Heman Hussein Yaseen
12 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
هه‌ولێر - AA
بەمەبەستی شیكردنه‌وه‌ی یاسای ژماره ٥ی ساڵی ٢٠١٥ ی مافی پێکھاتەکانی کوردستان، کۆنفرانسێک به‌سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان، ئایدن مه‌عروف بەڕێوەچوو كه تیایدا، ژماره‌یه‌ك كه‌سایەتی پێكهاته جیاوازه‌كان به‌شداربوون و گفتوگۆیان له‌باره‌ی یاساكه‌وه كرد.
لە کۆنفرانسەكهدا وەزیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەو یاسایەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە زۆرترین مافی بۆ پێکھاتەکان دابین کردووە و باشترین یاسایە، لەکاتێکدا لە ھەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و سیاسییەوە ماف بۆ پێکھاتەکان و بەیەکەوەژیان دیاریی کراوە و لە عێراقدا، ھێشتا مەترسی لەناوبردنی پێکھاتەکان ھەیە و ھەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدردێت.
ئایدن مه‌عروف گوتی: ''ده‌مانه‌وێت وا بكه‌ین كه ئه‌م یاسایه له پراكتیكدا كاری له‌سه‌ر بكرێت و پاڵپشتی ده‌بین به‌بێ جیاوازی و پشتیوانی له مافی پێكهاته‌كان ده‌كه‌ین و بوونی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جددییه له‌م بابه‌ته‌دا''.
باسی لەوەشکرد کە لە ھەرێمی کوردستان نەوەک ماف بۆ دانیشتوانە رەسەنەکانی پێکھاتەکان دیاریی کراوە، بەڵکو ئەو پێکھاتانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ئاوارەی کوردستان بوون، ئەوانیش جێگایان کراوەتەوە و مافه‌كانیان بۆ دەستەبەرکراوە.
یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ کە تایبەتە بە پاراستنی مافی پێکھاتەکان لە کوردستان لە سێ بەش و نۆ ماددە پێک دێت و تیایدا لە ماددەی یەکەم بڕگەی دووەم سەبارەت بە پێھکاتەکان ھاتووە: ''کۆمەڵە نەتەوەییەکان (تورکمان، کلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەن) و کۆمەڵە ئایین و ئایینزاکان (مەسیحی، ئێزدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی و ھی دیکە) ھاووڵاتیی کوردستانی عێراقن''.
ھەروەھا لە بەشی دووەم و ماددەی یەکەمدا ھاتووە ''حکوومەت مافی یەکسانی و ھاودەرفەتی لە ژیانی سیاسیی، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە رێگای یاسایی و سیاسەتی کاریگەر بۆ ئەو تاکەی سەر بە پێکھاتەکەیە مسۆگەر دەکات، ھەروەھا مافی بەشداریکردنیان لە وەرگرتنی ئەو بڕیارانەی تایبەت بەخۆیان مسۆگەر دەکات''.
لە ھەمان بەشدا و لە ماددەی حەفتەمدا ئاماژە بەوەکراوە کە لەو ناوچانەی کە چڕی دانیشتووان پێکدەھێنن (پێھکاتەکان)، مافی بەشداریکردنییان ھەیە لە بەڕێوەبردنی دامودەزگا حکوومیی و ئیدارییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکان.
له كۆنفڕانسه‌كه‌دا به‌شداربووان له پێكهاته جیاوازه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه پێویسته پێكهاته‌كان له داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بێت، هاوكات له جگه له ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن، ئه‌وا پێویسته له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریشدا رۆڵیان هه‌بێت و له داهاتووشدا، به‌چڕی كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ت بكرێت.