Hamit Hüseyin
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2016
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان ھەڵگورد حیکمەت لەبارەی فرۆشتنی چەکی ئەڵمانی بە داعش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە دوورە لە راستی کە ھیچ چەکێکی ئەڵمانی کە بە پێشمەرگە درابێت لە ھەموو میحوەرەکان کەوتبێتە دەست داعش یا خود فرۆشرابێت".
ھەڵگورد حیکمەت لە درێژەدا گوتی: "لە شەڕ، شکست و سەرکەوتن ھەیە و ھەموو جۆرە حاڵەتێک ئەگەری روودانی ھەیە و ئەوەی لە شەڕدا روو دەدەات لە پرۆسەی کۆمەڵایەتی بەدی ناکرێ. پێویستە ئەوەش بزانرێت کە ئەگەر پێشمەرگەیەک شەھید یان بریندار ببێت لەوانەیە چەکی بەجێ مابێت ئەوە تەنیا حاڵەتە، پێشمەرگەش ھەبووە کە لە کاتی برینداری تیمەکانی تەندروستی تەنیا توانیوانە ئەو کەسە بھێننەوە و لەوانەیە چەکی بەجێ مابێت".
لەبارەی فرۆشتنی چەک لە بازاڕی چەکی ھەولێر گوتی: "ئەوەش تەنیا حاڵەت بووە و دیاردە نییە بۆ ئەو پرسە لێژنەیەک پێک ھێنراوە و ئەگەرھەرکەسێک ئەو چەکەی فرۆشتبێت دەدرێتە دادگای سەربازیی و سزاکەی لە سەر دەسەپێنرێت".
هەڵگورد حیکمەت گوتیشی: "تەواوی چەکەکان لە سەر پێشمەرگە و یەکەکانی سەربازیی لە ئەستۆ دەکرێت و ھەموو چەکەکان بە لیست و ژمارەی تایبەت رەوانە دەکرێن و دۆزینەوەی خاوەنی ئەو چەکانە لە مەیدانی چەک کارێکی ئاسانە".
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە داخستنی بازاڕی چەکی هەولێر کرد و گوتی: "ئەو بازارە لەلایەن پارێزگای ھەولێرەوە داخرا و ئەویش بەھۆی چەند حاڵەتێکی نامۆ بوو بەڵام لە ھەموو جیھان بازاڕی چەک ھەیە و خەڵک لەسەر داوای خۆیان بەبێ مۆڵەت دەیکڕن".