Abdullah Shukur
19 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، مەسرور بارزانی، لە پەراوێزی ئاھەنگی یەکەم خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دھۆک، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی کۆبووەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خۆشحاڵی خۆی بە بانگھێشتی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە ئاھەنگەکە دەربڕی و گوتی: "بینینی دۆستانمان لە ھەرێمی کوردستان بە دەرفەتێکی باش دەزانین، ھەست بە خۆشحاڵی دەکەم کاتێک دەبینم ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی بوارەکان پێشدەکەوێت".
حەلبووسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدای بە باش وەسف کرد و گوتی: "خوازیارین بگەینە زەمینەیەکی لەباری ھاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە ھیچ شێوەیەکیش رازی نین زیان بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بگات، ئەوەش بنەمایەکە و پێیەوە پابەندین".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەلبوسی ئاماژەی بە ھەندێک لێدوانی جیاواز کرد کە لە بارەی ھەرێمی کوردستانەوە دراون و رایگەیاند، ئەو لێدوانانە گوزارشت لە ھەڵوێستی فەرمی بەغدا ناکەن و دووپاتیشی کردەوە، ھیچ ھەڵوێستێکی سیاسیی نەرێنی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان نییە.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "ھیوادارین بگەینە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ تەواوی پرسە ناکۆکەکان و ئامادەین تەواوی کێشەکان بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکەین. سەرکەوتنی کوردستان، سەرکەوتنی ھەموو عێراقە، یەکلاکردنەوەی پرسە ناکۆکەکانیش لە بەرژەوەندی ھەموواندایە".
مەسرور بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە، کە پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، وەکو ھەرێمێکی چەسپاوی دەستووری بێت، دووپاتیشی لە گرنگی ھاوکاری ئەمنی نێوان ھەردوولا کردەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی داعش، کە تا ئێستاش ھەڕەشەن لە ھەندێک ناوچەی وڵات.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ھەماھەنگی باشی نێوان ھێزە عێراقییەکان و ھێزی پێشمەرگە کردەوە، بۆ لەناوبردنی پێگەکانی داعش کە لە ھەندێک ناوچەدا ماون.