Zana Natık Kerem
26 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2018
مۆسكۆ ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند كە هەست بە نیگەرانی دەكەن لە هەمبەر هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ بەكارهێنانی هێز دژ بە رژێمی سووریا.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو هەڕەشانە پێچەوانەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە بۆ ئاگربەستی مرۆیی لە سووریا.
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی ریابكۆڤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمریكا بە دوای بیانوویەكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی سەرلەنوێ هێز لە سووریا بەكار بهێنێت".
لە بارەی لێدوانەكانی دژ بە سووریا و رووسیا لە واشنتۆن، سێرگی ریابكۆڤ گوتیشی: "سەرلەنوێ دەبیستین كە هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز بە پێچەوانەی یاسا دەكرێت و لە ئێستادا هەوڵدەدرێت بیانوویەك بۆ ئەو كارە بدۆزرێتەوە كە ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی ئەوەیە كە لە ناوەڕۆكی بڕیاری ٢٤٠١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە".
رۆژی شەممەی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە كۆی دەنگ، بڕیاری ٢٤٠١ی تایبەت بە ئاگربەستی مرۆیی لە سووریا پەسەند كرد كە تیایدا داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكات شەڕ و پێكدادانەكان بۆ ماوەی مانگێك لە سووریا رابگرن، هەروەها داوای هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر غوتەی رۆژهەڵات و ناوچەكانی دیكەی سووریا لە لایەن رژێمەوە دەكات.