نەجەف
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نیکۆڵایمیلادینۆف دوای سەردانی مەرجەعی باڵای ئاینیی عەلی سیستانی لە شاری نەجەف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چاسەری کێشە ئەمنیەکانی عێراق لەڕێی پلانێکی ھەرێمییەوە دەبێ، ئەویش بەبەشداریی ھاوسێکانی عێراق لە بەگژاچوونەوەی تیرۆ و توندوتیژیدا.
نیکۆڵای میلادینۆف لەو سەردانەیدا لەگەڵ سیستانی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی عێراق و بەتایبەت ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکە و ھەلومەرجی ھەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کرد.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کرد، دۆخی ئەمنیی عێراق تا رادەیەکی زۆر دەکەوێتە ژێر کاریگەری دۆخی سوریا و ئاماژەی بەوەدا، دۆخی سوریا ئێستا بەرەو ئاراستەی دروست ھەنگاو دەنێ.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا مەرجەعیەت جەختی لە پێویستیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کردووە، بۆیە پێویستە سەرکردە سیاسیەکانیش بە خاڵەکانی بەڵگەنامەی ئاشتیی کۆمەڵایەتیەوە پابەند بن کە لە ١٩ی ئەیلولی رابردوو ئیمزایان کرد.
نیکۆڵای میلادینۆف گوتی "دۆخی ئەمنی تەنیا بە ھێزی ئەمنی چارەسەر ناکرێ، بەڵکو پێویستە لەگەڵیدا کێشە کۆمەڵایەتیەکانی وڵات چارەسەر بکرێن و رێز لە مافی ھەموو پێکھاتەکان بگیرێ، بە کەمایەتیەکانیشەوە."
ئەو بەرپرسەی یوئێن لە سەردانەکەیدا سەری لە گۆڕی ئیمام عەلی-یش دا، ھەروەھا سەری دا لە مەرجەعی گەورەی ئاینی محەمەد سەعید ئەلحەکیم و سەرۆکی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر و مەرجەعی ئاینی محەمەد یەعقوبی.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا داوای لە سەرکردە عێراقیەکان کرد خۆیان لە لێدوانی گرژ لە میدیاکاندا بێنن و پێکەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنی بدەن.