Hemn Baban
27 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2015
بارزانی دەڵێت داعش جیاوازی لەنێوان هیچ ئاین و پێكهاتەیەك ناكات و لە كوێیەك بێت ئارامی و سەقامگیری لەوێ نابێت.
ئەمڕۆ سێشەمە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی كرد لەو عەرەبە ئازادكراوانەی كە كۆتایی هەفتەی رابردوو لە قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك لەلایەن هێزێكی تایبەتی ئەمریكا ناسراو بە "دەلتا" و هێزێكی دژە تیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ رزگاركردنی 69 دیلی ژێر دەستی داعش كە لە زیندانێكدا بوون لە نزیك ئەو قەزایە.
بارزانی بەخێرهاتنی ئازادكراوەكانی كرد كە سەرجەمییان لە عەرەبەكانی حەویجە بوون و بەشێكیشیان پێش دەستگیركردنییان لەلایەن داعشەوە لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق بوون، سەرۆكی هەرێم پیرۆزبایی ئازادبوونی ئەو دیلانە و سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكەشی كرد. هاوكات گیان لەدەستدانی سەربازێكی ئەمریكیشی لەو پڕۆسەیە بەرز نرخاند و گوتی مایەی رێزگرتنە.
بارزانی گوتیشی: "ئێوە زۆر كەسانی بە بەخت بوون كە رزگارتان بوو، بەڵام هێشتا چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتی لەلای داعش دیلن و نەتوانراوە رزگاربكرێن".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاش سوپاسكردنی هێزەكانی ئەمریكاش كە لەو كردەیە بەشدارییان كردبوو بە ئازادكراوەكانی گوت ئێوە بەهیچ شێوەیەك پەنجەیەكیشتان بەخوێن دا نەهاتووە و پێیگوتن كە ئەوان لە وڵاتی خۆیاندان و ئازادن و هەرچییەكیان پێویست بوو دەتوانن پێیان بڵێین، هەروەها ئەوەشی گوت كە داوا لە دامودەزگاكانی هەرێمیش كراوە لە كاروبارەكانییاندا ئاسانكارییان بۆ بكرێت.
سەرۆكی هەرێم لەدرێژەی قسەكانیدا باسی داعشی كرد و گوتی: "دیاردەیەی داعش بەهیچ شێوەیەك بوونی نەبووە پێشتر، داعش جیاوازی لەنێوان ئاین و مەزهەب و پێكهاتەكان ناكات، داعش لە هەركوێیەك بێت ژیانی ئارامی و سەقامگیری نابێت، بۆیە سەرەتای كارەكانمان بریتی دەبێت لە لەناوبردنی ئەو گرووپە و هاوپەیمانێتمان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی و بیانیش بۆ ئەو مەبەستە كردووە".
لەكۆتایی قسەكانیدا بارزانی لە ئامادەبووانی گوت كە دڵنیابن لەوەی هەموو ناوچەكانی ژێر دەستی داعش رزگاردەكرێنەوە، گوتیشی "لە داهاتوو ئۆپەراسیۆنی گەورەتر دەكرێت بۆ ئەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش دەربهێنرێن".
دواتر هەندێك لەوانەی ئازادكرابوون قسەیان كرد و سوپاسی هەرێمی كوردستان و خودی سەرۆكی هەرێم و حكوومەت و هەروەها ئەو هێزانەیان کرد کە رۆڵیان هەبوو لە ئازادکردنیان.