Hemin Hüseyin
29 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
ھەولێر - AA
ئەنجوومەنی ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە کە لە مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی پێکھاتووە، دوای بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێم سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچە لە ھەریەک لە شارەکانی ھەولێر و دھۆک بڕیاری کۆتاییھێنانییان بە گردبوونەوەکاندا.
ئەنجوومەنی ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات ئەو سیستەمەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردراوە، ئەوا لەو مانگەدا بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "ئەنجوومەنی ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، لەم قۆناغەدا گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی رادەگرێت، بەڵام لە داھاتوودا لەژێر ناو و ئامانجی دیکەدا لە چالاکییە مەدەنی و دیموکراسییەکانی بەردەوام دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک کراوە وەک مەرج بۆ حکوومەتی ھەرێم کە تیایدا ھاتووە "بە ھەموو لایەکی رادەگەیەنین ھەرچەندە خواستی ئەنجوومەنەکەمان ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی ستستەمی پاشەکەوتی نایاسایی مووچە بوو، بەڵام راگەیاندنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تاڕادەیەک ھەندێک لەباری سەختی گوزەرانی خەڵک سووک دەکات، بۆیە رایدەگەیەنین کە دەبێت ئەو سیستەمە بڕیاردراوەی مووچە، لەو مانگەدا بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە. ھەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا مووچە بدرێت و دوو مانگ جارێکی مووچە ماڵئاوایی بکات. وەک سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی بەڵێنیان دا، لەگەڵ باشبوونی داھات و ئەو چاکسازییەی پەرلەمان لە مووچەدا بڕیاری لەسەر دەدات، ئەو پاشەکەوتەی ماویشە نایھێڵن، ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەش دەکەین. قەرزی مووچەخۆران لای حکوومەت بکرێتە چەکی بانکی و بەزووترین کات یاسای خانەنشینی بەگۆڕاکارییەکانییەوە لە بەرژەوەندی مووچەخۆران جێبەجێ بکرێت. داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری ھەولێر دەکەین، ھەرچی گیراوێکی گردبوونەوەکانی چوار رۆژی رابردووە، دەست بەجێ ئازاد بکرێن، بەڵگە و زانیاری وردمان لایە، تا ئێستا چەندین کەس لە زیندان دان، بە پێچەوانەوە، پەنا دەبەینە بەر رێکاری یاسایی و ناوی گیراوانیش دەدەینە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگای میدیایی و کۆنسولخانە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان. دژ بە ھەموو جۆرە رێکارێکی سزادان دەوەستینەوە، کە بەرامبەر مامۆستایان و کارمەندان لە دامودەزگاکانی حکوومەت ئەنجامبدرێت، کە بەشداری خۆپیشاندان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، یان بایکۆتی دەوامیان کردووە. دەستخۆشی لە ھێزەکانی پۆلیس و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان دەکەین، کە پارێزگاریان لە گردبوونەوەکان کرد و، سەرکۆنەی ئەو رەفتارە نزم و قێزەونانەش دەکەین کە کەسانێکی زۆر بەجلی مەدەنی مامۆستا و فەرمانبەر و تەندروستیکار و رۆژنامەنووسیان دەگرت و، پەلاماریان دەدان و بە ئۆتۆمبێلی نادیار دەیانبردن و رێگریشیان لە ھەموو رووماڵێکی کاری دەزگا راگەیاندنەکان دەکرد. ئەنجوومەن لەو قۆناغەدا گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی رادەگرێت، بەڵام لە داھاتوودا لەژێر ناو و ئامانجی دیکەدا لە چالاکییە مەدەنی و دیموکراسییەکانی بە شێوازی خەباتی مەدەنی بەردەوام دەبێت".