ئاشکرای بە مانای ئەوە دێت کە دەستبردن بۆ حەشدی شەعبی ھێڵی سوورە و دانوستانی لەسەر ناکرێت.
ھاوکات گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا نزیک لە ئێران، ناسر شممەری ھۆشداری دا لەبارەی ھەر ھەولێک کە حەشدی شەعبی بکاتە ئامانج و لایەنەکان بخزێنێتە نێو دووبەرەکییەوە.
- مستەفا کازمی بۆچی ئەم ھەنگاوەی نا؟
شەوی پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، مستەفا کازمی لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار لە بەغدای پایتەخت رایگەیاند کە بەمزووانە گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی دەوڵەت دەکات، بە تایبەتی لە پۆستی بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکان و ئاسایشی نیشتمانی.
کازمی راشیگەیاند کە لە ئەگەری رێگری لایەنەکانیش لە کارەکانی حکوومەت ئەوا ئەو بە ئاسانی دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.
بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسیی ئەم ھەنگاوەی کازمی زیانی دارایی و ئابووری گەورە بە ئێران دەگەیەنێت، چونکە بەشێک لە داھاتی ئەو دەروازە سنووریانە لە دەستی گرووپەکانی نزیک لە ئێرانە.
ھەربەپێی زانیاری سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، چەکدارانی کەتایبەکانی حزبوڵڵا ویستویانە بە مووشەک لەو شوێنەوە ھێرشە بکەنە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بۆ ئەوەی بەم جموجۆڵە سەربازییەی خۆیان ھۆشدارییەک بدەن بە مستەفا کازمی و لەو کارەی پاشگەزی بکەنەوە.
ھاوکات یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەم مانۆڕەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە دژی چەند لایەنێکی دیاریکراوی گرووپە چەکدارەکان بۆ قایلکردنی خۆپیشاندەرانە و بە مانای دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی سیاسیی لە عێراق دێت.
لە ئێستادا، ئاراستەی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا -عێراق و ھەڵوێستی ئێران و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەسەر جموجۆڵەکانی کازمی، ئاراستەی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی نەخشەڕێگای سیاسەتی نوێی عێراق دیاری دەکات.
news_share_descriptionsubscription_contact

