توركيا, سياسەت, جيهان

هاکان فیدان: "سزاکانی 'کاتسا'ی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆحی هاوپەیمانیی یەکناگرێتەوە''

Zeynep Katre Oran, Salih Okuroğlu  | 05.02.2025 - نوێکردنەوە : 12.03.2025
هاکان فیدان: "سزاکانی 'کاتسا'ی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆحی هاوپەیمانیی یەکناگرێتەوە''

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکاریان کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا و، سزاکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی کاتسادا دۆخێکە لەگەڵ ڕۆحی هاوپەیمانییدا یەکناگرێتەوە.

لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەی مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵودا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان وەڵامی پرسیارەکانی لە بارەی ڕۆژەڤ دایەوە.

سەبارەت بە هاریکاریی نێوان تورکیا و عێراق لە بواری ئەمنیی و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەدا، فیدان رایگەیاند: "پێموایە لە ڕاستیدا بەو دیپلۆماسییەی لە کەناڵەکانی خۆمان و کەناڵەکانی دیکەدا ئەنجاممانداوە، لەگەڵ ئەواندا لە دروستکردنی هۆشیاری لەسەر ئەم خاڵە پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە. بەپێی ئەوەیش میکانیزمێکی ئەمنیی دانراوە، پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو ڕاگەیەندرا، ئیدی ڕێگە نادرێت لە چەند پرسێکی دیاریکراودا بە ئاسانیی هەڵسوکەوت بکات".

هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا هەنگاوگەلێک هەن پێویستە بگیرێنەبەر و، ڕایگەیاند: "هەنگاوگەلێک هەن پێویستە بگیرێنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی پەکەکە لەو ناوچانەی بەپێی دەستوور لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندی خۆیدان یان دروستتر بڵێم 'ناوچە جێ ناکۆکەکان' بەتایبەتیش شنگال".

فیدان ئەوەیشی خستەڕوو کە ناوچەی شنگال لەلایەن یەکەکانی حکوومەت و حەشدی شەعبیەوە دەورەدراوە و، ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە خاڵێکی دیاریکراودا بەند کراوە، هیواخوازم پەکەکە بە تەواوی لەو ناوچەیە نەمێنێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، تیشکی خستە سەر ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ڕێگەی هەستی دژە تورکیا سەودا بە خۆی دەکات بە ڕای گشتیی، ئەو وڵاتانەشی ڕێکخراوەکە زیانی ڕاستەقینەی پێگەیاندوون وڵاتانی دیکەی وەک عێراق و سووریان.

ڕاشیگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێز (محەمەد شیاع) سوودانی زۆر باش لەمە تێدەگات، لە ڕاستییدا ئیدی پێویستە عێراق ڕزگاری بێت لە قۆناغی نائاسایی، سەردەمانی شەڕ و پێکدادان، لەو وێنەی وڵاتێک کە گرووپی چەکدارە کۆنترۆڵنەکراوەکانی تێدایە. لە وڵاتێکدا کە ئەمە هەبوو ئێوە ناتوانن وەبەرهێنانی بۆ بهێنن، وەبەرهێنان لە ژێرخان و سەرخانیدا بکەن. بەڕێز سوودانی لە ڕاستییدا سەرکردەیەکی سیاسییە کە خوازیاری خزمەتکردنی وڵاتەکەیەتی و دەیەوێت کێشە درێژخایەنەکانی وڵاتەکە چارەسەر بکات".

فیدان باسی لەوە کرد کە کۆمەڵێک هەستیاریی لەو هاوکێشانەدا هەیە کە عێراقی تێیدایە و، بە شێوەیەکی گونجاو ئەوانەیان بەڕێوەبردووە، لەبەرئەوە پێویستە عێراق ئەو کێشە و برینانەی بەهۆی جەنگی ناوخۆ و داگیرکارییەوە دروستبوون ساڕێژ بکات و، هەرچی زووە بچێتە سەر ڕێچکەی خۆی.

گوتیشی: "ئێستا کاتێک ئەم چوارچێوەیەتان هێنایە ئاراوە، من پێموایە باشتر لە بیرۆکە و ئامانجی سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تێدەگەن کە تورکیا خستوویەتەڕوو. لەم خاڵەدا لەگەڵ عێراقییەکاندا کار دەکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا و سزاکانی کاتسا، فیدان باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هەر ئیدارەیەکی نوێدا لاپەڕەی نوێیان کردووەتەوە، بەڵام لە ئایندەدا دۆخەکە دەردەکەوێت.

ڕاشیگەیاند: "ئێمە بۆچوونمان لەبارەی کاتسا (CAATSA) دیارە، هەڵوێستێکە لە پەیوەندی هاوپەیمانیی ناوەشێتەوە. بەستنەوەی تورکیا بەو جۆرە سزایانە لەسەر بنەمای یاسایەک کە لە ئەمریکا دەرچووە لەگەڵ پەیوەندی هاوپەیمانییدا ناگونجێت. پێش هەموو شتێک پێویستە ئەمە هەڵبگیرێت. سەپاندنی سزا بەسەر یەکتردا لە نێوان دوو ئەندامی ناتۆدا دۆخێکە یەکانگیر نییە لەگەڵ ڕۆحی هاوپەیمانییدا".

سەبارەت بە بۆچوونی سەرکۆماری حكوومەتی ڕاگوزەری سووریا، ئەحمەد شەرع لە بارەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە، وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان ڕایگەیاند: "بینیم کە بەڕێز شەرع بۆچوونی زۆر ڕوونە. ئەم ڕوونیە لە ئاستێکدایە پێداویستییە ئەمنییەکانی تورکیا مسۆگەر دەکات".

گوتیشی: ''لە ڕۆژەڤی حکوومەتی سووریادا فیدراسیۆن یان بوچوونە هاوشێوەکانی ئۆتۆنۆمی بوونی نییە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان ڕاشیگەیاند: "دەوڵەتی سووریا لە پێناو دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی نەتەوەیی خۆیدا هەموو ئەو پەکەکەییانەی لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە هاتوون یان دەنێرێتەوە یاخود لەناویان دەبات".

فیدان باسی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرد و، ڕایگەیاند: "وەک دەستپێشخەریی ناوچەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هەنگاوگەلێک دەنێین بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان تورکیا، عێراق، سووریا و ئوردن".

لە بارەی هەوڵەکانیان بۆ تورکیای بێ تیرۆر، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "زۆر گرنگە بەبێ ئەوەی چاوەڕێی مۆڵەت لە کەس بکەین ئەم شەڕە تەنیا لە بەرژەوەندی وڵات و بە بڕیاری سەربەخۆی وڵات بکەین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، باسی لە لێدوانەکانی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی کرد و ڕایگەیاند: "پێموایە لێدوانەکانی بەڕێز باخچەلی بەڕاستی زۆر گرنگن بۆ دەرهێنانی بەڕە لە ژێر پێی تیرۆردا".

هەروەها سەبارەت بە پلانی ترەمپ لەبارەی غەززە، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "پرسی ڕاگواستن دۆخێکە نە ناوچەکە نە ئێمەیش بتوانین قبوڵی بکەین. تەنانەت بیرکردنەوەش لێی کات بەفیڕۆدانە. مشتومڕکردنیشی هەڵەیە".

گوتیشی: "دژی هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەین کە هەوڵ دەدەن گەلی غەززە خۆی لە هاوکێشەکە دوور بخەنەوە".

فیدان باسی لە سیستمی جیهانی کرد و ڕایگەیاند: "دەبینین جیهان بەرەو یاسای دارستان دەچێت، بەبێ ڕەچاوکردنی پێویستی کەسانی دیکە هەوڵی جێبەجێ کردنی فەلسەفەی 'دەیکەم چونکە بەهێزم'' دەدرێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی سەرکۆمار ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی یۆنان میچۆتاکیس کرد و، ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی یۆنان میچۆتاکیس و سەرکۆمار ئەردۆغان لە مانگی نیساندا لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی باڵای هاریکارییدا کۆدەبنەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın