Rewa Mahmood Hasan
15 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2021
سلێمانی - AA
بەهۆی تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی ئاسن لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کرێکارێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.
کاتژمێر ٠٨:٣٠ی ئەمڕۆ ١٥ی ئابی ٢٠٢١، بەهۆی تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی ئاسن لە ناوچەی تانجەرۆ، چوار کرێکار برینداربوون و یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکان کە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، تەقینەوەکە لەکاتی کۆکردنەوەی کۆمەڵێک ئاسندابووە کە هەندێک گولـلەیان تێدابووە و بەمەبەستی بەکارهێنانەوەیان وەک ماددەی خاو کۆکراونەتەوە و لەکاتی هەڵگرتنیاندا تەقینەوەکە روویداوە.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پیشەسازی لە یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان، بەکر حسێن ئاماژەی بەوەدا کە تەقینەوەکە بەهۆی بەکارهێنانەوەی گولـلە و تەقەمەنی وەک ماددەی خاو-ەوە روویداوە و هۆکارەکەشی بۆ کەمتەرخەمی بەشی کارگێری کارگەکە دەگەڕێتەوە کە دەبوو کرێکارەکانی ئاگادار بکردایەتەوە.
ناوبراو گوتی: "بەهۆی رووداوەکەوە چوار کرێکاری بەڕەگەز عەرەب برینداربوون و یەکێکیان دواتر گیانی لەدەستداوە".