Hawkar Yaseen
15 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2021
هەولێر AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە بارەگای تایبەتی خۆی لە پیرمام پێشوازی کرد لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆڤ کە بە مەبەستی خواحافیزی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی هەرێمی کوردستان کردبوو.
لە دیدارەکەدا کە کۆنسولی گشتیی رووسیا لە هەولێر، ئۆلێگ لێڤین ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
نووسینگەی راگەیاندی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەربارەی کۆبوونەوەکە رایانگەیاند "باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ستایشی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستانی کرد بە تایبەتی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری کە دەکرێ ببێتە نموونە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی".
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە "سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی رووسیای کرد بۆ رۆڵی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دوولایەنە، هیوای سەرکەوتنيشی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا، تیشکیشی خستە سەر پەیوەنديی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و برەودان بە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر".
راشیانگەیاندووە "هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون".