Hawkar Yaseen
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبەیانی ئەمڕۆوە دەستی پێ کردووە و یەكەم كۆبوونەوەی شاندی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ شاندی باڵای حكوومەتی فیدرال بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكوەزیران، عەلی عەللاوی بەڕێوەچوو.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەمیر ھەورامی رایگەیاند "لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەشتی ئەیلوول یەكەم كۆبوونەوەی بەرفراوانی هەردوو شاندی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ لە بارەی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەت پرسی شایستە داراییەكانی ھەرێم و چۆنییەتی جێگیركردنیان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا، لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان".
سەمیر ھەورامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددەكانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئەوەی رێككەوتنیان لەبارەوە بكرێت".
گوتەبێژی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەمیر ھەورامی گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێم ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی داھاتی نەوتی و نا نەوتی و داھاتی دەروازە سنوورییەكان".