هەولێر
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جۆزێف سڵێوە دەڵێت دەبێت یاسایەك دابڕێژرێت بۆ تاوانباركردنی ئەو پیاوە ئاینییانەی هانی توندوتیژی دەدەن.
ئەمڕۆ یەكشەممە لە هەولێر كۆنگرەیەك بۆ تاوتوێكردنی ئەو كۆمەڵكوژی و تاوانانەی داعش لە دوای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە 10ی حوەزیرانی ساڵی رابردووەوە لە دژی ئێزیدی و مەسیحییەكان پەیڕەوی دەكات و بۆ باسكردنی ئایندەی ئەو دوو پێكهاتەیە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بەسترا.
ئەو كۆنگرەیە كە ژمارەیەك پەرلەمانتار و وەزیری حكوومەتی هەرێم و عێراق ئامادەی بوون و سەرکۆماریش لە رێگەی نوێنەرەكەیەوە وتارێكی هەبوو، ژمارەیەك زۆر لە رۆڵەی ئێزیدی و مەسیحییەكانی هەرێم و عێراقیش بەڕێوەچوو كە چەندین تەوەر و توێژینەوەیگرنگی تێدا دەخرێتە روو لە ماوەی دوو رۆژی كۆنگرەكە.
كۆنگرەكە بە خوێندنەوەی وتاری سەركۆماری عێراق فوئاد مەعسوم لە دوای خولەكێك وەستان بۆ گیانی قوربانییان دەستی پێكرد، دواتریش نوێنەری ئێزیدییەكان و راوێژكاری پێشووی سەركۆماری عێراق عیدۆ بابە شێخ لە وتارێكدا گوتی" ئەوەی بەسەر كەمینەكان بەتایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكانی نەینەوا هات كارەسات و جینۆساید بوو بە هەموو واتاكانی، ئەوەی داعش كردی یەكێكە لە گەورەترین تاوانەكانی سەردەم"، گوتیشی"ئێستا نزیكەی 400 هەزار ئێزیدی لە دەرەوەی خاكی خۆیان دەژیین، زۆرینەیان لە ناو خێوەت و شوێنی نەشیاو دەژیین، داعش نزیكەی پێنج هەزار ژن و كچ و زارۆكی رفاندووە، لە نێویاندا نزیكەی دوو هەزار كچ و ژنی جوان لە دەستی داعشدانە، كچێن شەش ساڵ و زێدەتر هەموو جودا دەكرێنەوە و دەفرۆشرێن و تەعەدایان لێ دەكرێت بە هەموو نەوعێك".
بابە شێخ بە درێژی تیشكی خستە سەر ئەو كارەساتانەی بەسەر كەمینەكانی نەینەوا هاتووە و گوتی دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پتر بێتە پێشەوە و ئازارەكانییان سووك بكاتەوە.
وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەحموود حاجی ساڵح كە یەكێك بوو لە دوو وەزیرە ئامادەبووەكەی حكوومەتی هەرێم لەو كۆنگرەیە لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی ئەمڕۆ یەكشەممە ئەو كۆنگرەیە بۆ ئەو كارەساتانەی لە دەشتی نەینەوا لەسەر دەستی داعش دژ بە كەمینەكان روویاندا بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی" وەكو لێژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزیدی و مەسیحییەكان و وەزارەتی شەهیدانیش پاش ئەوەی چەند سەردانێكمان بۆ چەند وڵاتێك كرد و لەوێ چەندین دەزگای پەیوەندیدارمان بەسەركردەوە و بەڵگەكانمان رادەست كردن ئێستا كاری زیاتر دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگات، بەڵام گرفتێكی یاساییمان هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئەو تاوانانە لە وڵاتێك ئەنجامدراون كە عێراقە و هێشتا ئەندام نییە لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستی بە كاری زیاترە".
بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دوای رووداوەكانی كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە لە 10ی حوزەیرانی 2014 پتر لە 512 خێزان ناوچەكانییان لە پارێزگای نەینەوا بەجێهێشتووە، جگە لە كوشتنی 1109 مەسیحی، دەستدرێژی كردووەتە سەر 115 كڵێسە و مەزار و دێری ئەوان و لە نێوان 25 تا 33 هەزار مەسیحی عێراقییان بەجێهیشتووە پاش ئەو رووداوانە.
هەرچی ئێزیدییەكانە ئەوا بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە ژمارەی پەنابەرانی ئێزیدی بەهۆی ئەو رووداوانەوە 430 هەزار كەس دەبن، دوو هەزار و 300 ئێزیدیكوژراون و چوار هەزار و 271 كەسیشیان رفێنراون، 17 مەزاری ئێزدییەكانیش لەلایەن داعشەوە رووخێنراون، جگە لەوەش 65 هەزار كەسیشیان چوونەتە دەرەوەی عێراق.
سەرۆكی تائیفەی سریانی ئەرسەدۆكس لە مووسڵ و هەرێمی كوردستان نیقۆدیمۆس داود شەرەف دەڵێت دەبوو پاش رووداوەكانی نەینەوا دەست لەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵی بەرپرسان هەبایە.
ئەو كە ئامادەی كۆنگرەكە بوو و باسی لەوەكرد كە دواین مەتران بووە پێش رووداوەكانی 10ی حوەزیران مووسڵی جێهێشتووە، گوتی" شەرەف لە دونیا نەماوە، ئەگەر شەرەف لە جیهان مابێت و ئەوەی دەڵێ شەرەفم هەیە دەبێت بڵی ئەوەی روویدا تاوانێكە هاوشانی نییە".
لەو كۆنگرەیە كە هیچ ئامادەبوونێكی ئەوتۆی پیاوانی ئاینی لە ئاینەكانی ئیسلام بە شیعە و سوننەوە پێوە دیار نەبوو هاوشێوەی بەرپرسە باڵاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئێزیدی و مەسیحییەكان تیشكییان خستە سەر ئەو كارەساتانەی بە درێژایی مێژوو لە عێراق بەسەریاندا هاتووە نوێترینییان هێرشەكانی داعش بوون.
لەو كۆنگرەیە شاهێدحاڵێكی كچیش باسی لە ئازارەكانی خۆی دەكرد كە بۆ پتر لە دوو مانگ لە دەستی داعشدا بووە و وەكو سەبییە هاوشێوەی هاوڕەگەزەكانی هاو ئاینی.
لەلایەن خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جۆزێف سلێوە رایگەیاند پێویستە یاسایەك دابڕێژرێت بۆ رێگەگرتن لە هاندانی پیاوانی ئاینی، سلێوە گوتی" دەبێت پەرلەمانی عێراق یاسایەك دەربكات پیاوی ئاینی تاوانبار بكات ئەگەر كار لەسەر هاندان لە دژی ئەوانی دیكە و ئاینەكانی بەرامبەری بكات"، ئەو بە نیگەرانیشەوە باسی لەوە دەكرد كە هێشتا هەندێك لە پیاوانی ئاینی پۆڵێنی شەهیدان دەكەن و دەڵێن ئێزیدی و مەسیحییەكان ئەوانەی لە پێناو خاكەكەیاندا دەكوژرێن شەهید نیین.
هەرچۆنێك بێت بەشێكی زۆری كەمایەتییەكانی عێراق بۆچوونییان وایە كە ژیان و ئایندەیان لە عێراقدا لە مەترسیدایە و ئەوان كە خۆیان بە رۆڵە رەسەكانی ئەو وڵاتە دەزانن دەڵێن دەترسن رۆژێك بێت و ئەوان لە عێراق بوونییان نەمێنێ.