Heman Hussein Yaseen
01 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2020
ههولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، چوار پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، فۆڕمی رەتکردنەوەی خانەنشینییان پڕ کردەوە و رایانگەیاند کە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەیان دەچنەوە سەر کاری پێشوویان.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرۆکی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق گوتی: ''ھەروەک بەڵێنمان دابوو بە دەنگدەران کە نابین بە بەشێک لە نادادپەروەری، بۆیە ھەر لێرەوە سەرجەم ئەندامانمان لە فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ ھەڵساین بە پڕکردنەوەی رەتکردەوەی فۆڕمی خانەنشینی و دوای تەواوبوونی ئەرکەکەمان دەگەڕێینەوە سەر کاری خۆمان و ئەمەیش لەبەر دوو ھۆکار''.
کازم فاروق گوتیشی: ''ھۆکارێکیان راستگۆیی و وەفایە بۆ ئەو بەڵێنانەی پێش بانگەشەی ھەڵبژاردن داومانە و ھۆکارێکی دیکەش نامانەوێت ببینە بەشێک لەو گەندەڵی و نا عەدالەتییەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە شەرم دەکەین دوای چوار ساڵ بە چوار ملیۆن دینار خانەنشین بکرێن، بەڵام ئەو مامۆستایەی منی پێگەیاندووە بە چوارسەد ھەزار دینار خانەنشین بکرێت''.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، کاوە عەبدولقادر گوتی: ''یاساکە ھەموو پەرلەمانتاران دەگرێتەوە، ھەر بۆیەش من دوای تەواوبوونی ئەرکەکەم دەگەڕێمەوە سەر کارەکەی پشووم کە مامۆستا بوومە''.
پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ بریتین لە کازم فاروق، کاوە عەبدولقادر، مژدە مەحمود و سیپان سالم کە فۆڕمی رەتکردنەوەی خانەنشینییان پڕ کردووەتەوە و داواشیان لە پەرلەمانتاران کردووە کە فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە.