هەولێر
سەركۆماری عێراق فوئاد مەعسوم پێی وایە "داعش پێنج هەزار ئێزدی كوشتووە و پێنج هەزاری دیكەشی رفاندووە و 350 هەزاریشی ئاوارە كردووە".
لە ژێر ناونیشانی "كۆمەڵكوژی و پاكتاوی نەژادی و ئایندەی ئێزدییەكان و مەسیحییەكان لە عێراق "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.
ئەو كۆنگرەیە كە دوو رۆژ دەخایەنێت جگە لە نمایشكردنی فیلمی دێكیۆمێنتاری لەسەر تاوانەكانی داعش، چەند شایەتحاڵ و قوربانییەكانی ئەو تاوانانەی داعش لەسەر زاری قوربانییانەوە دەخرێنە روو، جگە لەوەش بڕیارە چەندین توێژینەوەوە بخرێنە بەرباس و لە كۆتاییدا كار بۆ بە بەڵگەنامەكردنی ئەو تاوانانە بكرێت.
پاش خولەكێك راوەستان بۆ گیانی قوربانییانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بە وتاری سەركۆماری عێراق فوئاد مەعسوم كۆنگرەكە كرایەوە. راوێژكاری سەركۆماری عێراق خالید شوانی لەو وتارەدا كە بەناوی سەركۆمارەوە خوێندییەوە ئاماژەی بۆ ئەو كارەساتانە كرد كە كەمینەكانی عێراق بە دیاریكراوی ئێزدی و مەسیحییەكان لە پاش كۆنتڕۆِڵكردنییەوە لە لایەن داعش لە پارێزگای نەینەوا رووبەڕووی بوونەوە و بە" قڕكردنی بە كۆمەڵ"ی ناوبرد".
لە وتەكەی سەركۆماردا هاتبوو "ئێزدی و مەسیحییەكان لە پێكهاتە رەسەنەكانی عێراقن و رۆڵەی ئەم وڵاتەن و بونیادنەری شارستانییەتەكەین، ئەوان چەندین جار لەلایەن تاریك پەرەستان و ستەمكارانەوە رووبەڕووی قڕكردن بوونەتەوە، ئەوەشی لەسەر داعش روویدا قڕكردنی بە كۆمەڵ بوو، داعش لە ناو دەچێت و رزگاركردنی شنگال زۆر نزیكە".
هەروەها هاتبوو "شەڕی عێراق لە دژی داعش تەنها لە سنووری رووبەڕووبونەوەی چەكداری ناوەستێت، بەڵكو ئەركی رۆشنبیرانیشی بە گرنگ زانی بۆ رووبەڕووبونەوەی فیكریی ئەو رێكخراوە.
لە وتارەكەی فوئاد مەعسومدا تاوانەكانی داعش لە دژی كەمینەكانی عێراق بە تایبەت بە تاوانی نازییەكان چوێندرا كە لەو وتارەدا هاتووە "ئەوەی ئێزدی و مەسیحییەكان بە دەستی داعش رووبەڕووی بوونەوە زۆر ستەمكارانە بوو و هیچ وێنەیەكی نەبووە بەو گەورەییە، بەڵكو زۆر لە تاوانی نازییەكان دەچێت".
خالید شوانی كە لە جیاتی سەركۆمار وتارەكەی خوێندەوە هەروەها گوتی "داعش پێنج هەزار ئێزدیی كوشتووە تا ئێستا، جگە لە رفاندنی پێنج هەزاری دیكە، لەگەڵ ئەوانەشدا 350 هەزار ئێزدی بەو هۆییەوە ئاوارە بوون، ئەوە جگە لەو تاوانە گەورانەی بەرامبەر بە مەسیحییەكانی كردویەتی".
باسی لەوەشكرد كە داوایان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەکانی نێودەوڵەتی دیكە كردووە بە هانای ئاوارەكان بچنەوە و بە ئەركی خۆیان بەرامبەر بەو كەمینانە هەڵبستن.