Haydar Karaalp
26 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا - AA
هاوپەيمانى بينا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داواى "لەسەركارلادانى" بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرکۆماری عێراقى كرد.
لە روونكردنەوەيەكی هاوپەيمانى بينادا هاتووە: "سەرەڕاى ئەوەى گەورەترين كوتلەى پەرلەمانين و پارێزگارى بەسرە ئەسعەد عيدانى- مان بۆ پۆستى سەرۆكوەزيران دەستنيشان كردووە، بەڵام سەركۆمار بەرهەم ساڵح، ئەركى پێكهێنانى حكوومەتى پێنەسپاردوە و بەمەش دەستووری پێشێلكردوە".
لە روونكردنەوەكەدا، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە "رێككارە ياساييەكان بكرێت بۆ لەسەركارلادانى بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرکۆمار".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح داوای لێبوردنی کرد لە راسپاردنی کاندیدی هاوپەیمانی بینا، ئەسعەد عیدانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ دەست لەکار کێشانەوە خستە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ئەسعەد عیدانی سێیەم کاندیدە کە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە راسپاردنی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق رەت دەکرێتەوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران راسپاردنی هەریەک لە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد شەیاع سوودانی و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتی کاربەڕێکەر، قوسەی سوهەیل -یان بۆ پۆستی سەرۆکوەریزان رەت کردەوە.
بەهۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق و لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی سەرەتای ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە.
لە رۆژی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی-یهوه، بهپێی دهستوور پێویستبوو سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح لە ماوەی ١٥ رۆژدا کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو رابسپێرێت کە جگە لە رۆژانی پشوو، رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەو وادە دەستوورییە کۆتایی هات.