Sarmand Hameed
14 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەواڵی چەند دەزگایەکی راگەیاندنی کوردی بەدرۆدەخاتەوە کە بەناوی محەمەد حەلبوسی بڵاوکراونەتەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ هەینی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی تێپەڕاند، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی نیگەرانی خۆی لەم هەنگاوە نیشاندا و لە پەیامێکدا رایگەیاند "جارێکی دیکە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی کوردستان دا و، بوودجە و رزقی خەڵکی کوردستانیان وەک کارتێک بۆ گوشارھێنان بۆ ھەرێمی کوردستان بەکار ھێنایەوە".
دوای ئەو پەیامەی مەسعود بارزانی، چەند دەزگایەکی راگەیاندنی کوردی هەواڵێکیان بەناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بڵاوکردەوە بەوەی ناوبراو وەڵامی بارزانی داوەتەوە و رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان خۆی هۆکاری دروستکردنی ئەو دۆخەیە کە دروست بووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمبارەیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە کە ئەو لێدوانانەی کە لە چەند دەزگایەکی راگەیاندنی کوردی دروانەتە پاڵ محەمەد حەلبوسی، دوورن لە راستییەوە.